سیاسەتی دوژمنانی کورد، بەتایبەتی سەردەمی حوکمی بەعسی فاشیست، کە نەوەی ئێمە و زۆرینەمان شایەتحاڵی سەردەمەکە و رووداوەکان بووین؛ جۆرێک لە بەسەربازگەکردن بەرانبەر ناوچەکانی کوردستان پیادە دەکرا، وەک کەمپێکی دەستبەسەرداگرتن و قەڵاچۆکردن تەماشا دەکرا، هیچ شوێنێک و هیچ کەسێک پارێزراو نەبوو، جا لە هەر چین و توێژێک، یان تەمەنێکدا بووبێت… هەر شوێنێک توانایان بەسەردا شکا بێت و جێی مەترسی بووبێت بۆیان، خاپووریان کردووە، تەنانەت ئەگەر هەڵاتوویەکی نێو ریزەکانی سوپاش لە هەر ماڵێکدا بگیرایە، راستەوخۆ ماڵەکە بە شۆڤڵ دەڕووخێنرا… لەسەر ئاستی تاکیش؛ دەیان و سەدان گەنج لەسەر پۆشینی جلێکی رەش، گۆرەوییەکی سپی، یان هێشتنەوەی کەمێک ریش کوژراون و بێسەروشوێن کراون، لە باشترین حاڵەتدا دەستگیر کراون و ئەشکەنجە دراون… ئەمە ئەگەر باسی پرۆسە گەورەکانی وەک داگرتنی دێهاتەکان و تەعریب و کیمیابارانەکان و جینۆسایدی ئەنفالیش نەکەین… بەکورتییەکەی؛ سڵیان لە ئەنجامدانی هیچ تاوانێک نەکردووەتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، هیچ بنەماڵە و خێزان و تاکێک نییە بەجۆرێک لە جۆرەکان خاوەنی چیرۆک و سەرگوزشتەی قوربانیدان نەبێت، هەر بۆیە دەبێت ئێمەش خەمسارد نەبین و بەردەوام بین لە تۆمارکردنی ئەو مێژوو و چیرۆکانە…
خاتوو فاتمە، خاتوونێکی کوردانە و سەنگینە، لە خێزانێکی کوردپەروەردا پەروەردە بووە، هەر لە لاوێتییەوە تێکەڵاوی کار و چالاکیی رێکخراوەیی و سیاسی بووە… تەنانەت بڕیاری هاوسەرگیرییشی لە روانگەی کوردپەروەرییەوە بووە و پێی خۆش بووە سەرباری مەترسییەکان، هاوسەری پێشمەرگەیەک بێت، کە بەداخەوە ژیانی پێکەوەییان ماوەکەی کورت دەبێت و ئەوەی بۆی دەمێنێتەوە؛ کوڕ و کچێک (بەشانازییەوە) و هەگبەیەکی پڕ لە ناسۆر و خەمە…
– ناوم فاتمە عەبدولڕەحمان كوێخا عەلی گۆمەشینییە، لە 1ی تەمووزی 1963، لە گوندی (گۆمەشین)، كە سەر بە ناحیەی دیگەڵەیە و ئەویش سەر بە شاری كۆیەیە، لەدایك بووم.
ساڵی 1965، بەهۆی بارودۆخی شۆڕشی ئەوكات، چووینەتە هەولێر.
– بەهۆی باری سیاسی و پێشمەرگایەتی، نەمتوانیوە خوێندن تەواو بكەم، تەنیا خوێندنی سەرەتاییم خوێندووە.
– باوكم پێشمەرگە بوو، كاتی مفاوەزاتی ساڵی 1970 هاتینەوە شاری هەولێر و دواییش كە لە 1974 شەڕ دەستی پێ كردەوە، چووەوە ناو شۆڕش و بە حوكمی ئەو هەلومەرجانە، نەمانتوانیوە بە بەردەوامی لە شوێنێك جێگیر بین. لە پاش ساڵی 1975 دیسان گەڕاینەوە شاری هەولێر و لە گەڕەكی (سەیداوە) نیشتەجێ بووین.
– ئەوكات بزووتنەوەی سۆشیالیست هەبوو، لەبیرمە مامۆستا مەلا ناسح لهێبانی، كە خاڵی دایكم بوو، لێپرسراوێکی گەورە بوو لەناو بزووتنەوەی سۆشیالیست لە سەرەتای دروستبوونیدا. جارێك دایکم نامەی بۆ هات، پاشی نامەكە، رۆژێك ئامۆزایەكم بەناوی (حاجی عومەر عەبدوڵڵا كوێخا عەلی گۆمەشینی، كە لە گۆمەشین دادەنیشت)، هاتە ماڵمان و مەنجەڵێكی گەورەی پێ بوو، گوتی: ئەوە ماستە و تا مامم دێتەوە هیچ مەكەن. دوایی باوکم هاتەوە لە دەوام، دایكم نامەكەی دا پێی، باوکم نامەكەی خوێندەوە و زۆر شڵەژا و تێك چوو.
– ساڵی 1977- 1978 بوو، بە دروستی نازانم ساڵەكە چەند بوو، چونكە ئەوكات لەناو ئەو ئیشەی ئەواندا نەبووم.
كاتێك كاغەزەكەی خوێندەوە زۆر تێك چوو. ماڵی باپیرم (مامۆستا مەلا سەیدەمین گۆمەشینی)، واتە باوكی باوکم، لەوبەری ماڵی ئێمە بوون لە گەڕەكی سەیداوەی هەولێر، خوشكێكی لە خۆم گەورەترم هەبوو، ناوی (ئاواز) بوو، گوتی: “ئاواز وەرە عەبایەكی بە خۆتدا دە و ئەو مەنجەڵە بهێنە با بچین لەناو باخچەکەی ئەوان بیشارینەوە”.
– نازانم مەنجەڵەکە چی تێدا بوو، دەمانچە بوو یان شتی تر بوو، نەمانزانی و نەمانپرسی، بەڵام ئێمە هەستمان كرد باوکم زۆر شێوابوو، چونكە ئەوكات حكومەتی بەعس هەر شتێك پەیوەندیی بە شۆڕشەوە هەبوایە و بیگرتایە، خێزانەکەشی ئیبادە دەكرد، بۆیە ترسێكی گەورە بوو.
بۆ یەك دوو شەو دواتر، بە رێكەوت نەنكم، دایكی باوكم، كە ناوی (كەلسوم كەریم) بوو، لە گۆمەشین وەفاتی كرد و ئامۆزایەكەم (حاجی عومەر گۆمەشینی)، بە ئۆتۆمبێلی خۆی هاتە دوامان بۆ ئەوەی لە هەولێرەوە بچینەوە بۆ گۆمەشین. باوکم ئەو مەنجەڵەی لە بن خۆڵ دەرهێنایەوە و خستییە ناو پێشی پیكابەكە و لەناو عەبایەكدا شاردیەوە لە ترسی سەیتەرەی حكومەت. چووینەوە گۆمەشین و نازانم لەوێ چی لێ كرد؛ تەسلیمی كردەوە یان فڕێی دا، ئەوە یەك لەو شتانەیە كە لەبیرمە.
– ئێمە خۆشمان هەستی كوردایەتیمان هەبوو، هەروەها مامۆستا سەلام گۆمەشینی (كە ئامۆزای دایكم بوو و لە ریزەكانی سۆشیالیستدا كاری دەكرد، ئەو باڵەی لەناو یەكێتیدا بوو)، هاتوچۆی ماڵی ئێمەی دەكرد و ئاوەڵزاوایەكی هەبوو، ئەویش ناوی سەید سەلام بوو، خەڵكی گوندی گۆمەتاڵی لای كۆیە بوو. مامۆستا سەلام گۆمەشینی، لە رێکخستنی سۆشیالیستدا بوو، دەهاتە ماڵمان و لەگەڵ باوکم دادەنیشتن و قسەیان دەكرد. نازانم باسی چییان دەكرد، چونكە قسەكردنەكان بە فسكەفسك و نهێنی بوو، بەدزیی ئێمەوە قسەیان دەكرد، ئێمە تێنەدەگەیشتین باسی چی دەكەن.
– نا، كەسی تر نەدەهات و هەر ئەوانە بوون دادەنیشتن و قسەیان دەكرد. عادەت وا بوو كە پیاو دادەنیشتن، ئێمە نەدەبوایە بچین دانیشین لەگەڵیان و گوێیان لێ بگرین، بەڵام دەمانزانی خەریكی كاری سیاسین، چونكە ئەو كاتەی ئامۆزاكەم مەنجەڵەكەی هێنا و گوتی ئەوە ماستە و پووشیان لەسەر دانابوو (ئەوكات وا باو بوو مەنجەڵە ماست لە هاویناندا پووشیان لەسەر دادەنا و لە بەهارانیشدا گیا، بۆ ئەوەی ماستەكە پیس نەبێت)، كاتێک زانیمان مەنجەڵەكە قورس بوو، ئێمە هەستمان كرد ئەوە ماست نییە، چونكە ماست ئەوەندە قورس نابێت، تێگەیشتین ئەوە شتێكی نهێنیی تێدایە، جا نازانین دەمانچە بوو، یان نارنجۆک و شتی وا بوو، بڵاوكراوەش نەبوو، چونكە بڵاوكراوە ئەوەندە قورس نییە.
– لە بەهاری ساڵی 1981، لە رێگەی ئومێد گۆمەشینی، كە كوڕی شەهید بەكر گۆمەشینیی شوبرام بوو، کە ئێمە خزمی یەكتری بووین و زۆر لێك نزیك بووین، لە رێگەی ئەوەوە چووینە ناو رێكخستنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، بەڵام لەبیرم نەماوە ئەو لە رێكخستن سەر بە كێ بوو.
– بەڵێ، لەگەڵ شەهید فەقێ گۆمەشینی (كە دوایی بووە هاوسەرم) کە مامی ئەو بوو، ئاگایان لە یەكتری هەبوو، هەرچەندە ئەوكات من لەگەڵ شەهید فەقێ هیچ پەیوەندییەكم نەبوو، جگە لە خزمایەتی، چونكە كوڕە پلكم بوو و تێكەڵاویمان زۆر بوو، بەتایبەتی باوکم زۆر ئاگای لەوان بوو.
– شانەی رێکخستنەکەمان ناوی شانەی شەهید ئارام بوو، ئومێد گۆمەشینی سەرپەرشتی دەكرد و ئێمە چەند كچێكی خزم بەیەكەوە كارمان دەكرد لەو شانەیەدا، لەوانە: من بووم، كە ناوی نهێنیی رێكخستنم (ئاڵا) بوو، قەدەم خێر حاجی سەید حەمەد گۆمەشینی، كچی پلكم بوو. ئەندامێكی تری رێكخستن؛ مەرزی عەبدولڕەحمان گۆمەشینیی كچی خاڵم (عەبدولڕەحمان گۆمەشینی) بوو، كچێكی تر ناوی (دیمەن) بوو، خوشكی (شێخ سەردار) بوو، كاك سەرداریش لە رێكخستندا كاری دەكرد و زیندانی سیاسی بوو، لە ئەبو غرێب گیرابوو كاتێک رێكخستنەكانی كۆمەڵە لە ساڵی 1977 لە هەولێر ئاشكرا بوون، بەڵام ئەوكات ئازاد كرابوو. ئەوان دوو خوشك بوون، ئەوەی تر ناوی (سورەیا) بوو. دوو ئەندامی كوڕیشمان لەگەڵ بوو لە رێکخستندا، یەكێكیان ناوی (یوسف) بوو، كە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، ئەوەی تریش ناوی (دكتۆر ئەحمەد جەواد) بوو، كە ئێستا پزیشكە و لە بەریتانیا دەژی، ئەوکات خوێندكاری ئامادەیی رزگاریی كوڕان بوو لە هەولێر، لەگەڵ ئومێد گۆمەشینی هەم هاوپۆل بوون، هەمیش لە رێكخستندا بوون.
– لە سەیروسەمەرەكانی كاری رێكخستن ئەوە بوو، ئەو پەیوەندییانە ئەوەندە نهێنی بوون، لەناو خێزاندا هیچ كەس هەستی بە دایك و باوك و خوشك و برای خۆی نەدەكرد كەوا خەریكی كاری رێكخستنە. نموونەیەكت لەو بارەیەوە بۆ بگێڕمەوە؛ مام حاجی سەید حەمەد گۆمەشینی، باوكی (قەدەم خێر)، كە مێردی پلكم (زەكیە مەلا سەیدەمین مەلا كەریم گۆمەشینی) بوو، ئەویش لە هێڵێكی دیكەی رێكخستندا كاری دەكرد، رۆژێك مام حاجی بڵاوكراوەیەكی یەكێتی (ڕێبازی نوێ)ی بۆ دێت، بەڵام لەبەر ئەوەی خوێندەوارییەكەی ئەوەندە باش نییە بتوانێت هەمووی بەخێرایی بخوێنتەوە، بۆیە بانگی كچەكەی (قەدەم خێر) دەكات و دەڵێت وەرە ئەوەم بۆ بخوێنەرەوە، بەڵام لای كەس باسی نەكەیت. قەدەم خێریش سەیر دەكات ئەوە هەمان ئەو (ڕێبازی نوێ)یەیە كە بۆ ئەویش هاتووە لە هێڵێكی تری رێکخستنەوە، ئەوكات قەدەم خێر بۆی ئاشكرا دەبێت كە باوكیشی لە هێڵێكی تری رێكخستنی یەكێتیدا كار دەكات، بەڵام هێشتا خۆی ئاشكرا ناكات، كە بڵێت بابە منیش لە هێڵێكی تری رێكخستن كار دەكەم.
– ئێمە، تەنیا كچەكان بەیەكەوە كۆبوونەوەمان دەكرد لەگەڵ ئومێد گۆمەشینی، كە سەرپەرشتیی رێكخستنەكانی ئێمەی دەكرد و كوڕەكان لەگەڵ ئێمە دانەدەنیشتن، ئەوان بە جیا كۆبوونەوەی خۆیان دەكرد.
هەر جارەی لە ماڵی یەكێكمان و زۆربەی جار لە ماڵی خاڵم، عەبدولڕەحمان گۆمەشینی، کۆ دەبووینەوە. لەبەر ئەوەی ئەو فەرمانبەر بوو لە دائیرەی پارێزگای هەولێر، پلكم لە ماڵەوە بەتەنیا بوو، هەر تەنیا تاقە كچێكیان هەبوو، كە ناوی (مەرزی) بوو، لەگەڵ ئێمەش بوو لە رێکخستن. هەروەها لە ماڵی (دیمەن و سورەیا)ش كۆبوونەوەمان كردووە.
– من هیچ کەسێکم نەهێناوەتەوە ناو رێکخستن، چونکە ئێمە وەك خزم بووین، كەسی ترمان نەدەهێنایە ناو رێکخستنەوە.
– ئەوكات ماڵمان لە هەولێر بوو، لە گەڕەكی بەلاشاوە، كە دوایی بووە گەڕەكی مامۆستایان، بڵاوكراوەمان بڵاو دەكردەوە و بە دیوارەكانی خوێندنگە و كۆڵانەكاندا هەڵماندەواسین، یان كاتێك بڵاوكراوەمان بۆ دەهات، دەماندا بە هاوڕێكانی رێكخستنمان.
– زۆر جار دەچووینە ناوچە ئازادکراوەکان بۆ هێنانی بڵاوکراوە، بۆ نموونە؛ كە دەچووینەوە گۆمەشین، بڵاوكراوەمان دەهێنا، لەژێر جلەكانمەوە لە پشتی خۆم دەبەست و دەمشاردەوە، دیارە گەنج ئەو ترسەی نییە و چاونەترسە، زۆر جار كە ئێستا بیر دەكەمەوە، دەڵێم ئەگەر ئێستا بەم تەمەنەمەوە ئەو كارانە بكەم، قەت ناوێرم و دەترسێم.
– یەکێک لە بیرەوەرییەکانی ئەو کاتەم، ئەوەیە کە لە كاتی خۆپیشاندانەكانی (نیسان و ئایاری ساڵی 1982)، زۆر زۆر ترسمان هەبوو ئاشکرا بین. رۆژێكیان ئومێد گۆمەشینی هات گوتی: رات چییە بەشداری لە خۆپیشانداندا بكەم؟ منیش گوتم: بڕۆ و بەشداری بكە! ئەوكات لەبەر ئەوەی گەنج بووین، كەمتر هەستمان بە ترس و ئەنجامەكانی دەكرد. سەرەتای شۆڕش بوو، نەماندەزانی ترس چییە، جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئێستا، كە گەورە دەبیت، زیاتر هەست بە ترس دەكەیت لەوەی گەنجێك بچێت كارێكی پڕ لە مەترسی ئەنجام بدات. گوتم: بەڵام ئومێد ئاگات لە ئێمە بێت. ئەویش گوتی: مەرج بێت، ئەگەر لە سێدارەش بدرێم ناوی كەستان نادەم. ئەوە بوو ئومێد بەشداریی كرد لە خۆپیشاندانەكاندا و بۆ ماوەی حەفتەیەك گیرا، دوایی بە لێبووردنی گشتی، سەرجەم گیراوەكانی خۆپیشاندانەکان ئازاد كران و ئەویش ناوی كەسی نەدا.
– سەبارەت بە چۆنێتیی هاوسەرگیریکردنم؛ بیركردنەوەی ئەوكات وەك ئێستا نەبوو، باوکم بڕیاری دەدا كچەكانی بداتە كێ یان نا. بە راشکاوی قسە بكەم؛ بڕیار لە دەست خۆماندا نەبوو، ئەوان داوای منیان كرد و باوکیشم رەتی نەكردەوە.
من هیچ رایەكم نەبوو، بڵێم ئا یان نا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم خۆش بوو، لەبەر ئەوەی (فەقێ) كوڕێكی باش بوو، شایستە بوو. منیش پێم خۆش بوو كە ئیختیاری منی كردبوو. نە كەس رێگر بوو و نە خۆشم پێم ناخۆش بوو.
– لە 18ی تشرینی دووەمی 1983 هاوسەرگیریمان كرد، ئەو كاتە لە هەولێر دەژیام و هاوسەرەكەم پێشمەرگە بوو، فەرماندەی كەرتی 3ی بەردەبازی تیپی 86ی دەشتی هەولێر بوو. ئیتر لە گوندەكەی خۆمان ماڵێكی سادە و ساكاری پێشمەرگایەتیمان دانا و بە بووكی چوومەوە گۆمەشین.
– لەگەڵ ئەوەی ماوەی هاوسەرگیریمان کەم بوو و نەگەیشتە سێ ساڵ، بەڵام بەرهەمی هاوسەرگیرییەكەمان؛ لە خوا بەزیاد بێت، كوڕێك و كچێكمان هەیە، كوڕەكەم ناوی (هەكاری)یە، سەرەتا كۆلێژی كشتوكاڵی تەواو كرد، دوای ئەوە كۆلێژی یاساشی تەواو كرد و ئێستا كاری پارێزەری دەكات. كچەكەشم ناوی (گرانە)، دەرچووی كۆلێژی ئاداب، بەشی فارسییە و ئێستا مامۆستایە لە خوێندنگەیەکی هەولێر. هەردووکیان هاوسەرگیرییان کردووە و منداڵی خۆیان هەیە.
– هەرچەندە ژیانی ئەو کاتە سەخت بوو، بەڵام ژیانمان ناخۆش نەبوو، بەپێچەوانەوە زۆریش خۆش بوو، ماڵمان ئاوەدان دەبووەوە و پێشمەرگە دەهاتنە لامان. زۆر خۆش بوو، ماڵێكی گەورەمان دانابوو.
– دوای ئەوەی هاوسەرگیریم كرد و چوومە گوندی گۆمەشین، لە رێكخستن دانەبڕام، بەڵکوو لە رێگەی كادیری ناوچەكە، كاك عەلی ئیلینجاغی، دووبارە پەیوەندیمان كردەوە بە رێكخستنەوە و بە شانەكانی رێكخستنەوە و كۆبوونەوەمان ئەنجام دەدا.
– سەرەتا لەبەر ئەوەی گۆمەشین گوندی خۆمان بوو، لەوێ نیشتەجێ بووین، بەڵام دوای تێكچوونی گفتوگۆی یەكێتی و حكومەت لە 1985، حكومەتی بەعس دەستی كرد بە تێكدانی گوندەكان و لە هەر شوێنێك پێشمەرگە شەڕی لەگەڵ حكومەت بكردایە، ئەو گوندەی دەسووتاند و تێكی دەدا. سیاسەتێكی وای پەیڕەو دەكرد، كەوا خەڵكی گوندەكان پێشمەرگەكانی خۆیان، كە وەك كوڕی خۆیان سەیریان دەكردن، لێیان وەڕس و بێزار ببن و پێیان خۆش نەبێت پێشمەرگەكان بێنەوە ناو گوندەكان، بۆیە ئەو جۆرە هەستە لە زۆربەی گوندەكاندا دروست بووبوو، كە ناحەقیان نەبوو، ئەوانیش خاوەنی بەرژەوەندیی خۆیان بوون و بەهۆی بوونی پێشمەرگە لەناو گوندەكاندا، بەرژەوەندی و تەنانەت ژیانیشیان دەكەوتە مەترسییەوە. ئەوە لە لایەك، لە لایەكی تریشەوە، گوندەكەی ئێمە (گۆمەشین)، چەندین جار حكومەت پەلاماری داوە، تەنانەت لە 8ی کانوونی یەکەمی 1965، لە سەردەمی حكومەتی عەبدولسەلام عارفدا سووتاوە.
ئەوە بوو لە 16ی نیسانی 1985، كۆمەڵێك چەكدار و جاشی رژێم هەڵیانكوتایە سەر گوندەكەمان و پێشمەرگەكان لێیان هاتنە دەست و هەڵیانبڕین. جارێكی تریش لە 24ی نیسانی 1985، دیسان حكومەت بە جەیش و جاشێكی زۆرەوە پەلاماریان دایەوە، کە بۆ گرتنی 17 پێشمەرگە هاتبوون. دوای شەڕێكی دەستەویەخە، توانییان بەبێ زیان رزگاریان بێت.
– نەخێر، هەر بەوە وازیان نەهێنا؛ لە 24ی نیسانی 1987 حكومەت گۆمەشینی بە شۆڤڵ تێك دا و لە دواجاریشدا لە 6ی ئابی 1988 لەگەڵ زەوی تەختی كرد.
زۆر جار خەڵكی هەندێک لە گوندەکان ئەو باسەیان دەورووژاند كە حەق وایە پێشمەرگە نزیكی گوندەکان نەبنەوە، بەڵام هاوسەرەكەم (شەهید فەقێ گۆمەشینی)، دەیگوت من هەرگیز گوندی خۆم بەجێ ناهێڵم.
– ئەو ساڵەی كە گفتوگۆی حكومەت و یەكێتی هەبوو، ژیانمان خۆش بوو، بەڵام دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ، ئیدی ژیانمان بەرەو ناخۆشی رۆیشت.
– لە 16ی نیسانی 1985، ئێمە لە ماڵەوە دانیشتبووین و میوانیشمان هەبوو، كات 8ی ئێوارە بوو، كۆمەڵە جاشێك هاتن و دەستڕێژێكیان لە ماڵی ئێمە كرد، خوای گەورە رەحمی كرد كە هیچ كەسێک بەرنەكەوت. هاوسەرەكەم لە ماڵەوە بوو، ئەوكات فەرماندەی كەرتی 3ی بەردەبازی تیپی 86ی دەشتی هەولێر بوو، چەندان پێشمەرگەی تریشی لەگەڵدابوو. شەهید فوئاد گۆمەشینی، لە گوندی شاخەپیسكەی دراوسێمان بوو، نزیكەی نیو کاتژمێر بە پیادەڕێ دوورە، كە گوێی لە دەنگی تەقە دەبێت، هات بەهانامانەوە، ئیدی جاشەكان راونران تا شەقامی گشتیی كۆیە هەولێر. جاشەكان مەفرەزەیەكی كەم بوون، ئێستاش نەمانزانی بۆ چ مەبەستێك هاتبوون.
دووبارە لە شەوی 24ی نیسانی 1985، كاتژمێر 4ی بەیانی، هاوسەرەكەم لەگەڵ كەرتەكەی، كە نزیكەی17 پێشمەرگە بوون، لە گوندی گۆمەشین بوون، حەرەسیاتی پێشمەرگەکان شەوانە سەعات بە سەعات دانرابوون و دەگۆڕدران، بەڵام وا دیارە لەو كاتەدا پاسەوانەکە ئاگادار نەبووە یان خەوی لێ كەوتووە، جاشەكانی كۆیە و پشدەر، کە نزیكەی 700 كەس دەبوون، چواردەوری گوندەكەیان گرتبوو. دیارە ئەوكات رژێمی بەعس لە رێگەی جاش و جاسووسەكانی خۆی و كەسوكاریانەوە لە زۆربەی ناوچە رزگاركراوەكاندا كەسانی نەفسنزم و خۆفرۆشی چاندبوو، كە خەبەری هاتنی پێشمەرگە بۆ ناو گوندەكان بە رژێم بگەیەنن و بەدڵنیاییەوە ئەو شەوە خەبەر درا بووە دەزگاكانی ئەمن لە شاری كۆیە، ئەگینا عەقڵ نایبڕێت ئەوان لەخۆوە هاتبن، تەنانەت جاشی وای تێدا بوو كە خەڵكی گوندەكە بوو و تەقەی لە گوندەكەی خۆی و پێشمەرگەی گوندەكەی خۆی كردووە، ئێستاش وا دەسووڕێتەوە. ئەوەی ئەو شەوە گوندی گۆمەشینی بینیبێت، دەزانێت كەوا چۆن هەر چواردەوریان گرتبوو؛ نەخۆشخانە، گۆڕستان، گردی مام سەید عەوڵایی و گردی داندۆكانی ماڵی مام ئاغایی و خوێندنگە و هەموو شوێنەكان گیرابوون، تەنیا رێگەیەك لە خوارووی گوند مابوو، ئەوەش بەهۆی ئەوە بوو نەیانزانیبوو تا بیگرن.
كاتژمێر 4ی بەرەبەیان لە دەنگی ئاڕ پی جی بەخەبەر هاتین، پێشمەرگەكان خێرا خۆیان بەست و تاقم و فیشەكدانیان لە خۆ دا و بەتەقەكردن وەڵامی جاشەكانیان دایەوە، بەڵام دۆخێكی ئەوەندە ناخۆش و لەناكاو بوو؛ لە هەر چوار لاوە تەقە بەرەو رووی هەموو ماڵەكانی گوند دەكرا، بەتایبەتی ماڵی ئێمە. هاوسەرەكەم فریای ئەوە نەكەوت شەهید فوئاد گۆمەشینی كە دراوسێمان بوو، بانگ بكات و ئاگاداری بكاتەوە، هەرچەندە دڵنیا بووین هەموو كەس لە گرمەی ئاڕ پی جییەکە بە خەبەر هاتبوو، بە شەهید فوئادیشەوە، بەڵام هەر پێویست بوو ئاگادار بكرێتەوە. ئیدی لەو رزگاربوونەدا شەهید فوئاد دەورێكی قارەمانانە و جەسوورانەی بینی، كە بە دوو گوللە ئاڕ پی جی سەنگەرێكی پتەو و قایمی جاشەكانی لە خوارووی گوند هەڵتەكاند، كە لە گردی ماڵی مام سەید عەوڵا بوو.
جاشەكان كاتژمێر 2ی شەو هاتبوونە ئەو ماڵەوە، ماڵ و منداڵەكانیان ناردبووە گۆمەشینی ئەوبەر، لێنەگەڕابوون بێنەوە ناو گوند، نەوەك خەبەری پێشمەرگەكان بدەن، هەر بۆیە بەو گوللە ئاڕ پی جییانە سەنگەریان چۆڵ كرد و هەڵاتن. ئیدی هەموو پێشمەرگەكان بەسەلامەتی دەرچوون لە گوند، تەنیا پێشمەرگەیەك بەناوی كاك ئەمجەد مەلا محەمەد شاخەپیسكەیی، گوللەیەك بەر قاچی كەوت و بەسووكی بریندار بوو، ئەویش بەسەلامەتی دەرچوو، كاك جەلال ئیلینجاغییش لە ماڵێكدا خۆی شاردەوە تا جەیشەكە رۆیشتن و كەس پێی نەزانی، ئەویش بەسەلامەتی رزگاری بوو.
– دوای رۆیشتنی پێشمەرگەكان، كاتژمێر 8ی بەیانی جاشەكان هاتنەوە ناو گوند.
– جاشەكانی كۆیە و قاسم ئاغا و زاهیر ئاغا بوون، هێزێکی سەربازییش لە شەقامەکە راوەستابوون و هێشتا نەهاتبوونە خوارەوە بۆ ناو گوندەكەمان.
– فیرارەكان كە ژمارەیان زۆر بوو، شەوانە لە ترسی هاتنی هێزی حكومەت دەڕۆیشتنە دەرەوەی گوند، بەڵام ئەو شەوەی كە پێشمەرگە لە گوند بوون، ئیدی ئەوانیش گوتبوویان مادام پێشمەرگە لە گوندایە، ئێمەش ناچینە ئەو دەشتودەرە، ئەوان حەرەسیاتیان هەیە و پشتی خۆیان لێ كردبووەوە.
فیرارەكان هەندێكیان زۆریان حەز دەكرد ببنە پێشمەرگە، بەڵام شۆڕش دەیگوت پێویستە هەندێك وەك هێزی پشتیوانی هەر لەناو گونددا بمێننەوە، باشترە وەك پشتیوانی شۆڕش و پێشمەرگە بن، چونكە زۆر جار ئەو فیرارانە كاروباری شۆڕشیان جێبەجێ دەكرد و دەیانناردنە سماقووڵی، كە بارەگای مەڵبەندی 3ی یەكێتی لەوێ بوو، یان راسپاردەیان دەبردە گوندەكانی دەوروبەر، هەروەها بە ئیشوكاری تر و هاوكاریكردنی پێشمەرگە لە كاتی چالاكییەكاندا.
– ئەو کاتەی جاشەکان هاتنەوە ناو گوند، ئێمە هەر لەناو گوند بووین. ئەوكات ماڵی خزمێكی ترمان لەگەڵ بوو، ناوی كاكەجوان سابیر گۆمەشینی بوو، كەیوانی برای، پێشمەرگەی كەرتەكەی شەهید فەقێ بوو. یەكێك لە جاشەكانی كۆیە هاتە ماڵی ئێمە و شەقێكی لە سێڵ و خوانەكەمان دا و رۆیشت، نەمزانی ناوی چی بوو. من و نەجاتی كچە پلكم، كە خێزانی كاكەجوان گۆمەشینی بوو، هەر خەریكی شاردنەوەی فیشەك و وێنەی پێشمەرگایەتی و ئەو شتانە بووین كە قاچاغ بوون، دوای ئەوە جاشێکی تر هات، کە هەتا ماوم مەمنوونی ئەوم، زۆر بەڕێزەوە سەلامی كرد و گوتی: ئێرە ماڵی فەقێ گۆمەشینییە؟ منیش لەترسان گوتم: نەخێر، هەو نییە. گوتی: تۆ خێزانی كاك فەقێی؟ گوتم: نەخێر، هەو نیم. گوتی: با دەزانم هەوی. دیارە ئەو كەسە نە من و نە فەقێی هاوسەریشمی نەدیبوو، بەڵام دیارە وەسفی بۆ كرابوو. گوتی: دەزانم هەوی، ئێستا هێزی سەربازی دێن، بەتایبەتی بۆ گرتنی ئێوە و ماڵ و منداڵی ماڵی مام غەفوور هاتوون. مام غەفوور، سەرتیپی 86ی دەشتی هەولێر بوو، ئەوكات ماڵی لە گۆمەشین بوو. بۆیە گوتی: خۆتان بشارنەوە و ئەو جلەت بگۆڕە! دیارە ئەوكات من جلێكی شارستانیم لەبەردا بوو، گوتی: جلێكی وەك خەڵكی گوندی لەبەر بكە و بڕۆ ناو ژنەكان، چونكە ئێستا ژن و پیاوەكانی گوند هەموو كۆ دەكەنەوە و هەرچی خۆی بشارێتەوە و دوایی بگیرێت، تووشی سزا دەبێت.
دوای ئەوە جاشی زۆرتر هاتن و گوتیان وەرنە دەرێ، ئێمەیان بردە سەرووی گوند. كە لە ماڵی خۆمان هاتمە دەرێ، لە سەربانی ماڵی شەهید فوئاد، زاهیر ئاغا راوەستابوو، من دەمناسی و كاتی خۆی زۆر هاتبووە ماڵی ئێمە لە هەولێر، واتە ماڵی بابم. پێش ئەوەی ببێتە چەكدار و موستەشار، زۆر برادەر بوو لەگەڵ باوکم، لەبەر ئەوەی خێزانەكەی، كە ناوی (گەرحە) بوو، كچە پلكی بابم بوو. چەكدارێکی تر لەگەڵ زاهیر ئاغا بوو، شۆفێری بوو، ناوی سەعدی بوو، ئەویش زۆر دەهاتە ماڵی ئێمە. كە ئەوانم بینی، زاهیر ئاغا هیچ ئاوڕی لە من نەدەدایەوە و سەری بڵند نەكرد، زانیشی ئەوێ ماڵی ئێمەیە و دیارە نەیوێراوە، لەبەر ئەوەی نەوەك یەكێك زمانی لێ بدات و بەرپرسیار بێت، بۆیە قسەی لەگەڵ من نەكرد، بەڵام سەعدی كە منی بینی، گوتی: فاتم، ئەوە چ دەكەیت لێرە؟ دوای ئەوەی ژن و پیاویان لێك جودا كردەوە، پیاوەكانیان بردە لای خوێندنگەی گوند و فیرارەكانیان جیا كردەوە. قاسمە كۆرمیلی چەكیان لێ رادەكێشێت و دەڵێت هەمووتان شایەتمان بهێنن. لەو كاتەدا زاهیر ئاغا دەڵێت: قاسم ئاغا راوەستە، كاكە ئەوە مەكە، ئێمە خەڵكی ناوچەکەین و یەكجار ئەوهاش نا، ئەوانە خزمن. نازانرێت بە تاكتیك و فرتوفێڵ وا دەكات، یان هەر لەبەر تەكلیفی زاهیر ئاغا رادەوەستێت و فیرارەكان رەمی ناكات و نایانكوژێت. دوای ئەوە، ئینجا پێیان دەڵێت: جەلالییەكان وەرن ببنە چەكدار لای من، ئێوە هەموو عایدی (فەقێ)نە و بەدوای ئەوانە مەكەون… دوای ئەوە، بە فیرارەكان دەڵێت: ئێستا هێزێکی سەربازی دێت، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە ناو دێ، ئێوە بڕۆنە پشتەوەی گوند، وا جاسمی برام لەوێیە. دیارە حسابی ئەوەی كردووە ئەگەر ئەو فیرارانە بكەونە دەست سەربازەکان، ئیتر دەسەڵاتیان بەسەردا ناشكێت رزگاریان بكەن. باش بوو هیچی لێ نەكردن.
ئینجا هێزەکە هاتنە ناو گوند، ماڵی ئێمە و مام غەفووریان سووتاند و هیچمان نەما، بەڵام زاهیر ئاغا یەك دوو لە چەكدارەكانی تێگەیاند کە بە دزی و نهێنی بێن ئاگرەكەی ماڵی ئێمە بكوژێننەوە و هەندێك ژنی خزمیش چووبوون ئاویان لە ماڵەكانی خۆیان هێنابوو بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە. ئێمە هەر نەماندەوێرا نزیك بینەوە و خۆمان ئاشكرا بكەین. چەكدارەكانیش هەندێك شتیان دەرهێنابوو، بەڵام زۆربەی شتەكان سووتابوون.
– دوای ئەوەی ماڵەكەمان سووتا، بووە باران و بارانێكی بەلێزمە باری. هێزەکە دەستی كرد بە كشانەوە، چونكە ئەوكات هێزی سەربازی لە گوندەكاندا بە بارانان پەكی دەكەوت و ئۆتۆمبێلەکانیان لە قوڕدا دەچەقین، بۆیە دەستیان بە كشانەوە كرد. هێزە سەرەكییەكە نەیتوانی بێتە خوارەوە بۆ ناو گوند، جاشەكانیش دەستیان بە گەڕانەوە كرد و منیش بەرەو ماڵەکەم دەگەڕامەوە. لە رێگە تووشی ئەو چەكدارە بوومەوە کە سەرەتا ئاگاداری کردمەوە، دوو شتی پێ بوو؛ جەمەدانییەك و كڵاوێك، گوتی: “لە جاشێكم سەندووە، هانێ بتدەمەوە. من ناوم محەمەد عەلی شەوگێرییە”. هەروەها گوتی: “زۆر سەلام لە كاك فەقێ بكە”، ئەو پیاوە زۆر مەرد بوو، پیاوێكی پیاوانە بوو، دیارە لە ناچاریدا بووبووە چەكدار، بۆ پاراستنی خۆی و نەیتوانیوە ببێتە پێشمەرگە. ئەو پیاوە چاكەیەكی زۆر گەورەی لەگەڵ كردین، ئەگەر شتەكە كەمیش بێت، بەڵام زۆر گەورە بوو، چونكە ئەو جاشانە لە دوای تاڵانی و شتی تر دەگەڕان. من جانتایەكی بچووكم هەبوو، كاتی خۆی هاوسەرەكەم لە زیندانی ئەبو غرێب بە زەنگیانە دروستی كردبوو، بەڵام بۆ منی دروست نەكردبوو، ئەو کاتەی كە بە بووكی هاتمە لای ئەوان، بەر من كەوت. هەندێك پارەشی تێدا بوو، جاشەكان بردبوویان.
– دوای ئەوەی پێشمەرگەكان بۆ دەمەوعەسر گەڕانەوە ناو گوند، فەقێش هاتەوە. هەواڵ گەیشتبووە هەولێر، گوتبوویان كەوا ماڵیان سووتاوە و شەڕێكی گەورە كراوە لە گۆمەشین و خەڵك و خزم بەهاوارمانەوە هاتوون. ئەوكات نە تەلەفۆن هەبوو، نە هۆیەكانی راگەیاندن هەبوو، تا هەواڵەكە بە راستی و دروستی بگاتە هەموو لایەك.
كاتێك هاوسەرەكەم هاتەوە سەر خانوویەکی سووتاو و ماڵێكی وێران و رووخاو و هەموو ماڵەكەمان لەناو قوڕدا بوو، دۆخێكی یەكجار ناخۆش بوو. هەندێك لە خەڵكەكە گەڕانەوە هەولێر، لەبەر ئەوەی مەترسی زۆر هەبوو؛ هەموو دەم و ساتێك حكومەت پەلاماری گوندەكان و پێشمەرگەی دەدا، بۆیە هەندێك لە خزمەكان كە لە هەولێرەوە هاتبوون، مانەوە و هەندێكیشیان چوونەوە، چونكە نەیاندەتوانی لە دەشت و گوند بمێننەوە.
هەر ئەوكات لە (مەڵبەندی سێ)وە برووسكە بۆ فەقێ كرابوو كە بگاتە بارەگای مەڵبەند لە سماقووڵی، فەرمانی بۆ دەرچووبوو كە لە فەرماندەی كەرتەوە بكرێتە جێگری سەرتیپی 93ی كۆیە، هەرچەندە تەندروستی یەكجار خراپ بوو، بەردەوام ژانەسەری هەبوو، ئەمە جگە لەوەی ئەو هەموو شەڕ و ناخۆشییەی دیتبوو، بەڵام دەبوایە بەو بەیانییە بڕوات بۆ سماقووڵی، كە زۆر دوور بوو، نزیكەی 40كم دەبوو بە پیادەڕێ.
دوای ئەوەی لە مەڵبەند گەڕایەوە، دووبارە ئاگاداریان كردنەوە كەوا لە ناوچەی (بۆتێ)، واتە لای سەركەپكان و دۆڵی پڵنگان، حكومەت نیازی پەلاماردانی ئەو ناوچە رزگاركراوانەی هەیە و دەبێت هێزی پێشمەرگە بگاتە ئەو شوێنانە، ئەوانیش رۆیشتن و نزیكەی سێ مانگیان پێ چوو. ئێمە ەیچ هەواڵێكمان نەدەزانی و هاتینە هەولێر لای ماڵی بابم و دوای ماوەیەك چووینەوە گۆمەشین.
– لەگەڵ خوشكە گەورەكەم، كە ناوی (نەجیبە)یە، چوومەوە گۆمەشین، ئەو زۆر هاوكارم بوو، هەمیشە وەك پاڵپشتێك بوو بۆ من.
– خەریكی خاوێنكردنەوەی ماڵەكە و سەرلەنوێ دانانەوەی بووین. لە لایەکی تریشەوە چاوەڕێی هەواڵ و سۆراغێكی هاوسەرەکەم دەكرد. رۆژێك چووینە دەرەوە، شەهید فوئاد و هەندێك ژنی خزمی خۆمان لەسەر بەرزاییەكی گوندەكە راوەستابووین، لە لای گوندی (تەكەوری) بووە تەقە، مەفرەزەیەكی جاش كەوتبوونە ناو كەمینی پێشمەرگەوە و شەڕێكی گەورەیان كرد، ئێمەش لەترسی ئەوەی نەوەك حكومەت پەلاماری گوندەكان بدات، لەگەڵ شەهید فوئاد گۆمەشینی، كە پێشمەرگە بوو و زۆر شارەزای هەموو رێگەوبانەكانی ناوچەكە بوو، بەڵام ئەوكات لە ماڵەوە دانیشتبوو، چونکە كەمێك زویر بووبوو لەسەر مەسەلەی ئاڵای شۆڕش، رۆیشتین بەرەو گوندی شاخەپیسكە. بە شەو و بە پیادە. ئەوكات (هەكاری) تەمەنی نۆ بۆ دە مانگان بوو. كاتژمێر 12ی شەو گەیشتینە گوندی شاخەپیسكە و شەو لەوێ بووین. بەیانیی زوو هاتینەوە گۆمەشین و خەبەریان هێنا کە حكومەت بەیانیی خۆڵ لەسەر رێگەكانی گوندەكان رۆ دەكات و بە ناوچەی قەدەغەكراویان هەژمار دەكات و هەر كەس لەو ناوچانە ببینرێت و بگیرێت، وەك پێشمەرگە حسابی بۆ دەكرێت و رووبەڕووی توندترین سزا دەبێتەوە. ئێمەش لەگەڵ ماڵی كاكەجوان گۆمەشینی و نەجیبەی خوشكم ماڵەكەمان گواستەوە و چووینە گوندی گورزەیی، كە پێنج كم لە گۆمەشینەوە دوور بوو. دوو سێ شەو لەوێ بووین، گوتمان ئەو گوندە زۆر نزیكە لە شەقامی گشتییەوە، کە تەنیا دوو كیلۆمەتر لە شەقامی گشتیی كۆیە-هەولێر دوور بوو، بەكەڵكی ئێمە نایەت، چونکە ئێمە ماڵە پێشمەرگەین و رەبایەی حكومەت، كە جاشی تێدا بوو، لەسەر گردێكی نزیك گورزەیی بوو، كە پێیان دەگوت “گردی تایێ” و زۆر نزیك بوو لێمانەوە.
ئێمە لە خوێندنگەیەکدا بووین پڕی خەڵك بوو، بۆیە كاكەجوان گۆمەشینی بەمەبەستی دۆزینەوەی شوێنێكی گونجاوتر و گوندێكی دوورتر لە شەقامی گشتی، رۆیشتە گوندی كانی دەربەند. كوڕێك هەبوو ناوی (ئاكۆ) بوو، كوڕی مام سەعید كانی دەربەندی بوو. ئاكۆ و عەبدولقادر، ئەو دووانە و ماڵی مام سەعید كانی دەربەندی، هەرگیز چاكەی ئەوانە لەبیر ناكەین تا رۆژی قیامەت، زۆر پیاوەتیی گەورەیان لەگەڵ ئێمە كرد. ئەوكات كەم كەس دەیوێرا ماڵە پێشمەرگە داڵدە بدات و بحەوێنێتەوە، هەرچەندە ناحەقیان نەبوو، چونكە وەك پێشمەرگە حسابیان بۆ دەكرا لەلایەن حكومەتەوە. كاك ئاكۆ و كاك عەبدولقادر، دوو تراكتۆریان هێنا و ماڵی ئێمە و ماڵی كاكەجوانیان بار كرد و چووینە ناو خوێندنگەکەی كانیی دەربەندییەوە.
– مامەڵە و رەفتاری خەڵکی گوندەکان زۆر جوان و باش بوو لەگەڵمان، ئێستاش مەمنوونی یەك بەیەكیانین و تا ئێستاش ئەو پەیوەندییە لەنێوانماندا هەر ماوە، دوای 40 ساڵ هەمیشە لە هەواڵی یەكتر ئاگادارین و دەپرسین.
ئێوارە چووینە ماڵی مام سەعید، خواردنێكی زۆریان كردبوو، من و خوشكەكەم و ماڵی كاكەجوان گۆمەشینی. شەوەكەی لە ماڵی مام سەعید ماینەوە و شەوی دواتریش ئیزنیان نەداین، دوای ئەوە چووینەوە خوێندنگەکە.
کاتێک بەیانی لە خەو هەڵساین، دیتمان جامێک ماستی گەورە، سەلەی تەماتە و بامیە و باینجان و نان و ئەو شتانە دانرابوون، تانكییەكی گەورەی ئاویان دانابوو، كابرایەك ناوی مام برایم بوو، ئاوی دەهێنا بۆمان. نزیكەی مانگ و نیوێك لەوێ ماینەوە، خەڵكەكە زۆر باش بوون لەگەڵمان، خوای گەورە پاداشتی خێریان بداتەوە.
– دوای ئەوە، خەڵكی تریش لە گۆمەشینەوە هاتنە كانیی دەربەند. لە مانگی کانوونی یەکەمی 1985 هاوسەرەكەم هاتەوە، سەرەتا چووبووە گوندەكەی خۆمان، وای زانیبوو لەوێین، بەڵام كاتێك دەچێتەوە گوندەكە، سەیر دەكات تاك تاكە ماڵی تێدا ماوە و هەمووی باریان كردووە. وەك بڵێی بەسەر هەواری خاڵیدا كەوتبوو. ئینجا پرسیاری لە كاك سەعید واحیدی كوڕە پلكی خۆی كردبوو، ئەویش گوتبووی لە گوندی (كانیی دەربەند)ن. ئێمە دوو شەو بوو لەوێ بووین كە ئەو هاتەوە.
– کە هاتەوە، گوتی ماڵمان دەبەینە دەشتی كۆیە و گوندی (كانیی بی)ی لای زێی بچووك، چونكە دوای شەڕی (بۆتێ)، كە لە هاوینی 1985 روویدابوو، چووبووەوە دەشتی كۆیە و لە رێگەی كاك حەمەبۆری رەحمەتییەوە لەو گوندەدا خانووی پەیدا كردبوو.
كاك حەمەبۆر، كوڕی مامە دەمە بوو، خەڵكی كەركوك بوو، بەڵام وەك سەربازی فیرار و دۆستی شۆڕش و یەكێتی، لەو گوندەدا دەژیا و هەمیشە دیوەخان و سفرەوخوان و ماڵ و منداڵی لە خزمەت خەڵك و پێشمەرگەدا بوون. كاتێك هاوسەرەكەم دەبینێت ماڵی كاك حەمەبۆر ئاوا خزمەتی شۆڕش دەكەن، وەك چاكەیەك و هاوكارییەكی بچووك، ناوی ئەویشی بە پێشمەرگە نووسی تا هاوكاریی شۆڕش ئەویش بگرێتەوە.
– ئێمە لە رێگەی ماڵی كاك حەمەبۆرەوە، كە ناسیاوی هاوسەرەكەم بوو، چووینە ئەو گوندە و لەوێ ژیانمان زۆر خۆش بوو، چونكە ئەوێ ناوچەیەكی رزگاركراوی دوورتر بوو و بەئاسانی دوژمن دەستی نەدەگەیشتێ وەك گوندەكانی لای خۆمان و سنووری دێگەڵە، كە هەم لە كۆیە و هەم لە رەبایە و سەربازگەكانی رژێم نزیك بوون و مەترسییان زۆرتر بوو، بەڵام لە دەشتی كۆیە وا نەبوو، خەڵكەكە زیاتر هەستیان بە ئارامی دەكرد، بەتایبەتی كە هەمیشە هێزی پیشمەرگە بەو سنوورەدا هاتوچۆیان دەكرد بۆ سەركردایەتی، كە لە سەرگەڵوو و بەرگەڵوو و یاخسەمەر بوو.
لەگەڵ ماڵی كاك حەمەبۆر زۆر تێكەڵاویمان هەبوو، خەڵكی گوندەكەش زۆر باش بوون لەگەڵمان.
– لەگەڵ ماڵی مامۆستا مەلا رەسوڵ زۆر تێكەڵاویمان هەبوو، كوڕێكی هەبوو ناوی عومەر بوو، لەگەڵ ماڵی كاك مەجیدی مەلا فەتاح و كاك ئەكرەمی برای، ژن و ژنخوازییان هەبوو، ئێمەش لەگەڵ ئەو دوو ماڵە زۆر زیاتر لە خەڵكی تری گوندەكە تێكەڵاویمان هەبوو. هاوسەرەكەم لە دراوسێیەکی ماڵی كاك حەمەبۆر خانوویەکی رێكوپێكی وەرگرتبوو، بیرێكی ئاوی تێدا بوو. خەڵكی گوندەكە تا بەهار و مانگی چوار لە گوند دەمانەوە، دەچوونە سەر شینایی و توتنكردن و ئەو شتانە، لەسەر زەوییەكان كەپریان دەكرد، بۆیە ئێمەش وەك ئەوان كەپرێكمان كرد لە شوێنێك پێیان دەگوت “رەنە رووتە”، هەندێك پێشمەرگەی خزمیشمان لەگەڵ بوو.
– رەنگە ئێستا ناوی هەموو ئەو پێشمەرگانەم لەبیر نەبێت، داوای لێبووردن دەكەم ئەگەر ناوی یەكێكم لەبیر بچێت، ئەوەی لەبیرمە، ئەمانە بوون: شەهید ئەسكەندەر مەناف كوێخا عەلی گۆمەشینیی ئامۆزام، كە لە 22ی تشرینی یەکەمی 1986 لە داستانی ئیلینجاغدا شەهید بوو، هەژار عوسمان گۆمەشینی، شەهید میكایل عومەر شیواشۆكی، كە لە 1987 لە شەڕی بەرگریكردن لە سەركردایەتی شەهید بوو، تەیمور كاكەئەڵڵا گۆمەشینی، هێمن كەریم حەوێز گۆمەشینی، سەلاحەدین شیواشۆكی، كوڕێكی تریش هەبوو ناوی جەلالە سوور بوو، بەداخەوە بە چەكی كیمیایی چاوەكانی لە دەست داوە، محەمەد سوڵتان تەكەوری، كە ئێستاش پەیوەندی و هاتوچۆمان هەر ماوە و وەك كوڕی ماڵەوە وابوو، پێشتریش كەیوان سابیر گۆمەشینی لەگەڵ بوو، بەڵام كە هاتە دەشتی كۆیە، كەیوان لە گۆمەشین وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و دانیشت، هەروەها یەكێك لەو پێشمەرگانەی وەك خزمی خۆمان وابوو؛ شەهید دكتۆر ئازاد بوو.
– دكتۆر ئازاد، كوڕی مامۆستا عوسمان ئەفەندیی كۆیی بوو، پێشتر خزمایەتیمان هەبوو لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە، چونكە نەزیف قادری پلكی دكتۆر ئازاد، خێزانی قادر سەعید گۆمەشینیی ئامۆزای بابم بوو، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە لە سەرەتای پەنجاكانەوە دۆست و ناسیاوی یەكترین. هەروەها مامۆستا عوسمان ئەفەندی لە ساڵی 1948 لە گوندی گۆمەشین مامۆستا بووە و قوتابخانەی كردووەتەوە و لەوێ چەند ساڵێك نیشتەجێ بووە، دۆستایەتی لەگەڵ هەردوو باپیرەی من (مامۆستا مەلا سەیدەمین مەلا كەریم گۆمەشینی و كوێخا عەلی عەبدوڵڵا گۆمەشینی) زۆر خۆش بووە. کە ئێمە هاتینە گوندی كانیی بی، شەهید دكتۆر ئازاد زۆر دەهاتە ماڵی ئێمە و هەموو جارێک دەیگوت: “فاتم، خۆت دەزانیت من كۆییمە و زۆر نەوسنم”، دەچووە سەر مەنجەڵ و دەیگوت: “بزانم شیوی چیت لێ ناوە؟”
– یەكەم جار کە مامۆستا عوسمان و ئەوان هاتنە کانیی بی، مامۆستا عوسمان و عەیشە گوڵێ و کەژاڵی کچی و خاتوو مەهابادی هاوسەری شەهید ئازاد و منداڵەکانی بوون، چوونە ماڵی كاك حەمەبۆر. چەند رۆژێك لەوێ مانەوە و گەڕانەوە، چونكە مامۆستا مەهاباد دەوامی هەبوو، مامۆستای خوێندنگە بوو، وابزانم لە گوندی (باغەمرە) بوو. ئیتر چوونەوە هەولێر، دوای ئەوەی پشووی خوێندن دەستی پێ کرد، كاك ئازاد كەپری كرد و ئێمەش هەموو لە نزیك یەكتری بووین.
خەڵك تریش دەهاتن توتنەوانیان دەكرد لە دەم زێ، لەوانە: جەوهەری عومەری عەلییە گۆجی كۆیی و مەمەندی ناسكەی كۆیی، كە دوو برا بوون، پێشمەرگەی تیپی 93ی كۆیە بوون. هەموو لە نزیك یەكتری كەپرمان كردبوو و دراوسێی یەكترییش بووین. شەهید دكتۆر ئازاد لە پشت ئێمەوە كەپریان كردبوو، هەموو جارێک مامۆستا عوسمان دەهات و دەیگوت: “فاتم، زۆر دڵم بە تۆ خۆشە و سەبووریم پێت دێ، چونكە لەگەڵ هەردوو باپیرەت زۆر برادەر بووین”.
– كە لە (رەنە رووتە) بووین، كارەبای حكومی لەو گوندانەدا نەبوو، بەڵكوو كارەبای موەلیدەیان لە رووبارەكە دروست كردبوو، هەر ماڵە و خەتێكی كارەبای بۆ خۆی راكێشابوو و بە پارە بوو.
رۆژی 4ی تەمووزی 1986، نیوەڕۆكەی ئێمە لە گوندی كڵێسە داوەتی ماڵی كاك شۆڕش حاجی بووین، ئەندامێكی سەركردایەتیی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانی داوەت كردبوو لە ماڵی خۆیان، بەناوی مامۆستا سەلیم، كە كوڕی دكتۆر شۆ (ئەحمەد شوكری) بوو، خەڵكی سلێمانی بوو. دوای تەواوبوون لە ماڵی ئەوان، بۆ نانی ئێوارە داوەتی مامۆستا سەلیممان كرد بە ماسی. پێش خۆراوابوون، من خەریكی چاككردن و ئامادەكردنی ماسییەكان بووم. ماڵی پیرەژنێكی گوندەكە وایەرەكەیان پسا بوو و كارەباكەیان بڕابوو، فەقێ چووبوو كارەباكەیان بۆ چاك بكاتەوە. لەناكاو دەستڕێژێكی تەقە كرا، ئەوكات وا باو بوو تەقەكردن مانای هەبوونی رووداوێكی دەگەیاند. ئیدی میوانەكان و پێشمەرگەكانی خۆشمان بە راكردن چوونە دەرەوە، گوتیان فەقێ كارەبا گرتویەتی و دەمودەست گیانی سپاردبوو.
– ئەو رۆژە، ناخۆشترین رۆژی ژیانم بوو، چونكە لەبەر دەستی خۆمدا ئەو كارەساتە رووی دا، بۆیە قەت یادی ئەو رۆژە ناكەمەوە و حەز دەكەم لەبیرم بچێتەوە.
– لە گۆڕستانی كانیی بی بە ئەمانەت سپاردەی خاكمان كرد و پرسەكەش هەر لە گوندەكە تیپی 93ی كۆیە بەڕێوەی برد. هەروەها لە 14ی ئابی 1986 تیپی 93ی كۆیە مەراسیمی چلەیان بۆ كرد، بە ئامادەبوونی خەڵك و پێشمەرگەیەكی زۆری ناوچەكە و بنەماڵەکەمان، چەندین وتار و شیعر و برووسكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی خوێندرانەوە.
– دوای ئەوە خەڵك و خزم ناوبەناو سەردانیان دەكردین، هەندێك لەوانەی دەیانوێرا بمێننەوە، لامان دەمانەوە، چونكە لە ترسی گرتنی حكومەت، هەموو کەس نەیدەوێرا بمێنێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە شار دەژیان، یان دەوامی حكومییان هەبوو، چونكە دەزانرا و دەناسرانەوە كە بۆ كوێ چوون. دۆخەکە زۆر ناخۆش بوو، فڕۆکە بۆردوومانی ناوچەكەی دەكرد و حكومەت پەلاماری ناوچە رزگاركراوەكانی دەدا، ئەو مەترسییانە بە بەردەوامی هەبوون، لەبەر ئەوە رۆژێك بڕیارمان دا بچینەوە هەولێر، نەوەك ئەو خەڵك و خزمانە لەسەر ئێمە تووشی كێشەیەكی گەورەی گرتن و كوشتن ببنەوە.
– دوای چلەكە، ماڵمان گواستەوە هەولێر و بە ژیانێكی كولەمەرگی دەژیاین. ئیدی لێرەوە ناخۆشییەكان دەستیان پێ كرد، چونكە ئەوكات مانگانەی پێشمەرگە و شەهیدانە بە بەردەوامی نەبوو.
– کە هاتینەوە هەولێر، لە گەڕەكی هەژارنشینی باداوان خانوویەكمان پێكەوە نا و لەگەڵ پلكم، هەمینە عەلی عەبدوڵڵا گۆمەشینی، كە خەسووشم بوو، پێکەوە دەژیاین.
– لە ماڵەكەی خۆماندا دوكانێكمان دانا و ژیانی خۆمان پێ بە رێ دەكرد. وەك دوكاندار و سەرپەرشتیكردنی دوكانەكە، خەسووم هاندەرێكی باش بوو بۆ پەیداكردنی بژێویەكی مەمرەومەژی بۆ خۆمان و منداڵەكانم.
– دوای شەهیدبوونی هاوسەرەكەم و پێش ئەوەی لە گوندی كانیی بی بێینەوە هەولێر، كاك كۆسرەت هات بۆ سەردانمان و بۆ پرسەکەمان، هەر ئەویش پرسەكەی بەڕێوە برد و خەرجی و هەموو شتەكان خۆی پێی هەستا.
كە كاك كۆسرەت هاتە لامان، گوتی: “ژیانی ئێوە لەسەر ئێمەیە”، واتە لەسەر شۆڕش و یەكێتییە. گوتی: “پێشتر چەندی مانگانە هەبووە، هەموو مانگێكی بۆ حساب دەكرێت و بۆتان دەنێرین”، بەڵام دوای ئەوە دۆخەکە تێك چوو؛ پێشمەرگە لە شەڕدا بوو، كەس نەدەگەیشتە كەس، چونكە ئێمە لە شاری هەولێر بووین و مەڵبەندی سێش لە دۆڵی سماقووڵی بوون، كاك كۆسرەتیش لەوێ بوو، ئێمە نەدەگەیشتینە مەڵبەند و كەسێكی ئەمینیش نەبوو ئەو یارمەتییە بگەیەنێتە دەستمان. پارەی نزیكەی حەوت هەشت مانگ، واتە مانگانەكەی، دابوویان بە یەكێكی ناسیاو، ئەویش وەریگرتبوو و خواردبووی و نەگەیشتە دەستمان.
– جگە لە دوكانەكەی كە داماننابوو، ئیشی بەرگدروویشم دەكرد، بەو جۆرە بەڕێوە دەچووین، چونكە ژیان زۆر زەحمەت بوو.
بۆ مێژوو ئەوە دەڵێم؛ تەنیا كاك كۆسرەت ئاگای لە ئێمە بوو، ئەگینا كەس نەبووە لەو هەموو دۆست و برادەرانە كە سەردانێكیان كردبین، یان هەواڵێكیان پرسیبین، یان هاوكارییەكی منداڵەكانیان كردبێت، بەڵام كاك كۆسرەت چ وەك خۆم، كە چووبمە لای، نائومێدی نەكردووم. مەمنوونی هەڵوێستی كاك كۆسرەتین، تا تەندروستیی باش بوو، ئاگای لێمان بوو.
– لە کۆتاییدا دەڵێم بەداخەوە، زۆرێک لە بەرپرسەكان وەفایان نەبوو بۆ كەسوكاری شەهیدان، لەگەڵ رێزم بۆ هەندێكیان.
ئەم چاوپێکەوتنە بە سوپاسەوە بە هاوکاریی (هێرش بەکر گۆمەشینی) ئەنجام دراوە.
*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.
خ.غ