دەزگای ئاسایش چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا-

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، سەروماڵی هاوڵاتییان و گیانی رۆژنامەنووسان پێویستە راگەیاندنەکان لەکاتی رووماڵی رووداوەکان رەچاوی ئەم رێنماییانە بکەن.

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند “بەهیچ جۆرێک تیمی میدیایی دەزگاکانی راگەیاندن لە کاتی رووداوە ئەمنییەکاندا بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەزگاى ئاسایش لە شوێنی رووداوەکان نزیک نەبنەوە و لە نزیکەوە ڤیدیۆی شوێنەکان بڵاونەکەنەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پەیامنێر و دەزگاکانی راگەیاندن لەکاتی گواستنەوەی زانیارییەکاندا لەسەر رووداوەکان پێش دەزگا ئەمنییەکان نەکەون، تەنها ئەو زانیارییانە بڵاوبکەنەوە کە لە سەرچاوەی رەسمییەوە لە دەزگا ئەمنییەکان دەستیاندەکەوێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “پێویستە رۆژنامەنووسان پەلەنەکەن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی کە بۆردوومانکراوە، تا ئەو کاتەی لەلایەن لایەنە ئەمنییەکانەوە زانیاریی رەسمیی بڵاودەکرێتەوە”.

باسی لەوەشکرد “دەزگاکانی راگەیاندن خۆیان بە دووربگرن لەو جۆرە هەواڵانەی کە ناراستن و ترس و دڵەراوکێی لەناو بازاڕ و هاوڵاتییاندا دروستدەکەن، هەروەها خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریی و هەواڵانە بپارێزن کە لە میدیا بیانییەکانەوە بڵاوبووەتەوە و حاڵەتی پڕوپاگەندەیان هەیە، دژە بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان”.

وتیشی “هەرێمی کوردستان لەم جەنگ و ئاڵۆزییەدا بێ لایەنە و نابێتە بەشێک لەم جەنگە، بۆیە لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و راپۆرت و زانیارییەک کە ناکۆکە لەگەڵ ئەم بێلایەنییە خۆیان بپارێزن”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان