پرژە زاهیر جەلال
شەڕی میدیایی، بڵاوکردنەوەی رق و گەشاندنەوەی ئاگری شارچێتی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، بەدەم خواردنەوەی چایەكی سلێمانی و قاپێك ماستی هەولێرییان یەکێکە لە مەترسیدارترین ئەو نەخۆشییە کۆمەڵایەتی و دەروونی و فکرییانەی کە پاشەکشە بە سەربەخۆیی و هۆشیاریی نەتەوەییمان دەهێنێت. لە سەردەمێکداین کە دەبێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگا میدیاییەکان ببن بە ئامرازی لێک نزیکبوونەوە و هۆشیارکردنەوە و پیشاندانی وێنەی تەبایی كورد، کەچی بە پێچەوانەوە دەبینین بەشێک لە خەڵک و راگەیاندنەکان کردوویانە بە سەکۆیەك بۆ پارچەپارچەکردنی تاکی کورد و جیاکردنەوەی شار لە شار و ناوچە لە ناوچە، ئەمانە لەپێش چاوی نەیارانی كورددا واپیشان دەدەن كە كورد نەك یەك ماڵ نییە، بەڵكوو هەر ماڵی نییە و بێ خاوەنە.
ئەو کەسانەی دەکەونە ناو ئەم یاری و زۆنگاوی رق و شارچێتییەوە، بەبێ ئەوەی هەستی پێبكەن، یاخود بە تەواوی هەستی پێدەكەن و بە مەبەست خزمەت بە زیان لێکەوتنی ناوماڵی کورد دەكەن. جۆرێكیش نواندن دەكەن كە گوایا زۆر تامەزرۆی سەربەخۆیی و بنیاتنانی دەوڵەتی كوردین، لە كاتێكدا كە هەر خۆیان بە ئاشكرا ئیش بۆ لەناوبردنی دەكەن، ناوچەگەری و حەزی شارچێتی لە ژێر یەك ئاڵادا، نیشانەی کورت بینی فکری و دوورکەوتنەوەیە لە بەها ئەخلاقی و نەتەوەییەکان.
سەیرەکە لەوەدایە کە ئێمە هەموومان بەبێ جیاوازی لە هەر شار، شارۆچکە، گوند یان پارچەیەکی ئەم خاکە بین خاوەنی یەک مێژوو، یەک ئازار و یەک چارەنووس و یەك زمانین، دوژمنان و نەيارانی ئەم نەتەوەیە کاتێک سنووربەزێنی دەکەن یان پێ لە مافەکانمان دەنێن، جیاوازیی لەنێوان هیچ زاراوە و شارێکماندا ناکەن لەلای ئەوان ئێمە لە هەر شارێك یان وڵاتێك بین تەنیا «کوردین» ئەوەش بەسە بۆ ئەوان، کەچی لە ناوخۆدا، هەندێک كەم و کورت هەوڵدەدەن دیوار لە نێوان یەک رەگەز و یەک نەتەوەدا هەڵبچنن، بۆ درووستكردنی لەنگی و رێخۆشكردن بۆ زەفەری دەستی دوژمنان.
گوفتار و بۆچوونی لەم جۆرە نە شایستەی مێژووی ئێمەیە و نە جێگەی لە فکری رۆشنبیری کوردیدا دەبێتەوە. ئەو جۆرە دیدگایە بێگومان دیدگایەکی «کورتە»، چونکە ناتوانێت لە سنووری ناوچەیەک یان بەرژەوەندییەکی بچووک و كەسی زیاتر ببینێت و ناکوردانەیە، چونکە رەسەنایەتی و کولتووری کورد هەمیشە لەسەر بنەمای یەكڕیزی و تەبایی و دۆستایەتی و بەخشندەیی وەستاوە.
پێویستە سەنگ و سەنگینی بگێڕینەوە بۆ ئاخاوتن و نووسینەکانمان، لە شەڕی میدیایی دوور بکەوینەوە و رێگە نەدەین رق و شارچێتیی كەسانی نەخۆش بیرکردنەوە و كوردایەتیمان ناشرین بكەن، چونکە هەموومان لە یەک سەرچاوەوە هاتووین و بەرەو یەک ئامانج هەنگاو دەنێین، کوردایەتیمان زۆر لەوە مەزنترە لەناو شەڕە بەتاڵەكاندا کورت بكرێتەوە، كارەساتە تاكە ئامانجی راگەیاندنێك لێدان بێت لە خاكمان و كوردایەتیمان، كەچی بەرزترین باڵەخانە بۆ یادی دەوڵەتی دوژمن سوور بكەن، سوور وەك دەستەكانیان بە خوێنی كورد.
خ.غ