راپۆرت

رێگەی مەرگ.. حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرامۆشی كردووە و تەنیا قوربانییەكانی دەژمێرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


رێگەی مەرگ.. حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرامۆشی كردووە و تەنیا قوربانییەكانی دەژمێرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

پرۆژەی دوو سایدکردنی رێگەی کەلار - سلێمانی پرۆژەیەکی پشتگوێ خراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەرچەندە ئەو رێگەیە بەهۆی خراپییەوە رۆژانە چەندین رووداوی هاتوچۆ و کارەساتی دڵتەزێنی تیادا روودەدات، هەر بەم هۆیەشەوە بە رێگەی "مەرگ" ناسراوە لەلای هاوڵاتییان، وەک شۆفێرێکی ئەو هێڵە دەڵێت "رۆژ نییە رووداوی هاتوچۆ لەو رێگەیە روونەدات بەهۆی خراپی رێگەکەوە".

"رۆژانە گرفتی زۆر دێتە رێگەمان"
دڵشاد عەزیز، شۆفێری هێڵی پاسی کەلار - سلێمانی بۆ مەودا میدیا دوا و وتی "رۆژانە لەکاتی هاتوچۆکردنماندا لە رێگەی کەلار - سلێمانی بەهۆی خراپی رێگەکەوە گرفتی زۆر دێتە رێگەمان، چونکە لە چەند شوێنێک بڕیویانە و وازیان لێهێناوە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی شەقامەکە تێکبچێت بەتايبەتی بۆ ئەم زستانە وابێت شەقامەکە هەمووی هەڵدەوەشێتەوە ".

ئەو شۆفێرە وتیشی "کارکردن لە شەقامەکە ئەوندە سستە وەک وابێت کاری تێدا نەکرێت، هەروەها ئێمە وەک شوفێران داواکاریيمان کردووە ئەو رێگەیە چاک بکرێت، بەڵام داواکارییەکان پشتگوێ خراون، هەروەها رۆژ نییە لەکاتی هاتوچۆکردنماندا رووداوی هاتوچۆ نەبین لەو رێگەیە".

"کارکردن لەو پرۆژەیەدا بەردەوامی هەیە"
مەریوان حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لە ئێستادا لە بەشێکی رێگەی کەلار - سلێمانی و رێگەی زەڕایەن - دەربەندیخان کاریان تێدا دەکرێت"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "لە چوارچیوەی پلانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەدایە دوو تونێلی نوێ لە دەربەندیخان دروسبکرێت بە ئاراستەی سلێمانی - دەربەندیخان و دەربەندیخان - کەلار".

وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە وتيشی "ئەو پرۆژەیە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەشێک لە پردەکان دروستکراوە، هەروەها بەهۆی قەیرانی دارایی و هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەشێکی زۆر لە پرۆژەکان وەستان، بەڵام کارکردن لەو پرۆژەیەدا بەردەوامی هەیە".

رووداوی هاتوچۆ لە رێگەی كەلار- سلێمانی


"چەندین هاوڵاتی لەو رێگەیە گیانیان لەدەستداوە"
زمناکۆ یەحیایی، چالاکوانی مەدەنی لە گەرمیان لەبارەیەوە بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێمە وەک و چالاکوانی ئیدارەی گەرمیان لە رێکخراوەکاندا داواکارین لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هانای ئەم پرۆژە بێت بۆ ئەوەی بەزووترین کات تەواوببێت کە خۆی هاوکارێکی باش بوو لە دەستپێکردنی پرۆژەکە".

جەختی لەوەشکردووە "بەهۆی خراپی ئەو رێگەیەوە بە رێگەی مەرگ ناسراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، چونکە چەندین هاوڵاتی لەماوەی ساڵانی رابردوو گیانیان لەدەستداوە لەو رێگەیە".

"لەمانگی 2ی ئەمساڵەوە هیچ پارەیەک نەدراوە بە بەڵێندەران"
عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ مەودا میدیا ئەوەی خستەڕوو "لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆناوە مافکەوتنی بەڵێندەر لە پرۆژەی دووسایدکردنی کەلار - دەربەندیخان خەرج نەکراوە کە سەرەتای کارەکانییەتی لە مانگی 2ی ئەمساڵەوە هیچ پارەیەک نەدراوە بە بەڵێندەران، بۆیە بەڵێندەران ناتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن".

راشیگەیاند "ئێمە لایەنی پەیوەندیدار لە ئیدارەی گەرمیان و لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە داوامان کردووە بودجەی بۆ تەرخان بکەن ، بۆ ئەوەی کارکردن لەو رێگەیە بەردەوام بێت و کارەکان بە خێرایی تەواو بکرێن، چونکە نەک تەنيا پرۆژەکە پێویستە، بەڵکو ئەو رێگەیەی هەیە لە دۆخێکی خراپدایە و بەهۆی لافاوە لە ساڵانی رابردوو چەند پردێک رووخان، راستە لە ئێستادا کارکردن بەردەوامەم بەڵام بەشێوەیەکی سست کارەکان بەڕێوەدەچن".

رووداوی هاتوچۆ لە رێگەی كەلار- سلێمانی


"زۆرێک لە شۆفێران پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆنین"
رێژەن بورهان، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان بۆ مەودا میدیا وتی "راستە رێگەکە رێگەیەکی کۆنە و بە ناوچەیەکی شاخاوی دژواردا دەڕوات و قورسایی لەسەرە، ئەمانەش کاریگەرdی هەیە لە دروستبوونی رووداوی هاتوچۆ"، ناوبراو وتیشی "بەداخەوە زۆرێک لە شۆفێران پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆنین بەتایبەتی شۆفێرە عەرەب و بیانییەکان".

بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان جەختیکردەوە لەوەی "ئەگەر لە رێگەیەکی دیکەدا رووداوی هاتوچۆ رووبدات زیانە مادی و گیانییەکان کەمتربێت، ئەوا لەم رێگەیە هەموو رووداوەکان زۆر مەترسیدارترە لەڕووی زیانە گیانی و مادییەکان، بۆیە ئەرکی شۆفێرە بەگشتی زیاتر پابەندی رێنماییە هاتوچۆبن".

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان