مەودا میدیا-
شارەزایەکی بواری کەشناسیی ئاشکرایکرد سبەینێ یەکشەممە (21ی حوزەیرانی 2026)، کاتژمێر 11:24ی پێش نیوەڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان، وەرزی هاوین دەستپێدەکات کە لەو کاتەدا خۆر راستەوخۆ لەسەر هێڵی گەورەی باکووری زەوی دەدرەوشێتەوە، بەمەش ماوەی رۆژ لە هەرێمی کوردستان و عیراق دەگاتە 14 کاتژمێر و 8 خولەک، خۆر لە کاتژمێر 4:46ی بەیانی هەڵدێت و لە 18:55ی ئێوارەدا ئاوا دەبێت.
سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند “دوای 21ی حوزەیران رۆژەکان وردە وردە کورت دەبنەوە تاوەکو دەگاتە 23ی ئەیلولی 2026، کە تێیدا لە کاتژمێر 3:05ی بەیانی وەرزی هاوین کۆتایی دێت و پاییز دەستپێدەکات، بەمەش هاوین دەبێتە درێژترین وەرزی ساڵ کە ماوەکەی نزیکەی 93 رۆژ و 15 کاتژمێرە (واتە 2247 کاتژمێر، یان 134820 خولەک، یان 8،089،200 چرکە)”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا پلەکانی گەرما زۆر بەرز دەبنەوە و لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک دەگاتە نزیکەی 48 پلەی سەدی و زۆرجاریش لەو ڕێژەیە تێدەپەڕێت، ئەم کەشە گەرم و وشکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاو، کشتوکاڵ و ژیانی رۆژانە هەیە، بۆیە پاراستنی ئاو و بەکارهێنانی رێگای نوێی ئاودێری لەم وەرزەدا زۆر پێویستە، لە کاتێکدا ناوچە شاخاوییەکان فێنکترن و دەبنە شوێنێکی گونجاو بۆ گەشتوگوزار”.
ئەوەشی خستەڕوو “لەگەڵ دەستپێکی وەرزی هاوین لە نیوەگۆی باکوور، لە کیشوەری باشووری ئەفریقا، ئەمریکای باشوور و ئوسترالیا کە دەکەونە نیوەگۆی باشوورەوە، لە هەمان رۆژی 21ی حوزەیراندا بە فەرمی وەرزی زستان دەستپێدەکات، چونکە وەرزەکان لە هەردوو نیوەگۆکەدا بە تەواوی پێچەوانەی یەکترن”.
ب ح