به‌ڕێوه‌به‌رى سى ئاى ئه‌ى سه‌ردانى مۆسكۆى كردوه‌

مه‌ودا میدیا-

جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی سەردانێکی لەناکاوی بۆ مۆسکۆ ئەنجامدا، ئەمەش یەکەم گەشته‌ لە دوای دەستبەکاربوونی بۆ پایتەختی روسیا، بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمه‌ریکی کە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی پێکردووە.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ئەمه‌ریکا هەوڵدەدات کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا بهێنێت و چارەسەری ئاکامەکانی ململانێی ئەگەری لەگەڵ ئێران بکات، ئامانجی گەشتەکە و ناسنامەی ئەو بەرپرسانەی کە راتکلیف چاوی پێیان ده‌كه‌وێت دیار نییه‌.

نە سی ئای ئەی و نە دەسەڵاتدارانی روسیا وردەکاریی فەرمییان لەبارەی سەردانەکە و خشتەی کۆبوونەوەکانی ئەو بەرپرسە ئەمه‌ریکییە لە مۆسکۆ بڵاونەکردەوە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئەمه‌ریکا زانیاریی هەواڵگریی کۆکردوه‌تەوە کە ئاماژەیە بۆ ئامادەکارییە سەرەتاییەکانی روسیا بۆ ئەگەری کۆکردنەوەی سەربازیی لە ئۆکرانیا، لەگەڵ پلانەکانی تاقیکردنەوەی خۆڕاگری ناتۆ.

جێگری پێشووی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمه‌ریکا بۆ یەکخستنی ئەرکەکانی ئەمه‌ریکا، بێپ ساینر وتی ئامانجی سەردانەکە ره‌نگە ئاگادارکردنەوەی مۆسکۆ بێت کە واشنتۆن ئاگاداری پلانەکانییە.

ساینرر وتى “ئامانجەکە دەتوانێت ئەوە بێت بڵێین ئێمە دەزانین روسیا بیر لە چی ده‌كاته‌وه‌، باشترە ئەو کارە نەکەیت”.

ئەگەری کۆبوونەوەی راتکلیف لەگەڵ پوتین یان گەیاندنی ئەم هۆشدارییە هێشتا وەک شیکارییەک دەمێنێتەوە کە ساینر پێشکەشی دەکات، چونکە نە واشنتۆن و نە مۆسکۆ کۆبوونەوەی نێوان هەردوولایان ڕانەگەیاندووە.

ئێران لە نێو ئەگەرەکان

ساینر بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵەکانی ئەمه‌ریکا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و بەشداریکردنی لایەنی زیادە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ئەو سەردانە پەیوەندیی بە دۆسیەی ئێرانیشەوە هەبێت، بەدوور نەگرت.

ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە راتکلیف باس لە ئەگەری بەشداریکردنی روسیا لە دانوستانەکانی تایبەت بە ئێران بکات، یان پرسی پشتیوانی کرێملین بۆ تاران وروژێنێت، ئەمەش دوای دەستپێکردنی خولی نوێی سزاکانی ئەمه‌ریکا بە ئامانجگرتنی رژێمی ئێران و تۆڕە دارایی و بازرگانییەکانی.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان