راپۆرت

توێژینەوەیەك: كۆرۆنا هەژارەكانی هەژارتر كرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


توێژینەوەیەك: كۆرۆنا هەژارەكانی هەژارتر كرد
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

رەنگە زیانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەمزووانە كۆتاییان نەیەت، هەر بەوەشەوە نەوەستاوە كە ژیانی سەدان هەزار كەسی لە جیهان كۆتایی پێهێناوە و ملیۆنانیشی تووشكردووە جگە لە رەنگدانەوەی زیانە ئابورییەكانی بە گشتی، لە هەموو كەس زیاتر زیانی بە هەژاران گەیاندووە، زیانەكەش تەنها ئەوەندە نییە كە دەستكەوتنی چارەسەر بۆ ئەوان زەحمەتە، بەڵكو زیانی لە قوتی رۆژانەیان داوە و ئەوەندەی تر هەژاری كردوون.

نزیكەی 400 ملیۆن كەس كە خۆیان هەژار بوون ئەوەندەی تر كەوتوونەتە دۆخی هەژاری 
بەپێی راپۆرتێك كە ئەمرۆ هەینی لەلایەن پەیمانگەی جیهانی بۆ توێژینەوەی گەشەسەندنی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بڵاویكردووەتەوە: دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان، نزیكەی 400 ملیۆن كەس كە خۆیان هەژار بوون ئەوەندەی تر كەوتوونەتە دۆخی هەژاری و برسێتییەكی كوشندەوە، بەوەش ژمارەی ئەو كەسانەی لە جیهان كە ئێستا لە دۆخی هەژاری كوشندەدان گەیشتووەتە زیاتر لە ملیارێك و 100 ملیۆن كەس.

ئەو توێژەرانە ئاماژەیان بەوەشكردووە: ئەو كەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیاتر هەژاربوون ئاستی بژێوییان گەیشتووەتە كەمتر لە دوو دۆلاری رۆژانە كە ژیانی ئەوانیش هاوشێوەی زیاتر لە ملیارێك كەسی دیكەی جیهانی لێهاتووە.

ئەگەر دۆخی كۆرۆنا بەمشێوەیە بەردەوام بێت، پێدەچێت رێژەی هەژاری كوشندە بەرزببێتەوە
هەر بەپێی ئەو راپۆرتە، كۆڤید 19 وایكردووە ئەو نزیكەی 400 ملیۆن كەسە لە داهاتی رۆژانەی پێنج دۆلار و نیوەوە ئاستی بژێوییان بگاتە كەمتر لە دوو دۆلار، لە خراپترین سیناریۆشدا كە ئەو پەیمانگەیە ئاماژەی پێداوە، ئەگەر دۆخی كۆرۆنا بەمشێوەیە لە جیهان بەردەوام بێت، پێدەچێت رێژەی هەژاری كوشندە لە جیهان بەرزببێتەوە بۆ زیاتر لە ملیارێك و 120 ملیۆن كەس و ئاستی داهاتیشیان %20 ی دیكە نزم بێتەوە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر ئەو كەسانەی داهاتی رۆژانەیان لە پێنج دۆلار زیاترە و لە وڵاتە مامناوەندەكاندا دەژین زیاتر داهاتیان دابەزێت، پێدەچێت رێژەی ئەو كەسانەی دەچنە ژێر هێڵی هەژارییەوە بگاتە سێ ملیار و 700 ملیۆن كەس كە ئەمەش نزیك دەبێتەوە لە نیوەی دانیشتوانی جیهان.

دابەشبوونی جوگرافی هەژاری لە جیهان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە
لەلایەكی دیكەوە توێژەرانی زانكۆكانی "كینز كۆلێدج لەندەن" و "زانكۆی نیشتیمانی ئوستورالیا" دركیان بەوەكردووە دابەشبوونی جوگرافی هەژاری لە جیهان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەو ناوچانەش كە پێدەچێت رووبەڕووی هەژاری زیاتر ببنەوە باشوری ئاسیایە، بەتایبەتیش هیند، هەروەها لە ئەفریقیاش بیابانی باشوری ئەفریقیا بەهۆی وشكەساڵییەوە دانیشتوانەكەی زیاتر تووشی هەژاری و برسێتی دەبنەوە.

پێشتریش بانكی نێودەوڵەتی جیهان پێشبینی ئەوەی كردبوو، لەنێوان 70 بۆ 100 ملیۆن كەس لە جیهان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیرۆدەی هەژاری كوشندە ببن. 

Qaiwan
Qaiwan