راپۆرت

هەرێم و بەغدا ئامادەی رێككەوتنن... وردەكاری لەبارەی ئەو شاندەی هەرێم ناردوویەتیە بەغدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەرێم و بەغدا ئامادەی رێككەوتنن... وردەكاری لەبارەی ئەو شاندەی هەرێم ناردوویەتیە بەغدا
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدان و ئەمڕۆ 31-08-2020 گفتوگۆیان لەبارەی بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عیراق  دەستپێكردووە، شاندەكەش لە وەزارەتەكانی پلاندانان و دارایی پێكهاتوون، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت چوونی شاندی ئەمجارە زۆر گرنگە بۆ هەرێم، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتیش ئاماژە بەوەدەكات حكومەتی هەرێم تەنیا %50 ی داهاتی خاڵە سنورییەكان دەداتە بەغدا.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو وەفدەی ئێستا لەبەغدان پێكهاتوون لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پلاندانان بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر چۆنیەتی داڕشتنی بودجەی 2021 لەگەڵ وەزارەتی دارایی و پلاندانانی عیراق، وتیشی جارێ سەردانی شاندەكەی دیكەی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا دیار نییە و تائێستاش بڕیار نەدراوە".

داهاتی نەوتی و داهاتی نانەوتی و داهاتی ناوخۆ هەمووی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت
وتیشی  " بەپێی ئەو رێككەوتنەی ئێستا كراوە، داهاتی نەوتی و داهاتی نانەوتی و داهاتی ناوخۆ هەمووی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، تەنیا 50%ی داهاتی دەروازە سنوورییەكان دەدرێتە حكومەتی عیراق ئەویش بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە".

حكومەتی عیراق باش دەزانێت كە هەرێمی كوردستان توانای پێدانی مووچەی نییە
 وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوەش دەدات "حكومەتی عیراق باش دەزانێت كە هەرێمی كوردستان توانای پێدانی مووچەی نییە بۆ هەموو ئەو مووچەخۆرانەی لە هەرێمی كوردستانن، لەبەرئەوە زۆر جەخت لەوە نەكراوەتەوە كە گفتوگۆ لەبارەی داهاتی غەیرە ناوخۆیی نەوت بكات، جگە لە دەروازە سنوورییەكان ئەویش بەپێی یاسا و دەستوور قسەی لەبارەوە كراوە".

زیاتر لە 100 رۆژە حكومەتەكەی كازمی دەستبەكاربووە
زیاتر لە 100 رۆژە حكومەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستبەكاربووە، بەپێی زانیارییەكان حكومەتی عیراق نیازی رێككەوتنی هەیە لەگەڵ هەرێم بەڵام دەیەوێت ئەو فشارانەی لەسەریەتی لەوبارەیەوە كەم ببێتەوە رێككەوتنێك ئەنجام بدات كە لایەنە شیعەكان لەخۆی توڕە نەكات.

كازمی بەشێوەی دەستووری و یاسایی مامەڵە دەكات
 سەمیر هەورامی نایشارێتەوە كە حكومەتی كازمیش هەمان فشارەكانی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی لەسەرە، ئەگەرچی لە سەرەتاشدا نەرمی نواندبێت، بەڵام فشاری پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان و لایەنە سیاسییەكانی لەسەربوو، هەروەها نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرنەگرتووە و بودجەی ناردووە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لە راستیدا بەشێوەیەكی زۆر دەستووری و یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا كردوون".
 سەمیر هەورامی دەڵێت "پرۆژەیاسای بودجەی 2019 ئەوەی پەیوەست بوو بە هەرێمی كوردستانەوە دەبوایە ئێمە مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی عێراقی بكەین. لە بەرامبەر ئەوەشدا هەموو پابەندبوونی دارایی هەرێمی كوردستان حكومەتی عێراق دابینی بكات".

حكومەتی هەرێم ئامادەیە عیراق چاودێری دارایی بنێرێت
سەبارەت بە پێكهێنای لیژنەی هاوبەش بۆ داهاتی دەروازە سنوورییەكان لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق، سەمیر هەورامی وتی "ئێمە ئامادەین چاودێری دارایی عیراق بێت بە هاوبەشی لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان بەراورد لە ژمارەكان و بڕی داهات و جەرجییەكان بە تایبەت لە دەروازە سنوورییەكان بكرێت، ئەوەش ماوەتەوە لەسەر ئەوەی كە كەی حكومەتی عیراق ئەو شاندە دەنێرێت".

یەكەمجارە شاندێكی تەكنیكی و هونەری هەرێم بەشدار دەبێت لە داڕشتنی پرۆژەی بودجە
هەر لەوبارەیەوە شیروان میرزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای وت "گرنگی ئەو وەفدە ئەوەیە كە لە دانانی ستراتیژیەتی بودجە بەشدار دەبێت، ساڵانی پێشوو بەردەوام گلەیی ئەوە هەبوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتاكانی دانانی بودجە بەشدار نییە، بۆیە زۆرجار گرفت دروست دەبێت، ئێستا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتای داڕشتنی پرۆژەیاساكەوە بەشدار دەبێت، ئەمە زۆر گرنگە، چونكە شەڕەكە لەسەرەتاوە دەكەیت بۆ دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان".

چوونی ئەو شاندە زۆر گرنگە
وتیشی "بەتایبەت ئەم شاندە شاندێكی هونەریی و تەكنیكییە وردەكاریەكانی بودجە دەزانێت، بۆیە زۆر گرنگە ئەو شاندە لەئێستاوە بەشداربێت، دانانی بودجەش خۆی لەخۆیدا كارێكی تەكنیكییە و هونەرییە، ساڵانی پێشوو تەنها نوێنەرێكی هەرێم لە ئەنجومەنی وەزیران هەبووە یان نوێنەرێكی هەرێم لە وەزارەتی درایی عیراق بەشدار بووە لە گفتوگۆی پرۆژەی بودجە، عیراق بۆخۆی بودجەی داناوە و پشكی كوردی یەكلاكردووەتەوە، هەرێم هیچ دەستی لەدانانی پرۆژەیاساكەدا نەبووە، ئێستا كە شاندی هەرێم لەسەرەتاوە بەشدارە گرنگی خۆی هەیە".

"ئەم شاندە دەتوانن لەرووی هونەرییەوە بەڵگەی تەواو بخەنە بەردەست كە بتوانن داواكارییەكانی كورد بچەسپێنن"
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو "ئەم شاندە دەتوانن لەرووی هونەرییەوە بەڵگەی تەواو بخەنە بەردەست كە بتوانن داواكارییەكانی كورد بچەسپێنن شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بچەسپێنن، دەتوانن لەرووی هونەری و تەكنیكیەوە بڕوا بە بەرانبەرەكەیان بكەن كە پشكی هەرێمی كوردستان پێویستە چەند بێت وە لەبەرانبەردا هەرێمی كوردستان چی هەیە بیدات بەبەغدا چونكە هەموو وردەكارییەكی داهات و خەرجی هەرێمیان لەلایە".

هەرێم دەیەوێت بەغدا بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی رەوانە بكات، بەغداش قسەی دیكەی لەمبارەیەوە هەیە، لەو نێوەندەشدا وەك هەردوولا  جەختدەكەنەوە  دەستوور بنەما بێت، لەسەر ئەم بنەمایەش درێژە بە گفتوگۆ و دانوستان دەدەن و لێدوانەكان لەهەردوولاوە ئاماژەن بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتنی باش بە ئامانجی رێكەوتن هاتۆتەئاراوە.


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان