ئێران بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان

مەودا میدیا-
وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی دەكاتەوە كە وڵاتەكەی بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، بۆیە پێویستە جیهان دان بە بەهێزی ئێراندا بنێت.

حسێن موحیبی، لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “مووشەكەكانمان سەركەوتووانە چوونەتە ناو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە هەموو شوێنێكدا كە كردوومانە ئامانج”.

وتیشی “ئێران لە بەرامبەر هەموو ئەو دەستدرێژییانەی رووبەڕووی بووەتەوە، بە توندی وەستاوە و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردووشدا توانیومانە دەست بەسەر حەوت فڕۆكەی بێفڕۆكەواندا بگرین”.

باسی لەوەش كرد “ئەگەر دوژمنان هەر كردەوەیەكی دەستدرێژیكارانە ئەنجام بدەن، زەوی ژێر پێیان دەهەژێنین”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “وڵاتەكەی بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و جیهانیش دەبێت دان بە بەهێزی ئێمەدا بنێت، چونكە زانینی ئەو راستییەی كە ئەمەریكا تەقلیدی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانی دەكات بەڵگەیە لەسەر باڵادەستی ناوخۆیی پیشەسازی بەرگری وڵاتەكەی”.

دووپاتیشی كردەوە “هێزەكانی ئاسمانی سوپای پاسداران میكانیزمێكی كاریگەر و بەردەوامی رێگرییان لە دژی هێرشەكان بۆ سەر ژێرخانی وڵات دامەزراندووە”.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان