مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد بە وتەی بەرپرسانی هەرێم، حکومەتی عەلی زەیدی و کابینەکەی پشتیوان و هەماهەنگ و دۆستی هەرێمی کوردستانن، بەڵام ئەگەر ئەوە راستە، ئەوا رەشنووسی بودجەی 2027 پرسیارێکی گەورە دروست دەکات کە ئەمە چ جۆرە پشتیوانی و هەماهەنگییەکە.
کاوە شێخ عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “ئەگەر رەشنووسی بودجە بە هەمانشێوە بمێنێتەوە، پشکی هەرێم لە خەرجییە گشتییەکان 6.1٪ بێت، بڕی ساڵانەکە نزیکەی (1303 ترلیۆن دینار) بێت، هەرێم رۆژانە (400 هەزار بەرمیل نەوت) بدات، تەنها (499 ملیار دینار) بۆ وەبەرهێنان دابین بکرێت، لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە داواکارییەکانی هەرێم جێبەجێ نەکرێن، پێویستی بە هەڵوێستە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەم بودجەیە تەنها بۆ ساڵی 2027نییە، دەکرێتە بنەمایەک بۆ ساڵانی داهاتوو، بۆیە نابێت بە بێدەنگی و بۆڵەبۆڵ تێپەڕێت، تا پێش پەسەندکردنی بودجە، ئەگەر داواکارییەکانی هەرێم چاک نەکرانەوە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عیراق نابێت بە جیاوازیی مامەڵە بکەن، ناکرێت هەر یەکە بڵێت (من وتم) یان (ئەوی تر نەیکرد) چونکە ئەنجامەکە لە کۆتاییدا بەسەر هاوڵاتییانی هەرێمدا دەشکێتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “وەزیرە کوردەکان لە پەرلەمانی عیراق نابێت ئەم بابەتە بە کێشەیەکی ئاسایی سەیر بکەن، ئەگەر مافە دارایییەکانی هەرێم لە پڕۆژەی بودجەدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێگیر نەکرابن، پێویستە وەزیرە کوردەکانیش هەڵوێستێکی یەکگرتوو و روونیان هەبێت و بەبێ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکان، بە ئاسایی بەردەوامی بە پرۆسەکە نەدەن”.
باسی لەوەشکرد “پێویستە پەرلەمانتارەکان لە پەرلەمان، و وەزیرەکان لە ئەنجومەنی وەزیران، هەردوو لایان دەبێت لەپێناو هاوڵاتییان یەک دەنگ بن، تا ئاستی بایکۆتکردن، چونکە ئەگەر رەشنووسی بودجە بەبێ هەڵوێستێکی تووند لە ئەنجومەنی وەزیران تێپەڕێت و دواتریش بە زۆرینە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، ئەوا بەڵێنی پشتیوانی و هەماهەنگی هیچ مانایەکی بۆ مافەکانی هەرێم نابێت”.
ب ح