راپۆرت

بەهاكانی سیكۆلاریزم رێكدەخاتەوە.. فەرەنسا خۆی ئامادە دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوە توندڕەوەكان

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەهاكانی سیكۆلاریزم رێكدەخاتەوە.. فەرەنسا خۆی ئامادە دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوە توندڕەوەكان
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

حكومەتی فەرەنسا رایگەیاند ئامادەكاری دەكات لەرێگەی پرۆژەیاسایەكەوە، بەرەنگاری ئەو گروپانە ببێتەوە كە مەیلی رادیكاڵانەیان هەیە، پرۆژە یاساكەش لە بنەڕەتدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ژمارەیەك گروپی توندڕەوە كە بەشێكیان ئیسلامین، وەك ئیخوان موسلیمین و بەشێك لە گروپە ئیسلامیەكانی دیكە.

پرۆژە یاساكە لە تاوتوێكردندایە
مارلین شیابا، نوێنەری رێگەپێدراوی هاوڵاتیان لە وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا كە پلەكەی وەزیرە، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"پرۆژە یاساكە لە تاوتوێكردندایە، لە دەوروبەری پایز دەبرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی لە سەرەتای 2021 پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكات و پەسەندی بكات".

ماكرۆن رێكاری دیكە دەگرێتەبەر بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی گروپە ئیسلامییە سیاسیەكان
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، رێكاری دیكە دەگرێتەبەر بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی گروپە ئیسلامییە سیاسیەكان لە وڵاتەكەی كە لەم چەند ساڵەی دواییدا چالاك بوون، ئەویش لەرێگەی دەركردنی چەند یاسایەك بەناوی پاراستنی بەهاكانی كۆماری فەرەنسا.

ماكرۆن ئەمساڵ ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری فەرەنسای بردە "گۆڕستانی بانتیۆن"  كە رووفاتی فەیلەسوف و سەركردە بەناوبانگەكانی فەرەنسای تێدایە.

لەوبارەیەوە كۆشكی ئیلیزێ رایگەیاند یادكردنەوەی ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری فەرەنسا لەو شوێنەدا، ئەركە لەكاتێكدا گروپی ئایینی توندڕەو هەن كە پێكەوەژیانی هاوبەش رەتدەكەنەوە لە كۆمەڵگەی مەدەنی و دەیانەوێت جیاوازی بخەنە نێوان كۆمەڵگەی فەرەنسییەوە.

ئەم پرۆژەیە پەیوەندی راستەوخۆی بە خەڵكەوە هەیە و پێویستە كاتێكی زۆرتری بۆ تەرخان بكرێت
وەزیری هاوڵاتیان لە وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لەبارەی پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی گروپە توندڕەوەكان دەڵێت"گفتوگۆكان تائێستا سەبارەت بە پرۆژەیاساكە بەردەوامییان هەیە، چونكە ئەم پرۆژەیە پەیوەندی راستەوخۆی بە خەڵكەوە هەیە و پێویستە كاتێكی زۆرتری بۆ تەرخان بكرێت تا زۆربەی خەڵكی فەرەنسا راو بۆچوونی خۆیانی  لەسەر دەرببڕن".

هەر لەوبارەیەوە، جان كاستێكس، سەرۆكوەزیرانی راسپێردراوی فەرەنسا رایگەیاند"ئەو پرۆژە یاسایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە رادیكاڵەكانە كە ئەوانی دیكە رەتدەكەنەوە و نایانەوێت پێكهاتە و ئایینی دیكە لەگەڵیان بژی".

بۆ هیچ ئاینێك یاخود رەوتێكی فكری دیاریكراو نییە هەوڵی داگیركردنی پانتاییە گشتییەكان بدات
وتیشی"سیكۆلاریزم لە بنەما بنەڕەتیەكانی كۆمارە، نوكی رمەكەشی تێكەڵاوی كۆمەڵگەكانە، بۆ هیچ ئاینێك یاخود رەوتێكی فكری دیاریكراو نییە هەوڵی داگیركردنی پانتاییە گشتییەكان بدات و هەوڵبدات یاساكانی كۆماری فەرەنسا بخاتە ژێر پێیەوە".

ئەم پرۆژە یاسایە تەنها دژ بە گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان نییە
لیژنەی وزاری فەرەنسا بۆ پاراستنی پێكەوەژیان و تێكەڵاوی كۆمەڵایەتی ئاماژە بەوەدەكات، "ئەم پرۆژە یاسایە تەنها دژ بە گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان نییە بەڵكو سەرجەم ئەو گروپە ئاینیی و نەژادییانە دەگرێتەوە كە جیاوازی لەنێوان كۆمەڵگەی فەرەنسیدا دەكەن".

ئەم پرۆژە یاسایە دەتوانێت دەستی دەوڵەت واڵا بكات لەبەرەنگاربوونەوەی گروپە جوداخواز و پەڕگیرەكان
لای خۆشیەوە مارلین شیابا دەڵێت "ئەم پرۆژە یاسایە دەتوانێت دەستی دەوڵەت واڵا بكات لەبەرەنگاربوونەوەی گروپە جوداخواز و پەڕگیرەكان بەشێوەیەكی باشتر لە جاران، بێ ئەوەی یاسای 1905 تێپەڕێنێت كە كەنیسە و دەوڵەتی لەیەك جیاكردەوە و بڕیاریدا دەوڵەتێكی سیكۆلار دابمەزرێت".

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان