مەودا میدیا-
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق سەبارەت بە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی عیراق بۆ ئێران ئاشکرایکرد بڕیاری جێبەجێکردنی قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بڕیارێکی پەلە و نادەستوورییە.
عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند ” پەیوەندییەکی جوگرافی، ئایینی و کۆمەڵایەتیی بەهێزیان لەگەڵ ئێران هەیە و رووبەڕووی ئاڵنگاریی هاوبەش دەبنەوە و وەستان لەگەڵ تاران ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقییە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “جێبەجێکردنی بڕیاری راگرتنی گەشتەکان پێشێلکردنی ماددە (8)ی دەستووری عیراقە، چونکە بڕیارەکەی ئەمەریکا پابەندبوونێکی نێودەوڵەتیی نییە، بەڵکوو دەبێت پاساوێکی یاسایی عیراقی یان پابەندییەکی نێودەوڵەتیی هەبێت بۆ گرتنەبەری رێکاری لەو شێوەیە دژبە ئێران”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەگەر ئێران وەک کاردانەوەیەک هەناردەی غاز رابگرێت، ئەوا سیستمی کارەبای عیراق هەرەس دەهێنیت و (30٪ بۆ 40٪)ی توانای بەرهەمهێنان لەدەست دەدات و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لەکاردەکەون، ئەمە جگە لە زیانە ئابوورییانەی بەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و هۆتێلەکان دەکەون”.
ب ح