مهودا میدیا-
بەیاننامەیەک له لایهن موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە تاران پێشبینیی ناکات ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمهریکا ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە روانگەی واشنتۆن بەرانبەر ئێران، ئەمەش دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە سەرهەڵدانی دوژمنایەتییەکانی نێوان دوو وڵات.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی دانوستانکاری ئێران، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بە رەنگدانەوەی رەتکردنەوەی شەڕی گەلی ئەمهریکا لە دژی وڵاتەکەی زانی.
پێشنیاری کرد کە “بەرزی تێچووی ژیان یان رەچاوکردنی ئەخلاقی و ویژدانی لەوانەیە لەو هۆکارانە بووبێت کە وایکردووە دەنگدەران بە ئاستێکی بەرفراوان سزای کۆمارییەکان بدەن.
روسیا
لە مۆسکۆ، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین هیوای خۆی دەربڕی کە ترهمپ بتوانێت بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتیی سەرەڕای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
ترەمپ بەدرێژایی ساڵ فشارێکی بەرچاوی خستە سەر ڤلادیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ئەوەی پاڵ بەوەوە بنێت بۆ قبوڵکردنی رێککەوتنێکی ئاشتیی کە زۆر کەس پێیان وایە سوودێکی زۆری بۆ مۆسکۆ دەبێت.
پێدەچێت رێککەوتنەکە پێویست بکات کیێڤ رێگە بە روسیا بدات کۆنترۆڵی بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا بپارێزێت کە لە ماوەی شەڕی نزیکەی چوار ساڵەدا دەستی بەسەردا گرتبوو.
لای خۆیەوە، سێرگی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ دیموکراتەکانی ئەمهریکا لە مێژە ئاڵۆز بووە.
ناوبراو وتی “رێبازی بنچینەیی پارتی دیموکرات لە پێوەندیی لەگەڵ روسیا لە رادەبەدەر نەرێنییە”.
سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمهریکا هیچ کاردانەوەیەکی دەستبەجێ لەلایەن حکومەتی ئۆکراینەوە نەبوو.
ئیسپانیا
پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، رەخنەگرێکی پێشەنگی ئەوروپایی لە شەڕی دژی ئێران و سیاسەتەکانی دیکەی ئیدارەی ترەمپ، پێشوازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمهریکا کرد.
سانچێز لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاندووە کە ئەمهریکییەکان دەنگیان بە دژی ئەو سیاسەتانە داوە کە تەنها خەڵک هەژار دەکەن، دژی رق و کینە دەنگیان داوە.
سانچێز کە خۆی ئامادە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەنگدەرانی ئیسپانیا لە هەڵبژاردنەکاندا کە بڕیارە 29ى ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، پێی وایە ئەنجامەکانی ئەمهریکا بەڵگەی زیاترە لەسەر دابەزینی پۆپۆلیزمی راستڕەو لەسەر ئاستی جیهانی.
ناوبراو باوەڕی خۆی دەربڕی کە ئیسپانیا گۆڕانکارییەکی سیاسیی هاوشێوەی بەسەردا دێت و ئاماژەی بەوەشکرد “لە بەرازیل روویدا، لە ئەمهریکا ڕوویدا، بەم زووانەش لە ئیسپانیا روودەدات”.
یەکێتی ئەوروپا
کاجا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا هیوای دەربڕی کە کۆنترۆڵی دیموکراتەکان بۆ هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمهریکا ببێتە هۆی زیادبوونی پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا و بەرزبوونەوەی فشارەکان بۆ سەر روسیا.
لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، کریستێل چالدێمۆز، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمهریکای بە “سەرسوڕهێنەر” وەسف کرد و روونیکردەوە کە گرنگییان لەوەدا نییە کە هەموو شتێک بۆ باشتر دەگۆڕن، بەڵکو لە ئەگەری ئەوەدایە کە بەشداریی بکەن لە زیادکردنی پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا.
جەختیشی لەوە کردەوە کە یەکێتی ئەوروپا دەبێت بەردەوام بێت لەسەر رێگای خۆی بەرەو بەهێزکردنی دەسەڵات و سەربەخۆیی و پشتبەستن بەخۆی.
ع