ئیڤانۆ عەبدوڵڵا
له جیهانی هاوچه‌رخدا، زۆرجار پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵسەنگاندن تێكه‌ڵ ده‌بن. ناوبانگ و داهێنان ده‌كرێنه په‌رده‌یه‌ك بۆ شاردنه‌وه‌ی راستییه تاقه‌تپڕووكێنه‌كانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ، به‌ڵام راستییه‌كی مێژوویی هه‌یه كه ناتوانرێت نادیده بگیرێت: ئه‌گه‌رچی به‌رهه‌م و داهێنانه‌كانی مرۆڤ بگه‌نه ئاستی شاکاری باڵا و بێوێنە، كاتێك له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌ری ره‌وشتی و راسته‌قینه‌ی تاكدا ناهاوتابن، پێگە و ناوبانگی كۆمه‌ڵایه‌تی چەمکێکی پووچەڵ و بێمانان.
كه‌مبوونی هۆشیاریی ئه‌خلاقی و چێژبینین له تێكشكاندنی كه‌رامه‌تی مرۆیی، گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه كه هه‌ڕه‌شه له داهێنه‌ر ده‌كات. مرۆڤێك كه چێژ له ئازاردانی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی وه‌ربگرێت، دواجار رووبه‌ڕووی دۆڕانی مێژوویی ده‌بێته‌وه، چونكه شاكارە مه‌زنه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌ها مرۆییه‌كانن، نه‌ك ناخی تێكشكاو و چه‌په‌ڵ. مێژوو وه‌ك دادوه‌رێكی بێبه‌زه‌یی، ته‌نیا سه‌یری گه‌وره‌یی به‌رهه‌مه‌كان ناكات، به‌ڵكوو رووی ڕاسته‌قینه‌ی خاوه‌نه‌كانیان بێپه‌رده ده‌كات.
لێره‌وه، ئه‌گه‌ر مرۆڤ توانای به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه‌ی به سه‌ره‌تاكانی مرۆڤایه‌تیدا نه‌بێت، لانیکەم پێویسته ره‌حم به چاره‌نووسی مێژوویی و ناوی خۆی بكات. مرۆڤە مه‌زنه‌كان و داهێنه‌ره ره‌سه‌نه‌كان ناتوانن له گۆشه‌گیری و بێده‌ربه‌ستیدا بژین، چونكه ئه‌وان خۆیان به موڵكی گشتی و كۆمه‌ڵگه ده‌زانن. هه‌ر بۆیه، كاتێك تاكێك ئاماده‌یی ئه‌م قوربانیدانه گشتییه‌ی تێدا نییه و كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كان ده‌شكێنێت، ئه‌ركی ئه‌خلاقییه‌تی كه ده‌ستبه‌رداری ناونیشان و پێگه‌كان بێت و پانتاییه‌كه بۆ ئه‌وانه جێبهێڵێت كه شایسته‌ی هه‌ڵگرتنی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه مێژووییه‌ن.
له ده‌رئه‌نجامی ئه‌م تێڕامانه قووڵه‌دا، گەیشتن بەم راستییە پێویستی به جۆرێك له گۆڕانكاریی جه‌وهه‌ری و شۆڕشێکی ناوه‌كی هه‌یه له ده‌روونی تاكدا. ئه‌م پێگەیشتنە فیکرییە وا ده‌كات كه مرۆڤ ناچاربێت چیتر ئه‌و بوونەوەرە سادە و بێده‌ربه‌سته‌ی رابردوو نه‌بێت، ته‌نانه‌ت له‌سەر ئاستی رووبه‌ڕووبوونەوەی خودی خۆشی‌دا. ئه‌مه ئه‌و خاڵی وه‌رچه‌رخانه‌یه كه تێیدا مرۆڤ یان ده‌بێته پاسه‌وانی به‌ها مرۆییه‌كان، یان مێژوو له‌ژێر تیشكی شاکارەکانیدا زەلیلی دەکات.
خ.غ