بەپێی رەشنووسێك كە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ دەزگای شەهیدانی حكومەتی فیدراڵ ئامادەیانكردووە، مووچەی وارسی شەهیدانی سەنگەر بۆ یەك ملیۆن و 200 هەزار دینار و مووچەی شەهیدی هاوڵاتیش بۆ 600 هەزار دینار زیاد دەكرێت.
ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری كەسوكاری شەهیدان لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاندووە” پێشتر شاندێكی وەزارەتی شەهیدان سەردانی بەغدای كردووە و زیادكردنی مووچەی وارسی شەهیدانی هەرێمیان لەگەڵ سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دەزگای شەهیدانی حكومەتی فیدراڵ تاوتوێ كردووە”.
وتیشی”بەپێی ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنەی كە لە نێوانیان ئامادەكراوە، بەشی یاسایی دەزگای شەهیدانی عیراق هاتنە هەولێر بۆئەوەی رەشنووسێك پێكەوە ئامادە بكەن و لەسەر چۆنیەتی زیادكردنەكە رێكبكەون”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد” بەپێی رێككەوتنەكە سەرجەم وارسی شەهیدان هاوشێوەی وارسی شەهیدانی عیراق ماف و شایستەكانیان بۆ دابین دەكرێت”.
باسی لەوەش كرد” رۆژی پێنجشەممە 13ـی ئاب، شاندەكەی دەزگای شەهیدانی عیراق لە هەولێر لەگەڵ لیژنەیەكی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم رەشنوسكەیان ئامادەكردووە و بەپێی رەشنوسەكەش، مووچەی شەهیدانی هاوڵاتی لە 250 هەزار دینارەوە دەكرێتە 600 هەزار دینار و مووچەی شەهیدانی سەنگەریش دەكرێتە یەك ملیۆن و 200 هەزار دینار”.
ئ پ