دوای بەرزبوونەوەیەكی دوو رۆژیی جارێكی تر نرخی زێڕ دابەزی

مەودا میدیا-
هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزونزمی زۆری كرد و لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەشدا بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی تۆمار كرد، بەڵام رۆژی هەینی پێش داخستنی بازاڕەكان جارێكی تر نرخەكەی بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزی.

رۆژی پێنجشەممە نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتە 4,107 دۆلار، بەڵام رۆژی هەینی لە كاتی داخستنی بازاڕەكان دابەزی بۆ 4,043 دۆلار و لەو نرخەشدا دەمێنێتەوە تا كردنەوەی بازاڕەكان لە رۆژی دووشەممەدا.

پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” هەرچەندە لەسەر ئاستی مانگانە نرخی زێڕ لە مانگی حەوتدا بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە مانگی پێشووتر، بەڵام دابەزینەكەی رۆژی كۆتایی هەفتەی رابردوو بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی جیهاندا دەگەڕێتەوە”.

وتیشی” لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا بەهۆی ئەوەی كە وەبەرهێنەران و بازرگانان چاوەڕێی بەرزكردنەوەی سوودی بانكییان لەلایەن بانكی ناوەندی ئەمەریكاوە دەكرد، بۆیە بەردەوام نرخی زێڕ روو لە دابەزین بوو، بەڵام لەم مانگەدا كە مانگی پێنجەمە بەهۆی هێشتنەوەی سوودی بانكی وەك خۆی نرخی زێڕ خۆی گرتەوە و بۆ یەكەمجار دوای پێنج مانگ رووی لە بەرزبوونەوە كرد”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە لەم مانگەشدا نرخی زێڕ روو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەكات، چونكە هیچ هیوایەك بۆ زیادكردنی سوودی بانكی لەم نزیكانەدا نەماوە”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان