مەودا میدیا-
دوای ماوەیەكی زۆر لە دەستپێكردن و راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی (چارەسەری) لە توركیا لە نێوان حكومەتی ئەو وڵاتە و پەكەكە، دواجار رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا یاسای تایبەت بە پرۆسەكەی واژۆ كرد و لە رۆژنامەی رەسمی وڵاتەكەدا بڵاوكرایەوە.
دوای واژۆكردنەكەش سەرۆكی توركیا رایگەیاند” یاساكە بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسندكراوە و ئێستاش چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە كە ئامانج لێی بەهێزكردنی پشتیوانیی نیشتمانی و یەكگرتوویی كۆمەڵایەتییە”.
لە راگەیەنراوێكیشدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هەژماری خۆی بڵاویكردووەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆگان دەڵێت” لەپێناوی خۆشگوزەرانی و سەلامەتی وڵاتەكەمان و داهاتوویەكی ئارام ئەو پرۆسەیەمان ئەنجامداو و سوپاسی ئەو پارت و گرووپە سیاسییانەش دەكەین كە هاوكارمان بوون لە سەرخستنیدا بە تایبەت سەرۆكی مەهەپە، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و گرووپی ئاكپارتی”.
یاساكە چوارچێوەیەكی یاسایی دادەنێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەندامانی رێكخراوی پەكەكە/كەجەكە ئەویش دوای ئەوەی رێكخراوەكە بە رەسمی كۆتایی بە پرۆسەی چەكدانان و چالاكییەكانی دەهێنێت.
گرنگترین خاڵەكانی یاساكە دەڵێت” سزای ئەو كەسانەی پێشتر حوكم دراون یان لێكۆڵینەوە و دادگاییكردن لە دۆسیەی ئەو ئەندامانەی تاوانیان ئەنجامداوە بۆ ماوەی 5 بۆ 10 ساڵ دوادەخرێت، بە مەرجێك تاوانی كوشتنی بەئەنقەست و هەندێك تاوانی قورسیان ئەنجام نەدابێت، ئەگەر لەو ماوەیەشدا تاونێكی تر ئەنجام بدات، ئەوا بڕیاری دواخستنەكە هەڵدەوەشێتەوە و سزا دەدرێت، بەڵام ئەگەر هیچ تاوانێك نەكات، ئەوا دۆسیەكەی دادەخرێت”.
یاساكە لە ژمارە 33344 ی رۆژی 10ی ئابی 2026ی رۆژنامەی وەقایعی توركیا كە لە وڵاتەكەدا بە “غەزەتە” ناسراوە، بڵاوكراوەتەوە.
ئ پ