پوتین ئاماده‌ نییه‌ كۆتایی به‌ شه‌ڕى ئۆكرانیا بهێنێت

مه‌ودا میدیا-

سێ سەرچاوەی نزیک لە كۆشكى کرێملین بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، بانگەوازەکانی دانووستان بۆ ئاشتیی لەگەڵ ئۆکرانیا ره‌تدەکاتەوە.

دوو لەو سەرچاوانە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، پێشنیازیان کردووە کە پێدەچێت پوتین ململانێکان پەرەپێبدات، کە ئێستا لە پێنجەمین ساڵیدایە.

یەکێک لەو سەرچاوانە کە بەردەوام لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە، ئەگەری پەرەسەندنی لە چەند مانگی داهاتوودا بە “زۆر” وەسف کرد.

ئاژانسی رۆیتەرزى ئه‌مه‌ریكى بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوت و بەندەرەکانی رووسیا، ئیرادەی پوتینی بۆ بەردەوامبوون لە شەڕەکان بۆ ئێستا بەهێزترکردووە.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند “پوتین دەیەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و چارەسەرێک نزیکترە لەوەی خەڵک بیری لێدەکەنەوە”.

ترەمپ هەفتەی رابردوو پەیوەنديی تەلەفۆنی جیاوازی لەگەڵ پوتین و هاوتا ئۆکراینییەکەی، ڤللدیمێر زيلينسکی ئەنجامدا و رۆژی چوارشەممەش لە لوتکەی ناتۆ لەگەڵ زێلێنسکی کۆبووەوە، کە سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند “بیرۆکەکانی نزیککردنەوەی ئاشتییان تاوتوێ کردووە”.

سەرۆکی رووسیا لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە ئاشکرا بانگەوازەکەی زێلێنسکی بۆ کۆبوونەوە و ئاگربەست رەتکردەوە.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین، کاتێک پرسیاری لێکرا وتی “روسیا ئامادەیە بۆ چارەسەری ئاشتیانە، بەڵام توانای پێویستیی هەیە بۆ ئەوەی سەربەخۆ مامەڵە بکات و بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خۆی”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان