مەودا میدیا-
وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەستپێكردنی شەڕی دژ بە ماددەهۆشبەرەكانی راگەیاند و پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێكخراوەكان دووپات كردەوە.
یاسر مالیكی، وەزیری ناوخۆی عیراق لە پۆستێكدا لەسەر پلاتفۆرمی(X) رایگەیاند “دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكانی ئەو رووداوەی كە لە 20ـی ئۆكتۆبەر لە بەسرە روویدا، شانازی خۆمان دووپات دەكەینەوە بە پیاوانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەو قوربانیدانانەی كە دەیدەن لە رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران”.
وتیشی “ئێمە لێرەوە دەستپێكردنی شەڕی خۆمان دژی ماددە هۆشبەرەكان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان رادەگەیەنین، شەڕێك بۆ پاراستنی كۆمەڵگاكەمان لە مەترسییەكانی ئەم ژەهرە كوشندانە”.
ئاماژەی بەوەش كردووە “لە رێگەی ئازایەتی كارمەندە دڵسۆزەكانی دژە ماددە هۆشبەرەكانەوە ئەم دیاردەیە بنبڕ دەكەین، كە نامۆیە بە كۆمەڵگاكەمان”.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوبوویەوە كە تیایدا كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان هەوڵی دەستگیركردنی بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر دەدەن، بەڵام خۆی بە كارمەندەكاندا دەتەقێنێتەوە و رووداوەكەش لە 20ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لە بەسرە روویداوە، بەڵام گرتە ڤیدیۆییەكە تازە بڵاوبووەتەوە.
ئ پ