زیادکردنی 50 هەزار بۆ 126 هەزار بەرمیل نەوت چارەسەر نییە

مەودا میدیا-

ئەندامیکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە داواکاریی حکومەتی هەرێم بۆ زیادکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ 126 هەزار بەرمیل تاوەکو نرخی سووتەمەنی دابەزێنێت ئاشکرایکرد بەڵام ئەوە چارەسەر نییە.

کاوە شێخ عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی بە مەودا میدیای راگەیاند “بەپێی وتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، ناتوانرێت نرخی بەنزین لە 750 دینار کەمتر بکرێت، باسی نەوتی سپی و گازوایل لای ئەوان بوونی نییە، چونکە (تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و پاڵاوتن زۆرە و نزیکەی (25 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک) پێشتر هەڵەی ئەو ژمارەمان روونکردەوە کە وانییە، بەڵام ئەگەر ئەم بنەمایە راست بێت چۆن زیادکردنی بڕی نەوت لە (50 هەزار بۆ 126 بەرمیل دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی بەنزین بۆ 450 دینار”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئێستا بەشێک لە نەوت یان هەموو 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە لە خورمەڵە وەردەگیرێت، کۆمپانیای کار بە شێوازی خۆی کار دەکات، گرێبەستی خزمەتگوزاریی و گواستنەوە نزیکە و بۆری نەوتیش پەیوەستە بە پاڵاوگەی کارەوە، بەڵام کاتێک بڕی نەوت لە کێڵگەکانی تریش زیاد دەکرێت، هەمان مەرج و تێچوو لە هەموو کێڵگەکاندا بەردەست نییە، کەواتە ئەگەر نەوت بگاتە (140 هەزار یان 200 هەزار بەرمیل) لە رۆژێکدا، بەبێ گۆڕینی سیستمی نرخدانان و دابینکردنی سووتەمەنی، زیادکردنی نەوت بەنزین ناکاتە 450 دینار”.

ئەوەشی خستەڕوو “وەزارەت دەڵێت هەرێم رۆژانە پێویستی بە (شەش بۆ حەوت ملیۆن لیتر بەنزین) هەیە، هەروەها دەڵێت لە (50 هزار) بەرمیل نەوت نزیکەی (یەک ملیۆن و 700 هەزار لیتر بەنزین) بەرهەم دەهێنرێت، ئەم ژمارەیەش جێی پرسیارە، چونکە بەپێی وتەی وەزیری پێشووی سامانە سرووشتییەکان، بڕی بەرهەمهێنان نزیکەی (دوو ملیۆن و 100 هەزار ملیۆن لیتر) بووە”.

باسی لەوەشکرد “زیادکردنی (76 هەزار) بەرمیل نەوتی تر، چارەسەری قەیرانی بەنزین نییە و هاوڵاتییان هەر لە سەرە گرتن و کوشتن و بەفیڕۆدانی کات بەردەوام دەبن، چونکە لە (126 هەزار ) بەرمیلدا بەپێی ژمارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هێشتا بەشی تەواوی پێویستی بازاڕ دابین ناکرێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان