تانیا تاهیر
ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢٦، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا کۆتاییهات، بەو پێیەیش لەڕووی یاساییەوە عیراق تەواوی دۆسییەی ئەمنی و سەربازیی دەکەوێتەوە دەست خۆی و بەوەیش قۆناغێکی تازە لە مێژووی عیراقدا دەستپێدەکات.
ئەگەرچی بۆ هەر وڵاتێک ئەوە گرنگە خۆی پارێزەری دۆسییەی ئەمنیی خۆی بێت، بەڵام زۆرجار رووداو و پێشهاتەکان یان پرۆسەیەکی داگیرکاری وا دەکات هێزی بیانی بەهۆی ئامادەبوونی فراوانییەوە، سەروەریی وڵاتی خانەخۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەمە لە ساڵی ٢٠٠٣وە بۆ عیراق راستە کاتێک ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی رژێمی سەدام حسێنیان رووخاند و بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمەریکا وەکوو هێزێکی داگیرکەر ناساند، دواتریش رێککەوتنی نێوان و ئەمەریکا و عیراق وادەیەکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دیاریکرد کە ئەمڕۆ بە تەواوی جێبەجێدەکرێت.
بۆچوونی زۆر سەبارەت بەو کشانەوەیە هەیە، لە هەموویان زەقتر ئەوەیە متمانەی تەواو نییە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عیراق توانای ئەوەیان هەبێت وڵاتەکە لە مەترسییە جۆراوجۆرەکان بپارێزن، هەروەها بەهۆی بوونی هێزی سەربازیی لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت مەترسیی پێکدادان هەیە، لەوانەیش کاریگەرتر بوونی ئەو جیاوازییە نەتەوەیی و مەزهەبییەیە کە تاکوو ئێستا نە دەستوور و نە هیچ رێککەوتنێکی سیاسی نەیتوانیوە متمانە لەنێوانیاندا درووستبکات.
شەڕی ناوخۆیی یەکێکە لەو مەترسییانەی لە هەر ساتێکدا ئەگەری روودانی هەیە، شیعە عیراقێکی بە پێوەرەکانی بەڕێوەبردنی خۆی دەوێت، هەرچی کورد و سوننەیە مەرج و داواکاریی خۆیان هەیە، بۆیە دەبینین تاکوو ئێستا لە دوای ٢٣ ساڵ لە رووخانی رژێمی سەدام، عیراق سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بەخۆیەوە نەبینیوە، ئێستایش لە هەموو کات زیاتر مەترسییەکانی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە و گەورەتربوونی ناکۆکییەکان هەیە.
گرووپە تیرۆریستییەکان، بۆ نموونە داعش، راستە هیچ رووبەرێکی دیاریکراوی جوگرافی بە رەسمی لە بندەست نییە، بەڵام لە ئاستی نهێنی و رێکخستندا روونە کە ئامادەیە و بۆ دەرفەتی دەرکەوتنەوە دەگەڕێ، لەو چەند ساڵەیشدا لێرەولەوێ چەند بۆیان گونجاو بووبێ چالاکیی تیرۆریستییان ئەنجامداوە.
ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەسەر ئامادەیی و کاریگەریی زیاتریان لەسەر پرۆسەی سیاسی، یەکێکی دیکە دەبێت لەو مەترسییانەی هەستیپێدەکرێت، بەتایبەت هیچ لایەکیان تا ئێستا ئامادەی سازشکردن بۆ ئەوانی تریان نییە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا دەرفەتی خۆڕێکخستنەوە و سازان هەیە ئەگەر هێزە سیاسییە عیراقییەکان بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانیانەوە، بەلەبەرچاوگرتنی بەرژوەندییە باڵاکان و گەڕانەوەی راستەقینەیان بۆ خەڵک و پەنابردن بۆ دەستوور، رێکبکەون و رێگەنەدەن بارودۆخی وڵات تووشت شڵەژان و قەیرانی گەورە ببێت.
زەمینەی سیاسیی عیراق بۆ ئاڵوزبوون لەبارە، هەر شڵەژان و ئاڵۆزبوونێکی بارودۆخەکە دوو دەرەنجام بەدوای خۆیدا دەهێنێت:
یەکەم: دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و عیراق رووبەڕووی شەڕی ناوخۆیی قورس دەبێتەوە و ئاسان کۆنترۆڵ ناکرێت.
دووەم: دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ دووبارە دەستوەردانەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی و بەوەیش عیراق دەگەڕێتەوە خاڵی سفر.