راپۆرت

هێرشەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر كوردستان و هەڵوێستی كورد بەرانبەری

مەودا میدیا - سلێمانی |


هێرشەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر كوردستان و هەڵوێستی كورد بەرانبەری
ئینستتیوتی نارین- هێمن سەعید

لە 17ی ئەم مانگە، بە بیانووی هێرشكردنە سەر هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، سوپای تورکیا دەستیكرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و تا ئێستاش درێژەی هەیە. لەو لاشەوە حكومەتی ئێران بە بیانووی تێكدانی ئارامیی وڵاتەكەی لەلایەن چەند هێزیكی ئۆپۆزیسیۆنی كوردییەوە، هێزەكانی لەسەر سنووری حاجی ئۆمەران كۆكردووەتەوە و دەستیكردووە بە تۆپبارانی چەند ناوچەیەك. 

ئەگەرچی هەردوولا لە یەك كاتدا و بۆ یەك مەبەست هێرشەكانیان دەستپێكردووە، بەڵام ئەو هێرشانە بوونەتە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر خاك و دانیشتوانی ئەو ناوچانە و شكاندنی سنوور و شكۆ و سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان كە هاوكات بەشێكیشە لە خاكی عیراق.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری كورد، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "ئەگەرچی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە رووی زارەكییەوە بۆ دژایەتیكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا ئامانجی حكومەتی توركیا بۆ سڕینەوە و قڕكردنی كوردە لە رووی فكری و جەستەیی و كولتوورییەوە". هەروەها وتیشی "حكومەتی توركیا لەلایەن ئەمەریكا و رووسیاوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكراوە".

هێرشەكانی ئەم جارەی ئەو دوو وڵاتە؛ جیاواز لە جارەكانی پێشوو، هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران پێكەوە و لە یەك كاتدا دەستیان بە هێرشەكانیان كردووە بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، ئەوەش مەترسییەكی گەورەی لای دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دروستكردووە. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا؛ حكومەت و لایەنە حیزبییەكان وەك پێویست كاردانەوەیان نییە لە بەرانبەر ئەو هێرشانە و هەوڵێكی جدی نییە بۆ رێگریكردن لە سوپای داگیركەر. هەروەها ئەگەرچی لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عیراق و سەروەرییەكەی پێشێل كراوە، بەڵام تا ئێستا حكومەتی عیراق نەیتوانیوە رێگریی لەو هێرشانە بكات.

د.فایەق گوڵپی، سیاسەتمەداری كورد، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "ئەو هێرشانەی حكومەتی توركیا و ئێران بەپێی رێکكەوتنێك بووە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە، چونكە رۆژێك پێش هێرشەكانیان؛ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە توركیا بوو، دیارە مەبەستیش لەو هێرشانە لە لایەك بۆ بێ ئیرادەكردنی كورد و تەسلیمبوونیەتی بە سیاسەتەكانی خۆیان. لە لایەكی دیكەوە بۆ لاوازكردنی پێگەی حكومەتی عیراقە لە ناوخۆدا، چونكە عیراقی سەردەمی كازمی، زیاتر لە ئەمەریكاوە نزیكە و ئەوانیش، بەتایبەت ئێران، ئەوەیان پێ خۆش نییە، هەر بۆیە بینیمان لە یەك كاتدا تۆپبارانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و حاجی ئۆمەران دەستیپێكرد، كە ئەوەش واتە یەك بڕیارە، بەڵام لە دوو شوێنی جیاواز جێبەجێ دەكرێت".

"ئەگەرچی ئێرانییەكان رایانگەیاندووە كە هیچ رێكکەوتنێكیان لەگەڵ توركیا نییە بۆ هێرشەكانیان، بەڵام لە رووی مەعنەوییەوە تۆپبارانەكانی ئێران بۆخۆی پاڵپشتییەكی بەهێزە بۆ هێرشەكەی توركیا." لەمیانەی گفتۆگەكەی لەگەڵ نارین، پێنجوێنی ئەوەی پێ راگەیاندین.

وتیشی "رێگەچارە ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمیی هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت و ئیدانەی بكات، هەروەها رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان ئاگادار بكاتەوە كە سنووری هەرێمی كوردستان بەزێندراوە و سەروەریی و  شكۆی حكومەت پێشێل كراوە. هەروەها لایەنە كوردییەكانیش پێویستە هەڵویستیان هەبێت و رێگە بە خۆپیشاندەران بدەن بچنە سەر شەقام بۆ ئیدانەكردنی ئەو داگیركارییە".

گەیلان عەباس، توێژەر لە کاروباری سیاسی تورکیا، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "حکومەتی هەرێم دەتوانێت بە فەرمیی داوا بکات لە تورکیا کە خاکەکەی چۆڵ بکات، یاخود خاکی هەرێم بەکار نەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە. ئەوەش پشتبەست بە بڕیاری ژمارە 38ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا لەسەر خاکی باشووری کوردستان، یاخود پابەندبوون بەو بڕیارە 11 خاڵییەی لە 15ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کە زۆرێک لە پەرلەمانتاران داوای دەرکردنی سوپای تورکیان کرد لەسەر خاکی باشووری کوردستان، هەرچەندە تا ئێستا حکومەت بەدەم جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەوە نەچووە".

هەروەها وتیشی "لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر تورکیا بە پاساوی بەردەوامیی هەڕەشەکانی پەکەکە دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی؛ ئامادە نەبوو مل بۆ حکومەتی عیراقیش بدات، ئەوکات عیراق دەتوانێت پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ببات بۆ فشار خستنە سەر تورکیا".

لە ئێستادا هێزەكانی توركیا لە زیاتر لە 17 وڵاتی هەرێمیدا بوونیان هەیە و ئاشكرایە پەیڕەوی سیاسەتێكی فراوانخوازیی نوێ دەكات، كە ئامانج لێی گەڕانەوەی خەلافەتە بەشێوەیەكی مۆدێرن بەناوی(میساقی میللی) كە هەریەكە لە ویلایەتی موسڵ و حەلەب، لە نێو ئەو نەخشەیەدایە كە ئەردۆغان و سەركردەكانی دیكەی توركیا  بەشێوەیەكی فەرمی لە میدیاكان و كۆبوونەوەكاندا نایشارنەوە و باسی لێوە دەكەن. بە هۆی ئەو سیاسەتەشەوە لەسەر ئاستی هەرێمیی تووشی گرفت و دوژمنایەتیی زۆر بووەتەوە. 

لە میانەی گفتوگۆكەیدا لەگەڵ نارین، د.فایەق رایگەیاند "توركیا كێشەی هەرێمیی زۆری هەیە، ئەگەر واز لەو سیاسەتە شۆڤێنی و رەگەزپەرستییە نەهێنێت و سنوورێكی بۆ دادەنرێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا كێشەی قووڵی هەیە، بەتایبەت لەگەڵ فەڕەنسا و یۆنان، هەروەها لەگەڵ رووسیا لەسەر لیبیا و سوریا ناكۆكیی گەورەی هەیە، لەسەر ئاستیی هەرێمیش لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل كێشەی زۆری هەیە. پێدەچێت لە ماوەیەكی نزیكدا ئەردۆگان بە هۆی ئەو سیاسەتە رەگەزپەرستی و شۆڤێنییانەی گرتوویەتییەبەر؛ هەمان چارەنووسی سەدام حسێنی هەبێت و كۆتایی پێبێت".

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان