مەودا میدیا-
ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/9/9، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید، کۆبوونەوەی لووتکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەڕێوەچوو.
یەکێتی و نەوەی نوێ، دۆخی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد، هەردوولا ئامادەییان دەربڕی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، کە حکومەتێکی هاوسەنگ و پەسەندکراو بێت لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان، عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، هەروەها حکومەتێک بێت کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق پێبێت.
یەکێتی و نەوەی نوێ رایانگەیاند “هەموو لایەک ئاگادار دەکەنەوە، کە پێکنەهێنانی حکومەت پەیوەستە بە ژیان و گوزەران و داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە هەر لایەنێک ببێتە هۆکاری بەربەستی پێکنەهێنانی حکومەت، ئەوا بەرپرس دەبێت بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان ، و هەر شتێک کە لە داهاتوودا روودەدات”.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد “جەخت لە کۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان دەکەنەوە و هەموو رێگەیەکی چارەسەر دەگرنەبەر، وەک هەمیشە دەرگای گفتوگۆی ئەم هاوپەیمانێتییەکەیان کراوەیە بەڕووی هەموو لایەک، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو واقیعە نوێیەی لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە”.
ب ح