هۆشداریی دەدرێتە بەشداربووانی کۆڕەک تلیکۆم

مەودا میدیا-

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عیراق داوا لە بەشداربووانی کۆڕەک تلیکۆم دەکات پێش راگرتنی کورتە نامەی (SMS) و کۆدی دڵنیایی لەسەر ژمارەکانی ، ژمارەیەکی نوێی سەر بە کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی تر لە (ئاسیاسێڵ یان زەین ) بۆ هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان زیاد بکەن.

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عیراق رایگەیاند “ئەو پلاتفۆرم و ئەپانەی رێگە بە تۆمارکردنی زیاتر لە ژمارەیەک دەدەن، پێویستە بەکارهێنەران ژمارەیەکی تری سەر بە کۆمپانیا رێگەپێدراوەکانی عێراق لە پاڵ ژمارەکەی کۆڕەک زیاد بکەن، سەبارەت بەو ئەپانەش کە تەنها یەک ژمارە وەردەگرن، داوا کراوە بۆ مەبەستی سەلماندن و گەڕاندنەوەی هەژمارەکان، ژمارەکان بگۆڕدرێن لەگەڵ هێشتنەوەی ژمارەکەی کۆڕەک و دەستبەردارنەبوون لێی ئەگەر گونجاو بوو”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پێویستە هاوڵاتییان پشتبەستن بە کورتەنامە کەم بکەنەوە و لەبری ئەوە ئیمەیڵ یان ئەپەکانی سەلماندن (Authenticator) وەک جێگرەوە بەکاربهێنن، نابێت چاوەڕێ بکەن تاوەکو نامەکانیان بۆ نایەت، بەڵکو دەبێت بەپەلە ئەم رێکارانە بگرنەبەر بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کێشەی چوونەژوورەوە و لەدەستدانی هەژمارەکانیان بۆ دروست نەبێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئەم رێوشوێنانە بە مانای وازهێنان نییە لە هێڵەکانی کۆڕەک، بەڵکوو هەنگاوێکی خۆپارێزییە بۆ پاراستنی داتای بەکارهێنەران، کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی رێکارە یاسایی و ڕێکخستنەکانی کۆمیسیۆن بەرامبەر بە کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان