وەزیری دەرەوەی ئێران لە 48 كاتژمێردا پەیوەندی بە وەزیرانی دەرەوەی 12 وڵاتەوە كردووە

مەودا میدیا-
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند “لە ماوەی 48 كاتژمێری رابردوودا پەیوەندی بە وەزیرانی دەرەوەی 12 وڵاتەوە كردووە و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و چۆنیەتی وەستاندنی ئاڵۆزییەكانی لەگەڵ تاوتوێ كردوون”.

لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام، عراقچی رایگەیاندووە “گفتوگۆكانی كە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی عومان، میسر، ئوردن، سعودیە، قەتەر، قوبرس، توركیا، كوێت، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، تونس، عیراق و پاكستان ئەنجامیداوە، بریتی بووە لە پێداچوونەوەیەكی هەمەلایەنە بە دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و باسكردن لە ئەو كارە ئیستفزازییانەی كە ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی وڵاتەكەی ئەنجامی دەدەن”.

وەزیری دەرەوەی ئێران روونیكردووەتەوە “لەو گفتوگۆیانەدا هەڵوێستە پرەنسیپییەكانی ئێرانی خستووەتەڕوو، جەختی كردووەتەوە لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەری نەتەوەیی دەوڵەتان و راگرتنی هەموو جۆرە دەستدرێژی و هەڕەشەیەك و دووركەوتنەوە لە دەستێوەردانەكانی دەرەكی كە دەتوانێت سەقامگیری وڵاتان تێكبدات”.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی “مافی رەوای وڵاتەكەی بۆ بەرگریكردن لە سەروەری و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دووپاتكردەوە و داوای داڕشتنی رێكخستنە ئەمنییەكانی ناوچەكەی كردووە لەسەر بنەمای هاوكاریی هاوبەش دوور لە دەستوەردانی زلهێزە دەرەكییەكان”.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان