مەودا میدیا-
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد مووچە و مینحەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ دۆخی بازاڕ ناگونجێت، لە کاتی هاوتاکردنی مووچەی شەهیدانی سەنگەر و جینۆساید لەگەڵ عیراق بۆ ملیۆنێک و 200 هەزار زیاد دەکات.
عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “بەپێی ژمارە (11)ی ساڵی 2011 دەبوو زیندانیانی سیاسی پێس 11 ساڵ مینحەیان بۆ دابینبکرێت کە ژمارەیان زیاتر لە 26 هەزار زیندانییە، بەڵام ئەوانەی مینحەیان هەیە ژمارەیان (پێنج هەزار و 250 زیندانییە) و لەکاتی هاوتاکردنی مووچەکانیان ئەوانەی 10 ساڵە مینحەیان هەیە 10 ساڵەکەیان لێ کەمدەکرێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “شاندێکی دەزگای زیندانیانی سیاسی عیراق هاتوونەتە هەرێم و بەپێی رەزامەندیی حکومەتی هەرێم دۆسییەی زیندانیانی سیاسیی بۆ سەر دەزگای زیندانیانی سیاسیی عیراق دەگوازرێتەوە، هەروەها لە عیراق تەنها یەک جۆر شەهید و یەک مینحە و مووچە بوونی هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان جیاوازە و پۆلێنکردنی جۆراوجۆر وەک (شەهیدی سەنگەر، شەهیدی جینۆساید و شەهیدی هاوڵاتیی) هەیە”.
ئەوەشی خستەڕوو “بە هەوڵی وەزارەتەکەیان مووچەی شەهیدانی جینۆساید و سەنگەر هاوتای شەهیدانی عیراق دەکرێت و مووچەکەیان بۆ (ملیۆنێک و 200 هەزار دینار) بەرزدەبێتەوە، هەروەها مووچەی شەهیدی هاوڵاتیش کە پێشتر (250 هەزار دینار بوو بۆ (600 هەزار دینار) زیاد دەکرێت”.
ب ح