وەزارەتی دارایی عیراق دەست بە ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2027 دەكات

مەودا میدیا-
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دووپاتی كردەوە كە وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2027 كردووە و هەفتەی داهاتووش یاسای بەخشین و قەرز دەخرێتە بەردەم پەرلەمان.

ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە” لە سەردانی لیژنەكەیان بۆ لای سەرۆك وەزیران لەسەر چەند پرسێك رێككەوتوون، لەوانەش پێشكەشكردنی بودجەی ساڵی 2027″.

وتیشی” لیژنەی دارایی ئەركی دانانی یاسای بەخشین و قەرزكردنی لە ئەستۆ گرتووە و لەگەڵ حكومەتیش رێككەوتن كراوە بۆ پەسەندكردنی، هەفتەی داهاتووش خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە” وەزارەتی دارایی راستەوخۆ بەشدارە لە ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2027 و ستراتیژی بودجەی داڕشتووە، كە لیژنەی دارایی و چەند وەزارەتێك و نوێنەری هەرێمی كوردستان بەشدارن، پێش ئەوەی پێشكەشی لیژنەكە بكرێت”.

باسی لەوەشكردووە” رێككەوتنێك لە نێوان سەرۆكوەزیران و لیژنەی دارایی هەیە كە پێویستە بە خێرایی بودجەكە ئامادە بكرێت و لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی وڵات بە بودجەیەك بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری دارایی، كە ئەم بودجەیە پێویستە نرخی ئاڵوگۆڕ و نرخی هەر بەرمیلێك نەوت و میكانیزمی هەناردەكردن و رێكارەكانی كاركردن دیاری بكات”.

سەبارەت بە رێكخستنەوەی گرێبەستەكانیش، وتوویەتی” لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی گفتوگۆمان لەسەر گرێبەستەكان نەكردووە، بەڵام پێشبینی دەكەن بەهۆی وەستانی هەناردەكردنی نەوت و سەختی دۆخی داراییەوە، حكومەت قووڵ نەبێتەوە بۆ وردەكاری لایەنە داراییەكان”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی روونكردووەتەوە” كە بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەبێت تا 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بودجە بگاتە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی بۆ ساڵی داهاتوو كە دەخوازن تیایدا پرسی پلەبەرزكردنەوە و دەرماڵە لە چوارچێوەی بودجەدا چارەسەر بكرێت”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان