سەڵتەنەی عوممان كە دەكەوێتە ئەودیوی گەرووی هورمز، بەدوای رۆڵێكی راستەوخۆدا دەگەڕێت لە بەڕێوەبردنی ئەو رێڕەوە ئاوییەدا و لە هەمان كاتدا رۆڵی خۆی وەك ناوبژیوانێك لە نێوان ئێران و ئەمەریكادا دەپارێزێت.
میدیاكانی ئێران هەفتەی رابردوو رەشنووسی پلانێكیان سەبارەت بە گەرووی هورمز بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتوچۆی كەشتییە ئەمەریكی و ئیسرائیلییەكان لە گەرووەكە قەدەغە دەكات و باج بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێت كە بە “دوژمن”ی ئێران دادەنرێن، جگە لەوەش رەشنوسەكە مەرجە توندەكانی دیكەی ئێران پەیوەست بە شەڕ لەخۆدەگرێت.
ئەم پلانەش راستەوخۆ پێچەوانەی پێداگری ئەمەریكایە لەسەر ئەوەی كە رێڕەوی ئاوەكە بە كراوەیی و ئازاد بمێنێتەوە بۆ كەشتیوانی نێودەوڵەتی.
رەشنووسی ڕێككەوتنەكە دوای ئەو هەواڵانە ئاشكرا بوو كە ئێران و عوممان لە رێككەوتنی هاوبەشی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز نزیكبوونەتەوە، لە رێگای دامەزراندنی هێڵی كەشتیوانی كاتی بەرەو باكوور و باشوور كە بە هاوبەشی لەلایەن هەردوو وڵاتەوە بەڕێوەدەبرێن.
بڵاوبوونەوەی رەشنوسەكە پرسیار و گومانی زۆری درووست كردووە لەبارەی توانای عوممان بۆ دەستەبەركردنی رۆڵێكی دیاریكراو بۆ خۆی لە گەرووەكەدا بەتایبەت كە ئەو نێوەندگیری لە نێوان ئەمەریكا و ئێران دەكات، كە ئەوەش لەلایەن شارەزایانی سیاسییەوە بە قوماركردن لەلایەن عوممانەوە ناودەبرێت.
عوممان بەدوای پشكێكی رەسمی و راستەوخۆدا دەگەڕێت لە بەڕێوەبردنی گرنگترین رێڕەوی ئاوی جیهان و كێبڕكێی لەسەر دەكات، هەروەها دەیەوێت پشكی لە هەر پارەیەك هەبێت كە نەوتهەڵگرەكان دەیدەن بۆ تێپەڕبوون بە گەرووەكەدا كە تا سەرهەڵدانی شەڕ و پێكدادانەكان لە مانگی شوباتدا بەخۆڕایی بوو.
هەرچەندە ئەمەریكا ئامانجی پاراستنی ئازادی كەشتیوانییە، بەڵام ئەو یاداشتە لێكتێگەیشتنەی كە لە مانگی حوزەیران واژۆی كردبوو، سەپاندنی رسوماتەكانی تەنیا بۆ ماوەی ٦٠ رۆژ هەڵپەسارد، بەڵام ئێستا ئێران و عوممان دەیانەوێت پێكەوە بڕیار لەسەر داهاتووی گەرووەكە بدەن.
گفتوگۆكانی ئێران و عوممان بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بە هاوبەشی لە كاتێكدایە كە ئەمەریكا دەڵێت” بە هیچ شێوەیەك هیچ رێكخستنێك لە گەرووی هورمز قبوڵ ناكات كە پێویستی بە مۆڵەت هەبێت و كرێی ترانزێت بسەپێنێت، یان هەر لایەنێك بیەوێت بە هەر شێوەیەك كۆنترۆڵی گەرووەكە بكات.
سەرباری هەڕەشەكانی ئەمەریكاش، بەڵام ئێستا ئێران و عوممان كە هەریەكەیان دەكەونە دیوێكی گەرووی هورمزەوە، ماوەی چەند هەفتەیەكە دانوستان دەكەن لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر گەرووەكەدا، بەڵام تا ئێستا دەرئەنجامەكەی ناڕوونە، بەڵام بەپێی وتەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە پێی ناوەتە قۆناغی كۆتایی.
بەگوێرەی زانیارییەكان، عوممان پێشنیاری ئەوەی كردووە، ئەو كەشتییانەی بە گەرووەكەدا تێدەپەڕن بڕە پارەیەك وەك بەخشیش بە رەزامەندی خۆیان بدەن نەك ئەوەی بە ئیجباری لێیان وەربگیرێت، دواتریش پارەكە بە یەكسانی لە نێوان عوممان و ئێراندا بەش بكرێت، بەڵام ئێران تا ئێستا رەزامەندی لەسەر ئەم پێشنیارە نەداوە و پێی قبوڵ نییە.
هەرچەندە شارەزایانی سیاسی ئەم یارییەی عوممان بە قورمار دەزانن، بەڵام بەرپرسانی عومان دەڵێن”وڵاتەكەیان بە پلەی یەكەم لەسەر بنەمای دەستڕاگەیشتن و متمانە و هاوبەشیكردن كار دەكات، نەك لەسەر زەبری هێز یان زۆرەملێ، ئەوان دەتوانن دەرگاكان بكەوە، پەیامەكان بگەیەنن و پردێك لە نێوان لایەنە ناكۆكەكاندا دروست بكەن، بەڵام ناتوانن واشنتۆن یان تاران ناچار بكەن رێككەوتنێك قبوڵ بكات.
لە عەرەبییەوە، ئەرسەلان پەرۆش