عیراقی

سەرۆك كۆماری عیراق: پێویستە دۆخی كەركوك چارەسەربكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆك كۆماری عیراق: پێویستە دۆخی كەركوك چارەسەربكرێت
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق ئەمڕۆ پێنجشەمە ٢٠٢٠/٩/١٧ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە نوێنەری پێكهاتە جیاجیاكانی شاری كەركوك كرد، بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆماریش لە دیدارەكەدا د.بەرهەم "جەختی لە چارەسەری كێشەكان و زامنكردنی پێكەوەژیان كردەوە دوور لە سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع".

لە راگەیەندراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆماری عیراق دا هاتووە "لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختی لە پێویستی چارەسەركردنی دۆخی شاری كەركوك كرد بە پشتبەستن بە دەستوور وخواستی دانیشتوانی رەسەنی ئەو شارە كە  بەهۆی دیكتاتۆریەت و گەندەڵی و سەپاندنی ئەمری واقیع و پەراوێزخستن زیانی زۆریان بەركەوتووە، لەم رووەوە سەرۆك بەرهەم تەئكیدی لە كۆتاییهێنان بەم بارە نەخوازراوە كردەوە‌".

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە "سەرۆك بەرهەم باسی لەوەش كرد ئێستا دیالۆگی جددی لە نێوان پێكهاتەكانی شارەكە لە ئارادایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی كەركوكیانە بەگوێرە‌ی دەستوور، بەجۆرێك دوور لە گرژی و ئاڵۆزی زامنی ئارامی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە بكات، لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار تەئكیدی كردەوە بۆ دەستەبەركردنی دیموكراسی و پێكەوەژیان وا پێویست دەكات خەڵكی كەركوك خۆیان بڕیارەكانیان بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو لایەكی راسپارد بە دیدار و گفتوگۆی بنیاتنەرانە ناكۆكی و جیاوازیەكانیان چارەسەر بكەن و شارەكەیان بەدوور بگرن كە ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و بەریەككەوتن".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "سەرۆك كۆمار مەترسی ئەوەشی بۆ ئامادەبوان روونكردەوە كە چارەسەرنەكردنی كێشەكان ببێتە درزێك و تیرۆرستان هەوڵ بدەن بیقۆزنەوە و هەڕەشە لە ئارامی و ژیان و گوزەرانی كەركوك بكەن".

هەر لە درێژەی دیدارەكەدا وەك لە راگەیەندراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆماردا هاتووە "د.بەرهەم دووپاتیكردەوە كە ئەو لە پێگەی خۆیەوە خەمخۆری كەركوكیەكانە بەهەموو پێكهاتە رەسەنەكانیەوە و  چاودێری و بەدواداچونی دۆخی كەركوك دەكات بۆ كەمكردنەوەی ئاستەنگەكان، ئاماژەشیكرد كە حكومەتی سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی سورە لە سەر  ئاڕاستەی یەكلایكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و هەنگاونان بەرەو چارەسەری پێویست، كەركوك شارێكی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی و پێویستە ئەمە بخرێتە خزمەتی خەڵك و بونیاتنانی ژیانێكی شایستە بەهەموو عیراقیەكان".

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە "لەلای خۆیانەوە شاندی كەركوك سوپاس و ستایشی خۆیان پێشكەش بە سەرۆك كۆمار كرد لەسەر ئەو مكوڕی و بەدواداچونە بەردەوامەی هەیەتی بۆ دۆخی كەركوك و دانیشتوانەكەی و خەمخۆری بەدەنگەوەهاتنی سەرۆك بەرهەمیان بەرز نرخاند لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگاریانەی كە رووبەڕووی شارەكە و دانیشتوانەكەی دەبێتەوە، لە كۆتایی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار بە وردی گوێی لە شاندی كەركوك گرت سەبارەت بە كێشەكانی شارەكەیان، بەڵێنیشیدا بەدواداچون بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكانیان بكرێت بۆ ئەوەی ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئازادی بۆ دانیشتوانەكەی بێتەدی".

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان