مەودا میدیا-
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی پارتی کرێکارانی کوردستان ئاشکرایکرد کۆتایییان بە تێکۆشانی چەکداری هێنا، بڕیاریانداوە کۆتایی بەو کارانە بهێنن کە لەژێر ناوی پەکەکەدا ئەنجام دەدرێن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە مرۆڤەکان دەبن بە هەڵم.
دوران کاڵکان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پەکەکە رایگەیاند “هەموو شتێک بە شەڕ چارەسەر نابێت، شەڕ پرسەکان ئاشكرا دەکات و سیاسەت چارەسەری دەکات، ئێستا هەم کاتی چارەسەریی و هەم کاتی سیاسەت هاتووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “مسۆگەرکردنی بوون و ئازادیی کورد، بە دیموکراسیی تورکیا و ناوچەکەوە تێدەپەڕێت، هەوڵەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دینامیکەکانی کورددا هەیە، ئەمە پرۆسەیەکە کە سیاسەتی کوردی لە تورکیا لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک جێگیر دەکات”.
ئەوەشی خستەڕوو “تائێستا بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و زیندانییانی تری سیاسی جێبەجێ نەکراوە، پێویستە سیستمی ترس لەلای دەسەڵاتداران بشکێنرێت”.
باسی لەوەشکرد ” ئەگەر سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دەرەوە بێت، رۆڵێکی باش دەگێڕێت، کەسێکی زۆر بەئەزموونە و ئەمە بە گرنگ دەزانن، سیاسییەکانی پێشووش کە لە ئەوروپان دەتوانن هاوکاریی پرۆسەکە بکەن”.
ب ح