ئامانجی سەردانەكەی زەیدی بۆ ئەمەریكا ئاشكرا دەكرێت

مەودا میدیا-
راوێژكارێكی دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت” سەردانەكەی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ واشنتۆن، دەرفەتێكی ستراتیژییە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان عیراق و ئەمەریكا لەسەر بناغەیەكی پتەوتر.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە” لە گفتوگۆكانی نێوان لایەنی عیراقی و ئەمەریكی، تیشك دەخرێتە سەر گۆڕینی دەستپێشخەرییە ئابوورییە گەورەكان، لە پێش هەموویانەوە سندوقی وزە و گەشەپێدانی پێشنیازكراو بۆ بەرنامەی جێبەجێكراو لە چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەیی روون كە ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ژینگەی وەبەرهێنان، هاندانی هاوبەشی درێژخایەن، هەروەها گرنگیدان بە وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی تەكنەلۆژیا”.

وتیشی” دیارترین پرسە ئابوورییەكان لە كارنامەی سەردانەكەی زەیدی بریتین لە پەرەپێدانی هاریكاری لە كەرتی وزە لە رێگەی پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتی و گاز، وەبەرهێنان لە غازی پەیوەندیدار و فراوانكردنی پرۆژەكانی وزەی نوێبووەوە و هەروەها ناساندنی تەكنەلۆژیای سەردەم بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا”.

ئاماژەی بەوەشكرد” جگە لەوانەش گفتوگۆكان باس لە بەهێزكردنی هاوكارییەكان دەكەن لە پرۆژەكانی ژێرخانی ئابووریدا لە رێگەی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی رێگاوبان، پرد، هێڵی ئاسنین، فڕۆكەخانە، بەندەر و شارە پیشەسازییەكان بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان كە بەشدار دەبن لە پاڵپشتیكردنی گەشەپێدانی ئابووری و رەخساندنی هەلی كار”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان