مەودا میدیا-
بەپێی راگەیەنراوێكی قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان، بە مەبەستی زیاتر سەوزكردنی قەزاكە، بڕیادراوە شەش پرۆژەی گرنگ لە سنورەكە جێبەجێ بكرێت.
لە راگەیەنراوەكەی قایمقامیەتی دەربەندیخاندا هاتووە “ئامانج محەمەد، قایمقامی قەزاكە بە دوو نووسراوی رەسمیی داواكاریی سەوزكردنی ناوچە گەشتیارییەكانی گەڕەكی سیروان و هەروەها ناو سنووری شارەوانی دەربەندیخانی پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی كردووە و ئەوانیش رەزامەندییان لەسەر جێبەجێكردنی دەربڕیوە”.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە “ئەو هەنگاوە شەش پرۆژەی گرنگی سەوزكردن و ژینگەیی لەخۆ دەگرێت و بە شێوازێكی نوێ و مۆدێرن جێبەجێ دەكرێن جگە لە رواندنی دار و سەوزكردن، سیستەمی ئاودانیش لەخۆ دەگرێت”.
راگەیەنراوەكە دەشڵێت “بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی سەردانی دەربەندیخان بكات و پاڵپشتی زیاتری ئەو پلان و پرۆژانە بكات كە بە مەبەستی بوژاندنەوە و پەرەپێدانی قەزاكە جێبەجێ دەكرێن”.
ئ پ