جیهانی

ئەمەریكا چەكی نەوەی پێنجەم دەفرۆشێتە ئیمارات و ئیسرائیلیش ناڕازییە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمەریكا چەكی نەوەی پێنجەم دەفرۆشێتە ئیمارات و ئیسرائیلیش ناڕازییە
ئینستتیوتی نارین، مەودا میدیا- هێمن سەعید

رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی رایگەیاند "ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا، دانوستانەكانی لەگەڵ ئیمارات بۆ فرۆشتنی نەوەی پێنجەمی فڕۆكەی جەنگی لە جۆری  ئێف 35 و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی پێشكەوتوو بەو وڵاتە خێراتر كردووە".

رۆژنامەكە ئەوەشی راگەیاندووە "بەرپرسانی ئیدارەكەی ترەمپ، لە چەند هەفتەی رابردوو زانیاریی نهێنییان داوە بە سوپای ئیمارات دەربارەی فڕۆكەی نوێی ئێف 35". هەر بەگوێرەی سەرچاوەكە ئەو هەنگاوەی ئیدارەكەی ترەمپ، گومانی لای نوێنەرانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی دروستكردووە كە ئەنجامدانی ئەو كارە شیاوبێت پێش ئەنجامدانی گرێبەست".

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە "گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگی ئەمەریكی پێشكەوتوو و وفڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، یەكێك نییە لە مەرجەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل"، نیویۆرك تایمز دەڵێت "خستنە سەر رێگەی رێككەوتنەكە بەو هەنگاوە دیپلۆماسیانە دەجوڵێنرێت".

بەپێی سەرچاوە ئەمەریكییەكە "ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا رازی نابێت بە فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆكە جەنگیانە بە ئیمارات مەگەر ئیسرائیل رازی بێت، تایمز ئەوەشی باسكردووە "بەم دواییانە دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەكرد، كە ئیمارات گرنگی دەدات بە كڕینی ژمارەیەكی زۆر لە شەڕكەری نەوەی پێنجەمی ئێف 35 لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئیدارەی ئەمەریكاش لێكۆڵینەوە لەو ئەگەرە دەكات و رایگەیاند "ئەو بابەتە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، بەڵام ئیماراتییەكان هەنگاوێكی گەورەیان ناوە بۆ پرسی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند "رێككەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا هیچ بڕگەیەكی لەو جۆرەی تیادا نییە كە دەوڵەتی عیبری (ئیسرائیل) رازی بێت بە گرێبەستی فرۆشتنی چەكی پێشكەوتووی ئەمەریكی بە ئیمارات".

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل ئەوەی روونكردووەتەوە "بەردەوام چاودێریی پاراستنی نرخی جۆریی سەربازی و تەكنەلۆژی دەكات لە ناوچەكە".

هەر بەپێی سەرچاوەكە "نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی، بنیامین نەتانیاهۆ بەتوندی دژی فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 35 و جۆرەكانی دیكەیە لە چەكی نوێ بۆ هەر دەوڵەتێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ ئیسرائیل، تەنانەت بەو دەوڵەتە عەرەبیەشەوە كە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت".

پێشتر رۆژنامەی (یەدیۆس ئەهرۆنۆس)ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە "واشنتۆن بەنیازە فڕۆكەی ئێف 35 و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی پێشكەوتوو بە ئیمارات بفرۆشێت بەپێی بەندێكی نهێنی لە رێككەوتنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات".

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan