له‌ نێوان خۆڕاگریی و هه‌ره‌سهێنان… خه‌ڵكى ئێران ژیانێكى قورسیان هه‌یه‌

مه‌ودا میدیا-

بەگوێرەی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی تەمموزدا گەیشتووەتە 66%، هاوکات نرخی بەکاربەران بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی 87.9% بەرزبووەتەوە و هەڵاوسانی خۆراکیش بەرزبووەتەوە بۆ 128%.

به‌پێى ئەو ئامارانەی کە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ئاماژەی پێکردووە، لە سەرەتای شەڕەوە نرخی برنج نزیکەی لەسەدا 60 و نرخی گۆشتی سوور نزیکەی لەسەدا 150 بەرزبوونه‌ته‌وه‌، سەرەڕای زیادبوونی نزیکەی لەسەدا 60ى کەمترین مووچە، بەڵام دابەزینی بەهای ریاڵ بووەتە هۆی ئەوەی بەهای مانگانەی ریاڵەکەی لە نزیکەی 105 دۆلارەوە لە کۆتایی مانگی ئازاردا بۆ نزیکەی ٨٦ دۆلار دابەزێت، بازاڕەکان بەقەد ئەوەی خێزانەکان بەدەست لەدەستدانی توانای کڕینەوە دەناڵێنن، بەدەست کەمیی بەربڵاوی کاڵاکانەوە دەناڵێنن.

فەرمانبەرێکی حکومی لە شاری یەزد بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، مووچەکەی لە ماوەی چەند رۆژێکدا تەواو دەبێت و گۆشت و مریشک خەریکە لەسەر سفرەی خێزانەکەی نەمێنێت.

شۆفێرێکی تاکسی لە تاران رایگەیاند “ڕۆژانە نزیکەی 15 کاتژمێر کار دەکات بەڵام ناچار بووە لە کڕینی میوە و پرۆتین کەم بکاتەوە و چالاکییە کات بەسەربردنەکان و پشووەکانی کۆتایی هەفتە هەڵبوەشێنێتەوە”.

قەیرانەکە لە بازاڕی کاردا زۆرترین توندی هەیە، هەرچەندە ۆێژەی بێکاریی فەرمی لەسەدا 9.1یە، بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی کار دانی بەوەدانا کە تا کۆتایی مانگی ئایار زیاتر لە یەک ملیۆن هەلی کار لەدەستچووە، ئەوەش لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی شەڕەکەدا.

کەرتەکانی بیناسازی، هاوردە، گواستنەوە و بەرهەمهێنان بەهۆی بۆردوومان و پەککەوتنی بازرگانیی و کەمیی وزە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بازرگانێکی شاری بەندەر عەباسەوە رایگەیاندووە “بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو وەستاوە و ناچار بووە دە کرێکار لە کارەکانیان دووربخاتەوە و پشت بە پاشەکەوتەکەی ببەستێت”.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات هەڵاوسانی ئێران تا کۆتایی ئەمساڵ لە سەدا 70 نزیک بێتەوە و ئابووری ئێران بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 5 کەم ببێتەوە، لە کاتێکدا تاران پێویستی بە بودجە هەیە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی وزە و گواستنەوە و دامەزراوە بەرهەمهێنانە زیانلێکەوتووەکان.

راگرتنی مامەڵە بازرگانیی و داراییەکان لەگەڵ ئیمارات فشارەکانی سەر تاران زیاتر دەکات، پێش جەنگ ئیمارات زیاتر لە 30%ی هاوردەکردنی ئێرانی دابین دەکرد کە بەهای نزیکەی 21 ملیار دۆلار بوو و نزیکەی لەسەدا 13ى هەناردەی ئێرانی وەرگرت.

هەروەها وڵاتەکە رووبەڕووی کەمیی بەنزین بووەتەوە، پەرلەمانتار رەزا سپاهوەند رایگەیاند “بەرهەمهێنان لە کاتی لوتکەدا نزیکەی 130 ملیۆن لیترە لە رۆژێکدا، بە بەراورد بە بەکارهێنانی مەزەندەکراو 137 ملیۆن لیتر، دوای ئەوەی سزاکانی ئەمه‌ریکا بە شێوەیەکی کاریگەر هاوردەکردنی راگرت”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان