هۆشیار زێباری: عیراق قەیرانی نەبوونی سەرکردەی هەیە

مەودا میدیا-

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد لەئێستادا عیراق خاوەنی هەموو پێداویستییەکانی گەشەسەندنە، بەڵام بەدەست قەیرانی نەبوونی سەرکردایەتییەوە دەناڵێنێت.

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند “بەهۆی چوونی 182 پەرلەمانتاری عیراق بۆ حەج، ئەگەری زۆرە پێکهێنانی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی دوابکەوێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سەقامگیریی ناوچەکە و نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ لایەک، لە ماوەی جەنگی 40 رۆژەی نێوان ئەمەریکا و ئێران، هەرچەندە هێرشەکانی ئێران و میلیشیا عیراقییەکان بۆ سەر هەرێم بێوێنە بوون، بەڵام هەرێم توانی هاوسەنگی رابگرێت و نەبێتە بەشێک لەو جەنگە”.

ئەوەشی خستەڕوو “بەهۆی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر کوەیت، ئیمارات، سعودیە و ئوردن، وڵاتانی کەنداو پێیان وابوو عیراق بووەتە سەرچاوەی ناسەقامگیریی، بۆیە قورسە جارێکی تر ئەو وڵاتانە متمانە بە بەغدا بکەنەوە”.

باسی لەوەشکرد “هێزە نێودەوڵەتییەکان دڵنیاییان پێدان کە لەگەڵیان دەوەستن، بەرگرییان لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و هەرێمەکەمان کرد و تەنانەت قوربانیشیان دا، کە تێیدا دوو سەربازی فەڕەنسی گیانیان لەدەست دا و بەریتانییەکانیش زۆر یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە بەرگری بکەین”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان