مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکرد بە واژۆی بەشێک لە پەرلەمانتاران و پشتگیری سەرۆکی پەرلەمان سێ داواکاریی گرنگی ئاراستەی لیژنەی دارایی کردووە تاوەکو لە بودجەی داهاتوودا چارەسەر بکرێن.
د.بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند “لە ماوەی رابردوودا بۆ هەر سێ داواکارییەکە، واژۆی پێویستی ئەندامانی پەرلەمانی کۆکردووەتەوە و بە پشتگیری سەرۆکی پەرلەمان بە شێوەیەکی فەرمی ئاراستەی لیژنەی دارایی کردوون”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “داواکارییەکانی بریتین لە:
1-دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان و دەرمانسازیی:
داواکاری بۆ دابینکردنی دەرفەتی دامەزراندن و تەرخانکردنی پلەی تایبەت بۆ ئەو دەرچووانەی کە بەهۆی بارودۆخی دارایی و ئابووریی ساڵانی ڕابردووەوە، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ نەڕەخساوە، بە تایبەتی لەبەر پێویستیی بەردەوامی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان بە پسپۆڕییەکانیان.
2-پلەبەرزکردنەوە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:
داوایانکردووە ماف و شایستە دارایی و کارگێڕییەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی کێشە داراییەکان دواخراون، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێن و جیاوازیی لەنێوان فەرمانبەرانی هەرێم و ناوچەکانی تری عیراق نەکرێت.
3-مامۆستایانی وانەبێژی لادراو:
پشتیوانییان لە داواکاریی نزیکەی 700 مامۆستای وانەبێژ کردووە، کە هەندێکیان بۆ ماوەی 10 تاوەکو 12 ساڵ خزمەتیان کردووە، بەڵام لە پرۆسەی گۆڕینی وانەبێژان بۆ گرێبەست بەشدار نەکراون داوایان کردووە مافیان بگەڕێندرێتەوە، خزمەتەکانیان لەبەرچاو بگیرێت و پێداویستیی دارایی بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان دابین بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی هەوڵ و کاری پەرلەمانیدان و بە مانای دڵنیایی 100٪ی جێبەجێبوونیان نییە، بەڵام بەدواداچوونیان بەردەوام دەبێت، هیواخوازن سەرجەم پەرلەمانتاران، لە هەموو فراکسیۆنەکان و بەتایبەتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، هاوکار و پشتیوانی ئەم داواکارییانە بن تا بە هەوڵی هاوبەش بگەنە ئەنجام”.
ب ح
