لە ئێران نرخی بەنزین بە رادەیەكی زۆر بەرزبووە و حكومەتی ئەو وڵاتەش دەڵێت” هەركەس لەو بەشەی زیاتر بوێت كە هەفتانە بۆی دیاریكراوە ئەوا دەبێت بەو نرخە نوێیە بیكڕێت كە حكومەت دایناوە”.
میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە” شەوی رابردوو حكومەتی وڵاتەكەیان بڕیریداوە بە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین بۆ نزیكەی حەوت هێندەی نرخی ئێستاو هەر لیترێك بەنزین لە 15,000 ریاڵەوە بەرزبووەتەوە بۆ 100,000 ریاڵ”.
باسیان لەوەش كردووە” زیادكردنەكە تەنها بۆ ئەو كەسانەیە كە هەفتانە لەو بەشەی بۆیان دیاریكراوە زیاتر وەردەگرن، واتا نرخی گشتی نییە و ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە هەفتانە تەنها بەشە بەنزینی دیاریكراوی خۆیان وەردەگرن”.
ماوەی چەند مانگێكە لە ئێران بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانەوە، پێدانی بەنزین بە هاوڵاتییان سنوردار كراوە و هەر كەسێك هەفتانە تەنها 60 لیتری پێدەدرێت بە نرخی 15,000 ریاڵ بۆ هەر لیترێك، بەڵام ئێستا ئەگەر كەسێك لەو بڕە بەنزینەی زیاتر بوێت ئەوا دەبێت بۆ هەر لیترێك 100,000 ریاڵ بدات، واتا 85,000 هەزار ریاڵ زیاتر لە نرخی پاڵپشتیكراوی حكومەت.
ئ پ