مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا-

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یادی 22هەمین ساڵیادی كارەساتی تەقینەوەكانی یەكی شوبات لە مەڵبەندی سێی یەكێتی و لقی دووی پارتی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند ” تیرۆرستان بەم كردەوانەیان دەریانخست ئەوان نەک هەر دوژمنی مرۆڤایەتی و دیموكراسی و ئازادین، بەڵكو دژی گشت بەهایەكی كۆمەڵایەتی و ئاینییشن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەم رۆژانەدا كە ئەم یادە پڕ سوێیە دەكەنەوە جارێكی تر گەلەمان رووبەڕووی مەترسی تیرۆر و هەڕەشەی سڕینەوە بووەتەوە كە رۆژئاوای كوردستان بووەتە ناوەندی ئەم بەرەنگارییە رەوایە و گەلەكەمان لە سەرتاسەری كورستان و تاراوگە پشتیوانی خۆڕاگری رەوای براكانی دەكات”.

دەقی راگەیەندراوەکەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی:

لەیادی بیست و دووەمین ساڵڕۆژی كارەساتی تەقینەوەكانی یەكی شوبات لە مەڵبەندی سێی ڕێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كە تێدا پۆلێك سەركردە و كادرو لایەنگری هەردوو حزب و ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، تیرۆریستان بەم كردەوانەیان دەریانخست ئەوان نەك هەر دوژمنی مرۆڤایەتی و دیموكراسی و ئازادین، بەڵكو دژی گشت بەهایەكی كۆمەڵایەتی و ئاینییشن، چونكە ئەو رۆژەی تیرۆرستان تاوانەكانیان تێیدا ئەنجامدا یەكەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، بەڵام لەچەند ساتێكدا گشت خۆشی و شادییەكیان خەڵتانی خوێن كرد و شاری هەولێریان تازێ بار كرد.

لەم رۆژانەدا كە ئەم یادە پڕ سوێیە دەكەینەوە جارێكی تر گەلەمان ڕووبەڕوی مەترسی تیرۆر و هەڕەشەی سڕینەوە بۆتەوە كە ڕۆژئاوای كوردستان بۆتە ناوەندی ئەم بەرەنگارییە رەوایە و گەلەكەمان لە سەرتاسەری كورستان و تاراوگە پشتیوانی خۆڕاگری رەوای براكانی دەكات و جۆرێك لەیەك ڕیزیی میللی و نیشتمانییان دروست كردووە ، واپێویست دەكات هێزە سیاسیەكانی كوردستان بەدەنگ پەرۆشی و داخوازی یەكڕیزی گەلەكەمانەوە بێن بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەكان و پتەوكردنی گیانی دەربەستی و یەكێتیی نەتەوەیی.

درود بۆ ڕۆحی شەهیدانی یەكی شوبات و گشت شەهیدانی كوردستان

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان