کوردستانی
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆكان بڕیاریدا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ پارێزگاری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی جێبەجێکردنی یاسای بەخاوەنکردنی زەوییە زێدەڕۆکانی کرد، بڕیاردرا دەست بە جێبەجێکردنی یاسای بەخاوەنكردنی زەوییە زێدەڕۆكان بکرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بۆ تاوتوێکردنی بەزوویی جێبەجێکردنی یاسای بەخاوەنكردنی زەوییە زێدەڕۆكان لەگەڵ فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر کۆبووەوە و بۆ هەمان مەبەستیش لەڕێی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ هەریەکە لە هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی و فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک و ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە گفتوگۆیان کرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ پارێزێگاکانی هەرێمی کوردستان رێکار و میكانیزمەكانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی 3ی ساڵی 2019ی تایبەت بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکان زیدەڕۆییان كراوەتە سەر، بە وردیی باس کرد و جەختی كردەوە "هەرچی زووە رێكارەكان بگیرێنە بەر بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییاندا و پێویستە هەموو هەماهەنگییەك هەبێت و بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبن".
وێڕای بەخاوەنكردنی زەوییە زێدەڕۆكان، پێشتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند "حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی ئەو خانووە زێدەڕۆیانە تاپۆ دەكات كە لەپێش مانگی ئاداری ساڵی 2018 لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی زێدەڕۆ دروستكراون و هەروەها پڕۆسەی تاپۆكردنی زەوییە كارتەكانیش چەندین لیژنەیان بۆ پێكهێنراوە بۆ ئەوەی بەزووترین كات تاپۆ بكرێن".