راپۆرت

گۆڕان دوا هۆشداری داوە بە گوێی پارتیدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


گۆڕان دوا هۆشداری داوە بە گوێی پارتیدا
مەودا میدیا-

هۆكاری سەرەكی بەشداریكردنی بزووتنەوەی گۆڕان، چاكسازی بوو لە هەرێمی كوردستان و ئەو ژمارە زۆرەی مووچەخۆر كە بە وتەی خۆیان بندیوارن و پێویستە حكومەتی كابینەی نۆیەم لایان ببات و چاكسازیش لە مووچەی پلە باڵاكان و خانەنشیان بكات.

لە ماوەی 11 مانگی تەمەنی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات و بزووتنەوەی گۆڕانیش بە ئومێدێكی زۆرەوە، دوای دەركردنیان لە كابینەی هەشتم لە حكومەت و پەرلەمان و ناردنەوەی یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمان بۆ سلێمانی، بەشداریان لە كابینەكەی مەسرور كرد و چەندینجار رایانگەیاندووە، هۆكاری بەشداریكردنیان چاكسازی و دەركردن و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییە.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم رایگەیاند "ئەگەر لە سێ مانگی تەمەنی كابینەكە چاكسازی نەكرا، ئەوا رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان جگە لە درۆییەك هیچی تر نەبووە".

تاكە هیوای گۆڕان چاكسازی بووە لەو كابینەیە، بۆ ئەوەی سبەی بە میللەت بڵێ "بەڵێ، ئێمە بەشداریمان كرد لە پێناو چاكسازی لە مووچەی فەرمانبەران و رێكخستنەوەی بەشێوەیەك كە مووچەی كەسانی ناشایستە ببڕدرێت و مووچەی فەرمانبەرانی كەسی شایستەی پێ دابەش بكرێت، بەڵام لە ئێستادا دۆخێكی خراپی دارایی دروست بووە و تەنانەت ئەندام پەرلەمانەكانی  بزووتنەوەی گۆڕان و هەڵسوڕاو و لایەنگرانیشیان باس لەوە دەكەن، هیچ مانایەك بۆ مانەوەی گۆڕان لە ناو حكومەت نەماوە بەو شێوەیە ئێستا، چونكە لە ماوەی سێ مانگدا تەنها یەك مووچەی فەرمانبەران دابەش كراوە".

لە ماوەی یانزە مانگی رابردوو كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم، زیاتر لە سێ جار بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی كۆبوونەتەوە، ئامانجی كۆبوونەوەكەی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی بۆ گفتوگۆ بووە لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكان و خاڵەكانی ناو رێككەوتنەكەیان، بە تایبەتی یاسای چاكسازی، چونكە بزووتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا زۆرترین قسەو چاوی لەسەرە، چۆن دوای دەركردنیان لە كابینەی پێشوو، جارێكی تر لەگەڵ پارتی رێككەوتونەتەوە و بەشداری حكومەتیان كردووە، چونكە لە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2013، گۆڕان 12 كورسی پەرلەمانی له دەستداوە و بەڕای چاودێران، هەڵوێستی گۆڕان بەو شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ژمارەی كورسییەكانی بۆ خوار 10 كورسی دادەبەزێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست مەودا میدیا كەوتووە "بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامی ئەو دۆخەی كە دروست بووە و جێبەجێنەكردنی یاسای چاكسازی دوای 11 مانگی حوكمڕانی كابینەكەی مەسرور، داویین هۆشداری داوەتەوە گوێی پارتی و داوای كردووە هەرچی زووە چاكسازی خێرا و بەپەلە ئەنجام بدات".

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دوێنێ شەممە، پۆستێكی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پۆستێكی كردووە و نوسیویەتی "بڕیارە 1ی تەمموزى 2020، یاسای چاکسازی بچێتە بواری جێبەجێکردن، پرسیار و گومان ئەوەیە ئایا دەست بۆ ئەمانە دەبرێت، كە مەبەستی ئەو مووچە خۆرە نایاساییانەیە كە ساڵانێكە بونەتە بارگرانی بەسەر حكومەت و داهاتی هەرێم".

پۆستەكەی عەلی حەمە ساڵح، زانیارییەكانی مەودا میدیای پشت ڕاست كردووەتەوە كە بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەری كشانەوەی داوە بە گوێی پارتیدا.

لە لایەكی ترەوە، هەڵوێستەكانی فراكسیۆنی گۆڕان و لاوازی ئەداو كاریان لەم خولەی پەرلەمان، بەهۆی رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی، كاریگەری لەسەر شەقام دروستكردووە و هاوڵاتیان چیتر بزووتنەوەی گۆڕان بەو بزووتنەوەیە نابینن كە پێشتر داكۆكی لە ژیانی هاوڵاتیان دەكرد، تەنیا لە یەك پرسدا ئەویش كاتێك باس لە وەرگرتنەوەی پارێزبەندی كرا لە سۆران عومەر، فراكسیۆنی گۆڕان هاتە دەرەوەی پەرلەمان، ئەویش دوای هەستكردنیان بەوەی كە چیتر لایەنگرانیان لێیان قەبوڵ ناكەن بەو جۆرە لەگەڵ پارتی بەردەوامبن.

پێشتریش سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە مەودا میدیای راگەیاندبووە "شتێك نەماوە بە ناوی پەرلەمان" ئەوەش لە دوای ئەوە هات كە ململانێی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی بووەتە هۆی پەكخستنی پەرلەمان و هەموو ئومێدی بزووتنەوەكەش لە پەرلەمان بوو بۆ ئەوەی یاسای چاكسازی جێبەجێ بكرێت.

ماوەتەوە سەر ئەوەی بڵێین، ئایا ئەگەر لە دوای مانگی تەمموز، چاكسازی راستی لە مووچەخۆران و لابردنی مووچەی بندیوار و كەسی شایستە نەكرا، بزووتنەوەی گۆڕان جارێكی تر دەگەڕێتەوە بەرەی گەل و رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی هەڵدەوەشێنێتەوە؟.

لە ماوەی رابردووشدا پەیوەندییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی بە ئاراستەی باشبوون هەنگاو دەنێن و چەندجارێك كۆبوونەتەوە، لە ئێستاشدا كار بۆ پرسی لامەركەزی دەكەن و یەكێتی تەواوی پشتوانی خۆی بۆ لامەركەزی نیشانداوە و سەرۆكی لیژنەی پرس لامەركەزی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕانە.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان