مەودا میدیا-
جۆن نیكسۆن، لێكۆڵەر و ئەفسەری پێشووی سی ئای ئەی وردەكاری نوێی سەبارەت بە بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە سەدام حسێن سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق ئاشكرا كرد و دەڵێت” ئەمەریكا بە هەڵە هەڵسەنگاندنی بۆ سروشتی رژێمەكەی كردووە و لە بڕیاری داگیركردنی عیراق لە ساڵی 2003دا پشتی بە هەواڵگری نادروست بەستووە”.
نیكسۆن رایگەیاند” دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا زیادەڕەوییان كردووە لە وێناكردنی سەدام حوسێن وەك ئەوەی بە شێوەیەكی شەخسیی هەموو لایەنەكانی دەوڵەت بەڕێوەببات، چونكە لە ساڵانی كۆتایی حوكمڕانیدا، كەمتر بەشداری لە بەڕێوەبردنی كاروباری رۆژانەدا هەبووەو زیاتر پشتی بە ژمارەیەك لە یاریدەدەرەكانی بەستووە”.
ئاماژەی بەوەشكرد” ئیدارەی جۆرج بوش، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا زانیاری نادروستی سەبارەت بە هەڵگرتنی چەكی كۆمەڵكوژی عیراق و بوونی پەیوەندی لە نێوان رژێمی سەدام حسێن و ئەلقاعیدە هەبووە”.
باسی لەوەشكردووە” نهێنی زۆر و گومانی بەردەوام لە دیارترین تایبەتمەندییەكانی كەسایەتی سەدام حسێن بوون، بەو پێیەی مەبەستەكانی تەنانەت لە نزیكترین كەسانی متمانەپێكراویشی شاردبووەوە، كە ئەمەش هۆكاربووە بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا بۆ دەیان ساڵ، چونكە قورس بووە دەزگا هەواڵگرییەكان بتوانن بچنە ناو وردەكاری و بیركردنەوە و بەرنامەی ژیانیەوە”.
جۆن نیكسۆن، یەكێكە لەو بەرپرسە دیارانەی هەواڵگری كە لە دوای رووخانی رژێمەكەی، بەشداری لە شوێنپێهەڵگرتنی سەدام حسێن كردووە، ئەو و تیمەكەی بەشدارییان كرد لە كۆكردنەوەی ئەو زانیاریانەی كە هێزەكانی ئەمریكایان گەیاندە شوێنی حەشاردانی و دەستگیركردنی، پێش ئەوەی نزیكەی مانگێك لە ناو كەمپی كۆپەر لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات.
ئ پ