بۆچی بەهۆی شەڕی ئابووری ئەمەریكا لە دژی ئێران ئابووری عیراق دەكەوێتە مەترسییەوە؟


مەودا میدیا-
ئەو شەڕە ئابوورییە هەمەلایەنەی كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە دژی ئێران پەیڕەوی دەكات، بووە بە هەڕەشە بۆ چەند وڵاتێك كە ئەگەر بەردەوام بن لە مامەڵەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران سزای توندیان بەسەردا دەسەپێنرێت. بەڵام هەندێك وڵات بەزەحمەت دەستبەرداری بازرگانی دەبن لەگەڵ تاران و عیراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە. كەواتە واشنتۆن چۆن مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەكات لەسەر ئەم بابەتە؟

واشنتۆن پێشتر سزای بەسەر ژمارەیەك بانكی عیراقیدا سەپاندووە كە تۆمەتبارن بە مامەڵەكردن لەگەڵ تاران، بەڵام خۆی لە گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە بەدوور گرتووە كە ئابووری تەواوی وڵاتەكە پەك دەخات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هۆشداری دەدات لەوەی هەر وڵاتێك پاڵپشتی ئابووریی ئێران بكات، رووبەڕووی لێكەوتەی سەخت دەبێتەوە، ئەمەش دەتوانێت هاوبەشە بازرگانییە سەرەكییەكانی ئێران لە ساڵانی رابردوودا- چین، ئیمارات، توركیا، هیندستان، پاكستان و عومان- بخاتە مەترسییەوە.

هاوكات سكۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا “هێرشێكی ئابووری” بۆ سەر ئێران لە رێگەی سزاكانەوە راگەیاند و وتی” هاوبەشە بازرگانییەكانی ئەو وڵاتە دەكرێنە ئامانج، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت”.

لەدوای داگیركردنی عیراق لە ساڵی 2003 ئەمەریكا بە شێوەیەكی كاریگەر داهاتی نەوتی عیراقی بە دۆلار كۆنترۆڵ كردووە، بە پلەی یەكەم لە رێگەی بانكی فیدراڵی نیویۆركەوە، ئەمەش بووەهۆی كۆنترۆڵكردنی تەواوی ئابوری عیراق لەلایەن ئەو وڵاتەوە.

ئێستاش عیراق هاوپەیمانێكی بەهێزی هەریەك لە ئەمەریكا و ئێرانە، یەدەگی پارەكانی لە ئەمەریكا زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە و زۆر پشت بە نیازپاكی واشنتۆن دەبەستێت بۆ دەستەبەركردنی بەردەوامی داهات و سندوقە نەوتییەكانی.

هەرچەندە ئەمەریكا كاریگەرییەكی نائاسایی بەهێزی بەسەر عیراقدا هەیە بە بەراورد بە هاوبەشە بازرگانییە سەرەكییەكانی دیكەی ئێران، بەڵام پێگەی دۆلار وەك بەردی بناغەی بازرگانی جیهانی وایكردووە ئابوری عیراق بە تەواوی كۆنترۆڵ بكات.

هەربۆیەش ئێستا عیراق لە نێوان پشتبەستن بە واشنتۆن یان تاران گیری خواردووە و ناتوانێت هیچكامیان بە تەواوی وازلێبێنێت، چونكە بەدیلی كەمتری هەیە و توانای خۆڕاگری دارایی كەمتری هەیە لە كاتێكدا وڵاتانی وەك چین یان توركیا ئابوورییان گەورەترە و توانای بەرگەگرتنی فشارەكانیان زیاترە.

ئامارە رەسمییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی عیراق لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2025ـدا 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش بە پلەی یەكەم بەهۆی هەناردەكردنی خۆراك و كەلوپەلی بەكاربەر لەلایەن ئێرانەوە بۆ بازاڕی عیراق بووە، بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ساڵی 2026 لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لەگەڵ ئێران دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

ئێران لە مێژە عیراقی وەك پێگەیەكی ئابووری بەهێز بۆ وڵاتەكەی زامن كردووە و كاریگەرییەكی بەرچاوی سەربازی و سیاسی و ئابووری بەسەر وڵاتەكەدا هەیە لە رێگەی كوتلە شیعەكان و ئەو لایەنە سیاسیانەی كە پشتیوانییان لێدەكات، هەر عیرقیش بووەتە هۆی مانەوەی ئێران سەرەڕای سزاكان لە دوای ساڵی 2003ـوە، چونكە عیراق ساڵانە لە نێوان چوار بۆ پێنج ملیار دۆلار دەداتە ئێران بۆ غازی سروشتی كە لە بەرهەمهێنانی كارەبادا بەكاردێت.
هەربۆیەش ئابوری عیراق پەیوەندی راستەوخۆی بە ئێرانەوە هەیە بە ئاسانی ناتوانن دەستبەرداری یەكتر بن.


لە عەرەبییەوە، ئەرسەلان پەرۆش

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان