بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوە

مەودا میدیا-
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بۆنەی رۆژی شەهیدی یەكێتییەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت “بەڵێن دەدەین خەبات بكەین بۆ دادپەروەری، ژیانێكی شایستە و بنیادنانی داهاتوویەكی گەشتر بۆ گەلەكەمان”.

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتی:
ئەمڕۆ بە شانازی و سەربەرزییەكی زۆرەوە یادی رۆژی شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەینەوە و لەبەردەم كێلی بەرزی نەمریاندا، وەفاداری و پابەندبوونمان بە رێبازەكەیانەوە دووپات دەكەینەوە.

بستێك لە خاكی كوردستان و هیچ شاخ و دەشتێك نییە رۆڵەكانی یەكێتی قوربانییان بۆ نەدابێت. یەكێتی هێزێكە كە لە سەختترین رۆژگارەكاندا لە ناو كوردستاندا مەشخەڵی خەباتی بە هەڵكراوی هێشتەوە و لە سەنگەری بەرگری و فیداكاریدا مایەوە.

لەبەردەم گەورەیی شەهیدانمان و كەسوكارە سەربەرزەكانیاندا بەڵێن دەدەین، چۆن دوێنێ بە خوێن بەرگریمان كرد، ئەمڕۆش بە خەبات بۆ دادپەروەری، ژیانێكی شایستە و بنیادنانی داهاتوویەكی گەشتر خزمەتی گەلەكەمان دەكەین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان