راپۆرت

مامەڵەی کابینەی نۆیەم بەرانبەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان

مەودا میدیا - سلێمانی |


مامەڵەی کابینەی نۆیەم بەرانبەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان
 ئینستتیوتی نارین- هێمن سەعید

١٦ی ئایار، بەشێك لە هاوڵاتیان و فەرمانبەران و مامۆستایانی شاری دهۆك، خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا بۆ داواكردنی مووچەكانیان. ئەگەرچی خۆپیشاندانەكە بەشێوەیەكی ئاشتییانە بەڕێوەچوو، بەڵام دەسەڵات نەک هەر خۆپیشاندانەكەی سەركوت كرد، بەڵکو بەشێك لە نوێنەران و بەشدارانیشی دەستگیر كرد. فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆك، خۆپیشاندەرانی بە ئاژاوەگێڕ ناوبرد و چەند لایەنێكیشی تۆمەتبار كرد بە دەست خستنە ناو خۆپیشاندانەكە؛ بۆ تێكدانی ئارامیی شارەكە.

پاش چەند رۆژێك لە خۆپیشاندانەكەی دهۆك، لە سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری، بەشێك لە كاسبكاران و هاوڵاتیان، بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، دژی داخستنی دوكانەكانیان چوونە سەر شەقام و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی حكومەتیان كرد. ئەگەرچی لە سەرەتادا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە رێگەی دەركردنی بەیاننامەیەك؛ داواكەی هاوڵاتیانیان بە رەوا لەقەڵەمدا و داوایان  لە حكومەت كرد رەچاوی باری ئابووریی خەڵک بكات و داواشیان لە هێزە ئەمنییەكان كرد گیانی خۆپیشاندەران بپارێزن، بەڵام سەرئەنجام خۆپیشاندانەكەدا گرژی و ئاڵۆزیی لێكەوتەوە و هێزە ئەمنییەكان بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد و بە تەقەكردن كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكە هێنا.

د.نەزاكەت حسێن، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی راگەیاندن، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "خۆپیشاندان سیمبولێكی كۆمەڵگەی دیموكراتی و مۆدێرن و ئازادە، خەڵكی مافی رەوای خۆیانە بۆ وەرگرتن یان داواكردنی مافی خۆیان؛ خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و هەموو گروپ و دەستەیەك ئەو مافەی هەیە بچێتە سەرشەقام و داوای مافی خۆی بكات. لە هەرێمی كوردستان ئەگەرچی خۆپیشاندانەكان لە سەرەتادا سروشتین و لەلایەن هاوڵاتییانەوە بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەلایەن گروپ و تاقمێكی دیكەوە بە ئاقارێكی دیكەدا دەبرێت و تێكدەچێت، یاخود لەلایەن دەزگا میدیاییەكانەوە دەشێوێنرێت و بە ئاڕاستەیەكی دیكەدا دەبرێت، وایلێهاتووە خەڵك و حیزب و دەسەڵات بە گومانەوە لە خۆپیشاندان دەڕوانن. هەرچەند داوای خەڵك رەوا بێت، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی لایەنەكانی دیكە و تەوزیفكردنی میدیا بە دیوێكی دیكەدا، خواستەكەی ئەوانیش بزر دەبێت و دەشێوێت و لە كۆتاییشدا سەردەكێشێت بۆ پشێوی و ئاڵۆزیی".

ئاشكرایە لە هەرێمی كوردستان، خۆپیشاندان بە یاسا رێكخراوە، بەڵام نە دەسەڵات رێگا دەدات خەڵك بە خۆپیشاندان گوزارشت لە مافەكانی خۆیان بكەن و نە خەڵكیش بەهۆی حیزب و گروپ و لایەنەكانی دیكەوە؛ بە ئارامیی دەتوانن داوای مافە رەواكانی خۆیان بكەن.

كاوە عەبدولقادر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئینستتیوتی نارین وتی: "خۆپیشاندانەكانی دهۆك و سلێمانی سەلماندی دەسەڵات خەڵك بە دوژمنی خۆی دەزانێت و قبوڵی نییە كەس بچێتە سەر شەقام داوای مافی رەوای خۆی بكات، تەنانەت بۆ ناشرینكردن و بەلاڕێدابردنی هەر گردبوونەوەیەك؛ یەكێتی و پارتی، چەند لایەنێك تۆمەتبار دەكەن وەك فیتنە و ئاژاوەگێڕ، كە ئەوە هیچ راستییەکی تێدا نییە".

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "خەڵك مافی رەوای خۆیەتی داوای مافەكانی خۆی بكات، بەڵام بەشێوەی ئاشتییانە، لە رووی یاساییشەوە حكومەت و پەرلەمان رێگەی پێداوە، دەبێت لەلایەن حكومەتەوە رێزیان لێبگرێت و گیانیشیان پارێزراو بێت".

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، ئەوەشی وت: "ئێمە وەك ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ ئەوەداین لە هەموو شوێنێكی كوردستان خەڵك بەئازادانە گوزارشت لە را و بۆچوونی خۆیان بكەن و كەس زیندانیی نەكرێت و توندوتیژیی بەرانبەر نەكرێت. دەبێت شێوازی عەقڵیەتی حوكمڕانیكردن بگۆڕدرێت و حكومەت و پەرلەمان ئاگایان لە گرفت و خواستەکانی هاوڵاتییان بێت و لێیان تێبگەن و بەدەمیانەوە بچن".
ئەگەرچی مافی ئازادیی را دەربڕین و گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستاندا، بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتەوە لەژێر  مەترسیی هەڕەشە و توندوتیژیدا بووە، بەڵام لەدوای ساڵی 2009وە چەند هەنگاوێك چووەتە پێشەوە، ئێستا وەك پێشتر لەسەر نووسین؛ رۆژنامەنووس ناكوژرێت و ناڕفێنرێت، بەڵام تووشی هەڕەشە و لێدان دەبنەوە، بەتایبەتی لە كاتی بەشداریكردن بۆ رووماڵكردنی خۆپیشاندانەكان.

لەوبارەیەوە، دكتۆرە نەزاكەت وتی "هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە نە رۆژنامەنووسان دەزانن مافی خۆیان چییە و چۆن هەڵسوكەوت بكەن لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا، نە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانیش دەزانن چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەراندا بكەن".

خەڵەف غەفور، سەرنووسەری ماڵپەڕی مەودا میدیا بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "مامەڵەی نادروستی حكومەت لەگەڵ خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان، دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵیەتی حوكمڕانیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ھیچ حکومەتێک لەوانەی لە بەشی زۆری وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست حوکم دەکەن، داوا و فشاری ھاوڵاتییان بۆ داواکردنی مافەکانیان ئاسایی وەرناگرن، ماوە و مەودا دەدات، بەڵام گوێگری تەواوەتی نییە لە دەنگی ناڕەزایی ھاوڵاتییان. حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش شێوەیەکی حوکمڕانیی لەو جۆرەیە، ماوە و شێوازی تەسکی بۆ ناڕەزایەتی ھاوڵاتییان رەخساندووە، دەنگی زوڵاڵ بۆ وەرگرتنەوەی مافەکان ناودەنێ ژاوەژاوی سیاسی، پێویستیشی بە دەنگی سنووردار ھەیە بۆ ئەوەی بڵێین بڕوای بە ئازادیی رادەربڕین ھەیە. ئەمە ئەگەر بەراوردی بکەی بە دەوڵەتانی دەوروبەر خراپ نییە، بەڵام لەگەڵ بنەماکانی ئازادی و دیموکراسیی، زۆر تەبا نییە".

ئەو رۆژنامەنووسە، ئاماژەی بەوەشكرد "ئەم کابینەیە گەلێک توندترە لە كابینەكانی پێش خۆی، بۆ خەڵک یاسایان دەوێ، بەڵام بۆ خۆیان نا. رۆژنامەنووس زیندانی دەکەن و پارێزبەندیی لە پەرلەمانتاران وەردەگرنەوە، بەڵام گەندەڵەکان نادەنە دادگا. ئەم حکومەتە؛ بێ دەربەستە بەرانبەر خەڵکەکەی، ئەگەر وا بەردەوام بێ، تەمەنی وەکو وەرزی بەھاری گەرمیان کورت دەبێت".

هەر تایبەت بە مامەڵەی ئەم كابینەیە سەبارەت بە ئازادیی بیروڕا و مافی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان رەگەز كەمال، هاوڕێکخەری رێکخراوی ۱۷ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "ئەم کابینەیە، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە دەیان پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنووسان و چالاکوانان؛ هەر لە هەڕەشەی بێدەنگکردنەوە تا دەستگیرکردن و زیندانیکردن ئەنجامداوە".

هەروەها وتیشی "هۆكاری ئەوە؛ بۆ هاتنە پێشەوەی دوو ئایکۆنی پارتی و یەکێتی دەگەڕێتەوە کە لەماوەی رابردوودا بەرپرسی باڵا بوون لەناو دەزگا ئەمنییەکانی هەردوو زۆنی سەوز و زەرد، کە بێگومان گواستنەوەی دەسەڵات لە هێزێکی ئەمنییەوە بۆ دامودەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت، هەر ئەوەی لێ چاوەڕێ دەکرێت کە دەیبینین لە هەوڵەکانیان بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی رادەربڕین و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان".

*ئەم راپۆرتە لەلایەن هێمن سەعید، توێژەر لە ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوكردنەوە ئامادەكراوە.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان