راپۆرت

وڵاتانی بەشدار لەرێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەبێ ئەمەریكا كۆدەبنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وڵاتانی بەشدار لەرێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەبێ ئەمەریكا كۆدەبنەوە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشدار لە رێككەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران لە ڤیەننا بە بەشداری ئاژانسیی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كۆدەبنەوە، بەبێ ئەوەی ئەمەریكا بەشداری كۆبوونەوەكە بكات.
ئەو كۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەكی بۆ وڵاتانی ئەوروپا نارد و رایگەیاند "ئەوروپییە بەشدارەكانی نێو رێككەوتنی ئەتۆمی پابەندنین بە پارێزگاریكردن لەو رێككەوتنە". 

ئەمەریكا لە هەوڵی ئەوەدایە سەرجەم سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر ئێران بگەرێندرێنەوە
  ئێستا ئەمەریكا لە هەوڵی ئەوەدایە سەرجەم سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر ئێران بگەرێندرێنەوە كە بەهۆی ئەو رێككەوتنەوە لەسەری هەڵگیراون، هەروەها دەیەوێت سزای قەدەغەی فرۆشتنی چەك بە ئێران درێژبكاتەوە، كە لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەسەر دەچێت، بەڵام  وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایش رەتیانكردەوە گەمارۆكانی چەك بۆ سەر ئێران درێژبكەنەوە لەسەر داوای ئەمەریكا، وڵاتانی ئەوروپاش دەیانەوێت ئەم رێككەوتنە بپارێزن.

ئەو رێككەوتنە كە لە 14ی تەممووزی 2015 واژۆ كرا، ئەوكات ناوی رێككەوتنی گرووپی پێنج كۆ یەك بوو. بەڵام ئیستا بەهۆی دەرچوونی ئەمەریكا لە رێككەوتنەكە، كۆبوونەوەكە ناونراوە كۆبوونەوەی وڵاتانی چوار كۆ یەك. ئەوانیش  چوار ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش: فەرەنسا، رووسیا، چین و بەریتانیا، ئەڵمانیاش لە دەرەوەی ئەنجوومەنەكە بەشدارێكی كارای رێككەوتنەكەیە.

ئێران لە مانگی ئابدا رازی بوو ئاژانسی وزەی ئەتۆمی سەردانی پێگە گومانلێكراوەكانی بكات
ئێران لە مانگی ئابدا رازی بوو ئاژانسی وزەی ئەتۆمی سەردانی پێگە گومانلێكراوەكانی بكات، بۆیە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند "من باوەڕم وایە، ئەمە تێگەیشتنێكی زۆر باشە، زۆر گرنگە بۆ رێككەوتنەكە، كە رێگەمان دەدرێت بەردەوام بین لە پشكنین بەو جۆرەی كە پێویستە".

 ئێران : "ئێستا پەیوەندی نێوان ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆم زۆر لە جاران باشتر بووە"
هەر لەوبارەیەوە سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند "لەگەڵ رێككەوتنەكەدا  ئێستا پەیوەندی نێوان ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆم زۆر لە جاران باشتر بووە، ئێمە كارێكمان كردووە ئاژانسەكە زۆرترین سەردان بكەن و بتوانن سەردانی ئەو شوێنانە بكەن كە دەیانەوێت".

گەمارۆی چەكی سەر ئێران ماوەی 13 ساڵە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە
 جێی ئاماژەیە، گەمارۆی چەكی سەر ئێران ماوەی 13 ساڵە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە، بەڵام لەسەر بنچینەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك، ماوەی گەمارۆكان لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵ كۆتاییدێت، ئەمەریكا لە ئایاری 2018دا لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی كشایەوە، ئێستاش دەیەوێت رێگە لە هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران بگرێت. 

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان