رەنگین مەلا سەمەد
کاتێک دەنگێکی شیعریی دەبیستین، رۆحمان ئاسوودە دەبێ، چ جای ئەو دەنگە شیعرییە خانمێک بێ، رۆح ئاسوودەتر دەبێ و پەردەی شەرمی بۆ دەرخستن دەدڕێ. کاتێک دەنگی خانمێکی شاعیر لە هەڵەبجەوە بڵند دەبێتەوە، ئیدی ئازارەکان خۆیان دەرەخەن، برینەکان دەکولێنەوە، هاوشانی ئەوانەش سووکناییەک بە دڵ و دەرووندا دێت کە هەڵەبجەییەک بەو مێژووە تاڵەوە داهێنان بۆ جوانیی دەکات و زمان بۆ پاکژیی دەربڕینی وشە دەشواتەوە و بۆنی باران لە بەرۆکی وشەکانی دەدات.
ئەو بە دەربڕین، تاڵییەکانی رابردوو و ناسکیی دڵی تێکەڵ بە یەکدی دەکات، نایەوێ و ناشهێڵێت ژن تەنها وەک ئازار باسکرێ، بەڵکوو لە شێوەی هێمایەک لە خۆڕاگریی و هێز و جوانیی وێنای دەکات. ئاوارەیە لە نێو نیشتیمانێکی دەوڵەمەند و ژنێکی یاخیی نێو نەریتێکی لەقاڵبدراوە.
ئێمە لەو رۆژگارە تاڵانەوە رۆژێکمان لێ هەڵهاتووە کە رۆژ بە رۆژ دەدرەوشێتەوە و وەک درەخت لقی لێ دەبێتەوە، وشەکانی سادەن، بەڵام مانایەکی فەلسەفیی قووڵیان هەیە، لێکدانەوەیان تابلۆیەکی رەنگاوڕەنگت پێ پیشان دەدەن، هەر رەنگێک گێڕانەوەی وردەکاریی رۆحێکی زیندووە.
رۆژ هەڵەبجەیی وەکو کات خەمەکان تێدەپەڕێنێ و تاڵیی بە شیرینی وشە ناهێڵێت، تەنهایی لە نێو دێڕەکانی دەبینرێت، ونبوونی خۆی لەنێو واتای دێڕەکاندا دەبینێتەوە.
رۆژ، ئازارەکانی بە شیعر دەسپێرێ و ئێشێکی ئێجگار فەلسەفیی قووڵ لە دیوی وێنە شیعرییەکانییەوە هەست پێ دەکرێ، کاتێک سەرلەبەری شیعرێکی شیدەکەیتەوە، وردبوونی رۆحی، شکانی هەست و تەنیایی بەدیدەکرێ.
لەنێوان ژیانێکی واقعیی و خەیاڵێکی مەجازییدا، بێدەنگیی و ونبوون و مەرگ و رووبەڕووبوونەوە بوونەتە دیالۆگی هەمیشەیی شاعیر، چارەنووسێکی تاڵ و تاریک شەوق و شیرینیی ژیانی ژنێتیی (رۆژ)ی کەمکردووەتەوە و بەرەو تۆراندن لەو ژیانە تەقلیدییەی بردووە.
لە شیعرێکی کورتدا شاعیر گەڕاوەتەوە بۆ رابردوو و ئەو ئازار و نەهامەتییانەی ژیان باسدەکات کە وەک هەر ژنێک بەسەریدا هاتووە، وێنەی ئەو کۆمەڵگەیەی دەرخستووە کە شەرەفی کردووەتە پاساو بۆ ئەنجامدانی رەوتاری نابەجێ و پێشێلکردنی مافی ژن و قەتیسکردنی ئازادییەکان و زەقکردنەوە و درێژەدان بە کولتووریی پیاوسالاریی، شاعیر لە هەر دێڕێکدا وێنەیەکی بەهێزی فیزیکیی نیشانداوە و تێهەڵکێشێکی قووڵی لە هاواری ژنبوون و گلەیی و رەخنەگرتن لەو نەریتە لەقاڵبدراوەی کە تائێستاش درێژەی هەیە لە پەیڕەوکردن، کردووە.
نموونەیەکی شیعریی شاعیر (رۆژ هەڵەبجەیی)م هەڵبژاردووە کە دنیایەک پڕە لە گلەیی ژنبوون و توڕەبوون لەو کولتوورەی بۆ ژن داتاشراوە و یاخیبوون لەو نەهەماتییانەی بووەتە رێچکەی ژن بۆ تێپەڕبوونی، وشەکان ئازاریان لێ دەتکێ و دێڕەکان گلەییان لێ دەبارێ، شیعرەکە وێنەیەکی تراژیدیای تژی لە بێزاریی و وەڕسبوون نیشان دەدا، ناوەڕۆکەکەیشی باسی پیاوسالارییەکە کە بووەتە دەسەڵاتێکی کاریگەر بۆ دەستەمۆکردنی ژنان و رێگریی لە مافەکانیان.
شاعیر دەڵێ توڕەییم لێ دەتکێ! ئەو هەستە توڕەییەی رۆحی کە ناخ و دەروون و بیرکردنەوەی قەتیسکردووە، لە بوونییەتی خۆیەوە توڕەبوونی بە تێکەڵەیەک لە خوێن و فرمێسک چواندووە، کاتێک لە قووڵایی برین و ئازارەوە لێت دەتکێ.
موعاناتەکان، ئەوەی لە سایەی ژنبوون بەسەریهاتووە، تەواو هەراسانی کردووە و بەرەو بێزارییەکی قووڵ هەنگاوی بەرەو دەربڕین ناوە و سەبووری خۆی لە دامرکانەوەی رۆحی ماندووی بە دەربڕینەکان دەستدەخا و متمانە بە وشە و رستەکان دەبەخشێ بۆ گێڕانەوەی تاڵییەکانی رابردوو.
شاعیر پێیوایە ئارەزووەکانی ژن، لەژێر نەریتی پیاوسالاریی نقووم بوون و شەرەف بووەتە پاساوێکی بەردەوام بۆ شۆڕبوونەوە بەنێو جوانییەکانی ژن و داگیرکردنیان.
رۆژ هەڵەبجەیی لە نەریت و یاسا کۆنەکان قووتار دەبێت و بەرەو دەستپێکێکی نوێ هەنگاو دەهاوێت، ئەو چەمکانەی بوونەتە هۆی کورتکردنەوەی بوون و ئازادی ژن، ناهێڵێت و رایدەماڵێت.
تووڕهییم لێ دهتكێ،
ژنبوونم ههراسان،
چ شهرمێكه رابردوو
لهو كاتهی باڵام داكوترا
به نقتهكانی شهرهف،
ئیتر پیاو به منا تێپهڕی و
کێڵگەی دروێنه كرد،
چهكی دهستیشی باوكسالاری
كچێك ئهمهی وت/ دوێنێی كوشت و
به ئاوێنهی وت ببوره ئهوه من نیم، دواتر
گسكی له ههموو نوقتهكانی شهرهفدا!
رۆژ هەڵەبجەیی
خ.غ