مەودا میدیا-
مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران رایگەیاند “هەرچەندە ئێستا بێمتمانەیی لە نێوان ئێران و ئەمەریكادا درووست بووە، بەڵام پابەند دەبن بە هەر بەڵێنێك ئەگەر ئەمەریكا دوایین پێشنیازی ئێران بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز قبوڵ بكات”.
پزیشكیان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی “سی بی ئێس”ـی ئەمەریكی رایگەیاند “وەزیری دەرەوەی ئێران لەم هەفتەیەدا پێشنیازێكی پێشكەش كردووە بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز دوای حەوت رۆژ و دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا وەك هەنگاوێكی سەرەتایی بەرەو رێككەوتنی كۆتایی ئەتۆمی”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە “زەحمەت دەبێت چاوی بە سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت، چونكە ئێستا كەشێكی بێمتمانەیی لە نێوان ئێران و ئەمەریكادا درووست بووە و تا ئەو كاتەش واز لەو كارە نەهێنن كە رۆژانە بەسەرماندا دەسەپێنن، ئەستەمە متمانەیان پێبكەین”.
باسی لەوەشكردووە “هەموو رۆژێك سزاكانمان لەسەر زیاد دەكەن، هەڕەشەمان لێدەكەن، لێمان دەدەن و رێز لەوە ناگرن كە بە نوسراو بەڵێنیان داوە، كەواتە ئەگەر بەشداری گفتوگۆ بكەن و چاوی بە سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت ئایا لە راستیدا پابەند دەبن بە قسەكانیان”.
پزیشكیان ئەمەریكای بە هۆكاری تێكدانی رێككەوتنی ئاگربەست ناسراو بە “یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن” زانی، ئەویش دوای ئەوەی ئێران كەشتییە بازرگانییەكانی كردە ئامانج و ئەمەریكاش بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران وەڵامی دایەوە”.
باسی لەوەش كردووە “ئەمەریكا پێداگری لەسەر ئەوە كردووە كە ئێران نابێت كۆنتڕۆڵی ئەو رێڕەوە ئاوییانە بكات كە دەچنەوە ناو گەرووی هورمزەوە، لەوانەش، ئەوانەی كە بە خاكی عوماندا تێدەپەڕن، یان پارەی ئەو كەشتییانە وەربگرێت كە پێیدا تێدەپەڕن، بەڵام ئێران داوای كردووە كەشتییەكان بۆ تێپەڕبوون بە گەرووەكەدا داوای مۆڵەت بكەن و رێڕەوی كەشتیوانی پەسەندكراوی ئێران پەیڕەو بكەن”.
پزیشكییان جەختی لەوەش كردووەتەوە كە “ئێران هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی نادات، چونكە پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی حەرامە، تەنانەت ئەگەر هەندێك لە بەرپرسانی وڵاتەكەی بیانەوێت چەكی ئەتۆمی دروست بكەن، ئەوا لە رووی مەزهەبییەوە رێگەیان پێنادرێت”.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا پێشنیازەكەی ئێرانی رەتكردەوە كە داوایكردبوو حەوت رۆژ ئاگربەست رابگەیەنن وەك ئامادەكارییەك بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.
ئ پ