مەودامیدیا-
بەهۆی هەڕەشەیەكی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوبەشە بازرگانییەكانی ئێران و كەمكردنەوەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن بەرهەمیهێنەرە سەرەكییەكانی وەك سعوودیە، عیراق، ئیمارات و كوەیت، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە.
لەسەر ئاستی هەفتانەی بازاڕە داراییەكانی جیهان، تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردوودا نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 6.39% و نرخی نەوتی تەكساسیش بە رێژەی 5.66% بەرزبوونەتەوە، كە ئەوەش بەرزترین ئاستە لەم مانگەدا.
هاوكات شەوی رابردووش نرخی نەوتی برێنتی دەریای باكوور نزیكەی 60 سەنت بەرزبووەوە و یەك بەرمیلی گەیشتە 94.39 دۆلار و نرخی نەوتی سووكی تەكساسی ئەمەریكاش 23 سەنت بەرزبووەوە و یەك بەرمیلی گەیشتە 87.06 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە كاتێكدایە كە دوێنێ هەینی رێككەوتنی پێشووی ئاشتیی نێوان ئەمەریكا و ئێران كۆتایی هات و تائێستاش هیچ هەوڵێك لەلایەن هەریەك لەو وڵاتانە و هیچ وڵاتێكی ناوبژیوانیشەوە نییە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و رێككەوتنەكان.
ئ پ