راپۆرت

لەنێوان پاڵپشتی ودژایەتی واشنتۆن..چارەنوسی كڕینی فڕۆكەی ئێف35 لەلایەن ئیماراتەوە چی بەسەردێت!

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەنێوان پاڵپشتی ودژایەتی واشنتۆن..چارەنوسی كڕینی فڕۆكەی ئێف35 لەلایەن ئیماراتەوە چی بەسەردێت!
مەودا میدیا، ئینستتیوتی نارین- هێمن سەعید

هێشتا گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 35 ی ئەمەریكی بە ئیمارات تەنها لەسەر كاغەزە و لەبەردەم بڕیاربەدەستانی ئەمەریكایە، كە ئەوانیش دابەش بوون بەسەر دژ و پاڵپشتیكەران بۆ تەواوكردنی گرێبەستەكە، هەربۆیە مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە لە واشنتۆن.

لێكۆڵینەوەیەكی كۆنگرێس ئاشكرایكردووە كە "بەهۆی پەیوەستبوونی ئیمارات بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، سەركردایەتی ئیمارات دەیانەوێت هەندێك دەسكەوت لە ئەمەریكا وەربگرن پێش دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە 3ی تشرینی دووەمی داهاتوو".
لێكۆڵینەوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "لەحاڵەتی  فرۆشتنی فڕۆكەی سەربازی لە جۆری ئێف 35 و فڕۆكەی پێشكەوتووی بێ فڕۆكەوان لە لایەن واشنتۆنەوە بە گوێرەی یاساكانی كۆنگرێس دەبێت پاراستنی باڵایی جۆریی سەربازی ئیسرائیل دەستەبەربكرێت بەسەر دراوسێ عەرەبەكانیدا".

چاوەرێدەكرێت دوای ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان، ئیمارات زیاتر هەلی بەدەسهێنانی چەكی پێشكەوتوو بەدەستبهێنێت لەگەڵ كەمبوونەوەی رەخنەی ئەندامانی كۆنگرێس لەسەر شەڕی یەمەن و گەمارۆدانی دەوڵەتی قەتەر".

گرێبەستەكە دەبێتەهۆی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئیمارات
جێمس فاروێل، بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا و پسپۆڕی لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ماڵپەڕی جەزیرەی راگەیاند "وڵاتەكەی و ئیمارات ماوەیەكی درێژە هەست بە پەیوەندییەكی بەهێز دەكەن سەبارەت بە پرسی ئاسایشی نەتەوەیی، بەڵام گومان دەكەم كە ئاسایكردنەوەیی پەیوەندییەكانی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل ببێتە هۆی بەدەستهێنانی رەزامەندی واشنتۆن، یان واشنتۆن ببێتە كلیلی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئیمارات و ئیسرائیل".

لەلایەكی دیكەشەوە، دیڤد مایك، كونسوڵی پێشووی ئەمەریكا لە ئیمارات لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەری ئەلجەزیرە وتی "فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 35 بە ئیمارات دەبێتە هۆی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا تاهەتاهەتایە، بەڵام لەخزمەت بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی ئەمەریكا دەبێت لەناوچەكە و ئەو دەوڵەتە دوورانەشی كە گرنگن لەلایەن  ئەمەریكاوە وەك ئەفغانستان".

چارەنوسی گرێبەستەكە
مایك ئەوەشی وت "دەنگێك هەیە لە ناو ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ كە دەیانەوێت گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 35 بە ئیمارات سەربگرێت لەگەڵ هەبوونی ویستێكی گشتی بۆ زۆر فرۆشتنی سەربازی بە دەوڵەتی ئیمارات و دەوڵەتانی تری كەنداو".
هەروەها مایك وتیشی "وایدەبینم كۆشكی سپی و وەزارەتی بەرگری و دەرەوە و گەنجینە پاڵپشتی فرۆشتنی فڕۆكەی پێشكەوتوو بكەن بە ئیمارات، بەڵام دەنگی ناڕازیش هەیە لەلایەن ئەندامان و رێكخراوەكانی تایبەتمەند لە پرسی مافەكانی مرۆڤ".

هەروەها جۆرج كافیرۆ، بەرێوەبەری پەیمانگای دەوڵەتانی كەنداو لە واشنتۆن هاوڕایە لەگەڵ ئەو پێشنیارەی كە دەڵێت "هەندێك لە گروپەكانی فشاری پاڵپشتی ئیسرائیل لە واشنتۆن هەوڵدەدەن و فشار دەكەن بۆ رێگریكردن لە فرۆشتنی چەكی ئەمەریكی بە ئیمارات".
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی ئەمدواییە، تەنانەت ئەگەر هەڵوێستی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەم پرسە جێگەی گومان بووبێت، ئەوا سەبارەت بەو گرێبەستە دژ نیە، لەكاتێكدا دامەزراوە هەواڵگریی و بەرگرییەكانی ئیسرائیل تائێستا بەتوندی دژایەتی دەكەن".

كافیرۆ لە لێدوانەكەیدا بۆ جەزیرە وتی "هەوڵەكانی بەرسانی ئیدارەكەی ترەمپ، وەك: مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە ترسی ئیسرائیل سەبارەت بەگرێبەستەكە دەڕەوێننەوە".
هەروەها چارلز دان، بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا رایگەیاند"ئیدارەی ئەمەریكی حەزدەكات گرێبەستەكە سەربگرێت، چونكە ئیدارەكە فرۆشتنی چەكەكانی لەپێشینەی هەمووشتێكەوەیە لە سیاسەتی بەرانبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست". چارلز ئەوەشی دوپاتكردەوە كە "ئیدارەكەی ترەمپ واز لە پرۆژەكە دەهێنێت بەهۆی دژایەتی توندی ئیسرائیل كە پاڵپشت دەكرێن بە بەشێك لەگەورە بەرپرسانی كۆمارییەكان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ترەمپ".

دان ئاماژەی بەوەشكردووە كە "ئیماراتییەكان دەلێن پرۆسەی كڕینی فڕۆكەكان دوورە لە رێكەوتنمان لەگەڵ ئیسرائیل، وتوویانە پێش ئەنجامدانی رێكەوتنمان لەگەڵ ئیسرائیل گرێبەستی كڕینی ئەو چەكە سەربازیانەمان لەگەڵ ئەمەریكا تاوتوێكردووە".
بەگوێرەی وتەكانی دان "ئیماراتییەكان ئێستا بەروونی هەست بەوەدەكەن پێشكەوتنی دیلۆماسییان هەلی زیاتریان پێدەبەخشێت بۆ پاڵپشتیكردنیان بۆ كڕینی فڕۆكەی ئێف 35 ئەگەر پێش رێكەوتنەكەش لەگەڵ ئیسرائیل باس نەكرابێت".





Qaiwan
Qaiwan