مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی جوڵانەوەی نوێ ئاشکرایکرد لە هەرێمی کوردستان نرخی (20 لیتر نەوت) بەرانبەر (200 لیتر نەوتە) لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق.
مامۆستا ئەکبەر غەریب، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە مەودا میدیای راگەیاند “حکومەتی عیراق بەرمیلێک نەوت بە نرخی (36 هەزار دینار) دەدات بە هاوڵاتییان بەڵام لە هەرێمی کوردستان دەبەیەک نەوت نزیک دەبێتەوە لە (30 هەزار دینار)، لەئێستاشدا نرخی بەرمیلێک نەوت لە هەرێم (300 هەزار دینارە)”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەغدا رۆژانە بڕی (50 هەزار بەرمیل نەوت) بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکات، بەڵام لەلایەن کۆمپانیاکانی خۆیانەوە دەستی بەسەرداگیراوە و بە ویستی خۆیان نرخ دیاریی دەکەن، لە کاتێکدا پێویستە ئەو (50 هەزار بەرمیل) نەوتە بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی بە هاوڵاتییان بدرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەهۆی داخستنی پەرلەمانی کوردستانەوە ناتوانن بەرگریی لە ماف و قووتی خەڵک بکەن، بەڵام لە رێگەی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی عیراق داوا لە وەزارەتی نەوتی عیراق دەکەن نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییانی هەرێم دابین بکات، بۆیە داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەر دەکەن رێگریی لەم هەوڵە نەکات”.
ب ح